ئاوازدانه‌ری ناسراوی كورد هه‌ڵكه‌وت زاهیر بۆ یه‌كه‌م جار له پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تى ئینستاگرام ئاشكرای كرد كه یه‌كه‌م ئاوازی هونه‌ری بۆ خانمه گۆرانیبێژی ناوداری كورد تارا ڕه‌سووڵ داناوه.
هه‌ڵكه‌وت زاهیر له‌سه‌ر نوێترین وێنه‌ی خۆی و هونه‌رمه‌ند تارا ده‌ڵێت" زۆر پرسیارم لێ ده‌كه‌ن كێ یه‌كه‌م خانمه هونه‌رمه‌نده كه ئاوازم بۆ دانابێ، بۆیه ئاشكراى ده‌كه‌م كه هونه‌رمه‌ند تارا ڕه‌سووڵه كه له ساڵی 1993 وه‌ك سه‌ره‌تاى كاره هونه‌رییه‌كانم ده‌ستم پێ كرد".
هه‌ڵكه‌وت زاهیر، ئاوازدانه‌ری كورده، خه‌ڵكی شاری سلێمانییه و خاوه‌نی سه‌تان ئاوازی گۆرانییه و زۆربه‌یان له‌لایه‌ن خانمه هونه‌رمه‌نده كورد و عه‌ره‌به‌كانه‌وه گوتراون.
پێشووتر به‌ڕێوبه‌ری كه‌ناڵه‌كانی كۆڕه‌ك تیڤی و كه‌ناڵ چوار بووه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی زیاتر له چه‌ند ساڵێك ڕاوێژكاری هونه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه.
هه‌ڵكه‌وت زاهیر بۆ یه‌كه‌مجار پێش چه‌ند ساڵێك وه‌ك تاكه ئاوازدانه‌ری كورد له فێستیڤاڵێكی موزیكی جیهانی كه له توركیا ئه‌نجام درا، خه‌ڵاتی باشترین ئاوازدانه‌ری ساڵی له‌سه‌ر ئاستی دنیا پێ به‌خشراوه، له‌وێشدا كه به پێی ڕێسای فێستیڤاڵه‌كه ئه‌لبوومێكی بۆ به‌رهه‌م دێنن، زاهیر ئه‌لبوومێكی ئاینی پێشكه‌ش كرد، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی هه‌ڵكه‌وت زاهیر ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی لێ كه‌وته‌وه.