ئەمەریكا هەوڵی پەسندكردنی وادەی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەدات

:: PM:09:11:21/01/2018 ‌

رۆژنامەی "مەدا"ی عێراقی ئاماژە دەكات كە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا لە گفتوگۆیەكی چڕدایە لەگەڵ هێزەكانی سوننە و شیعە بەمەبەستی نزیككردنەوەی بۆچوونەكانیان بۆ پەسندكردنی ئەو وادەی حكوومەتی عێراق بۆ هەڵبژاردنەكانی دیاری كردووە لە نزیكترین دانیشتنی پەرلەماندا.

بەپێی رۆژنامەكە پێوەندیكردنێكی فرەوان هەیە كە پارێزگارەكانی پارێزگا سوننە ئازادكراوەكانی لەداعشیشی گرتووەتەوە كە بەپێی زانیارییەكان ئەوان بە ئەمەریكایان راگەیاندووە كە ئامادەن هەڵبژاردنەكان لە وادەی دیاریكراودا ئەنجام بدەن، ئەوەیش ئاماژەیە بۆ چارەسەربوونی تەنگژەكە بەمنزیكانە. 

لەم بارەوە سەركردەیەكی سوننە ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا هاتووتە نێوانی یەكێتی هێزە عێراقییەكان (سوننە) و هاوپەیمانی نیشتیمانیی (شیعە)، بەمەبەستی لیكنزیككردنەوەی بۆچوونەكانیان لەو بارەوە. 

ئەو سەركردە دووپاتی كردەوە كە هەروەها گفتوگۆكان پارێزگارانی پارێزگا سوننە ئازادكراوەكانی لە داعشیش گرتووەتەوە كە ئەوان رازی بوونە بەوەی هەڵبژاردن لەو وادەی بۆی دیاریكراوە ئەنجام بدرێت لەوانە محەمەد حەلبووسی، پارێزگاری ئەنبار كە دووپاتی كردەوە پارێزگاكەی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و دواخستنی هەڵبژاردن مەترسیدارە و لێدانە لە دەستوور.

بڕیارە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە 12ی ئایاری داهاتوو بێتە سازكردن، بەڵام ئەو وادەیە بەتایبەتی لەلایەن سوننە مشتومڕی زۆری لەسەرە بەو پێیەی زۆرینەی سوننە تا ئێستە ئاوارەن و ناوچەكانیان ئاوەدان نەكراوەتەوە، كە ئەوەیش كار دەكاتە سەر دەنگدان و بەشداری جەماوەری سوننە لەو هەڵبژاردنانە، هاوكات شیعە سوورن لەسەر ئەنجامدانی بەو پێیەی دواخستنی وڵات دەخاتە ناو بۆشاییەكی دەستوورییەوە، ئەمڕۆیش دادگەی باڵای فیدراڵ بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی لە وادەی دیاریكراو دا لە 12ی ئایاری داهاتوو.

سەرچاوە: بەغداد تودەی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل