فڕۆكە سەربازییەكانی توركیا هەشت هاووڵاتی لە عەفرین شەهید دەكەن

:: PM:07:41:21/01/2018 ‌

لە ئەنجامی بەردەوامیی بۆردمانی ئاسمانی فڕۆكە سەربازییەكانی توركیا بۆسەر شاری عەفرین و دەورووبەری لە باكوری سووریا كە دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی پەیەدەوە، هەشت هاووڵاتی شەهید دەبن. 

برووسك حەسەكە، گوتەبێژی فەرمیی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەو بارەوە رای گەیاند كە فڕۆكە سەربازییەكانی توركیا كوشتارگەیەكیان بۆ هاووڵاتییان لە گوندی "جلبرە" ناوەتەوە و تیایدا هەشت هاووڵاتی لە بۆردومانێكی مووشەكیدا شەهید بوون كە خانووێكیان كردە ئامانج.

لای خۆیەوە روانگەی مافی مرۆڤی سووریا هەواڵەكەی پشتراست كردەوە بەوەی فڕۆكە سەربازییەكانی توركیا ئەو گوندەیان كردووەتە ئامانج و كوشتارگەیەكیان لە ریزی هاووڵاتییان ناوەتەوە و هەشت كەسیان شەهید كردووە كە یەكێكیان منداڵە.

هەروەها روانگەكە شەهیدبوونی سێ هاووڵاتی تری تۆمار كرد و بەوەیش ژمارەی قوربانیانی بۆردومانەكانی توركیا لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو گەیشتووەتە 18 كەس بەلایەنی كەم.

لای خۆیەوە میسر كردە سەربازیەكی توركیای لەناو خاكی سووریا رەت كردەوە بەوەی پێشێلكارییە بۆ سەروەری ئەو وڵاتە و كەمكردنەوەی ئەگەرەكانی سەرخستنی هەوڵە سیاسییەكانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو وڵاتە و زیانیش بە هەوڵەكانی نەهێشتنی تیرۆر لە سووریا دەگەیەنێت.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی میسر ئەو كردە سەربازییەی توركیا دەبێتە مایەی قووڵكردنەوەی نەهامەتییەكانی گەلی سووریا.

بناڵی یەڵدریم سەرۆك وەزیرانی توركیا مەبەستی كردە سەربازییەكەی عەفرینی روون كردەوە بەوەی لە دوای دوو رۆژ لە بۆردومانی ئاسمانی و زەوینی توند بۆ پێگەی سەربازییەكانی پەیەدە، ئەوان دەستیان بە هێرشی زەوینی كردووە و كردەكەیش چوار قۆناغ دەگرێتەوە و لە كۆتاییشدا ناچەیەكی دابڕاو لەسەر سنوورەكانی توركیا بە قووڵایی 30 كیلۆمەتر دروست دەكەن.

سەرچاوە: سكای نیووز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل