شەڕ لە عەفرین بەردەوامە..شەڕڤانان پێنج تانكی توركیایان تێكشكاندووە

:: AM:08:35:22/01/2018 ‌
شەڕ و پێكدادانەكان لە عەفرین بەردەوامییان هەیە و وڵاتان بە قسە و لێدوان نیگەرانی و پشتیوانی دەردەبڕن و تەنیا میسر بە فەرمی دژایەتی خۆی بۆ هێرشەكە دەربڕیوە، بەگوێرەی دوائاماری قوربانییەكانیش كە هێزەكانی یەپەگە بڵاویان كردووەتەوە، پێنج تانكی توركیا تێكشكێنراون و چەند سەربازێكی توركیاش هاتوونەتە كوشتن.

یەكینەكانی پاراستنی گەل لە ڕاگەیەنراوێكدا بەرەنجامی شەڕ و پێكدادانەكانی دوێنێ یەكشەمی ڕاگەیاند و بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەكەیش هێزەكانی یەپەگە بە توندی ڕووبەڕووی لەشكركێشییەكەی توركیا بوونەتەوە، دوێنێ توانیویانە پێنج تانكی توركیا تێكبشكێنن و سێ سەربازی توركیشیان كوشتووە.

لەبارەی قوربانییەكانی تر لە عەفرین، میدیاكان ئاماژە بەوە دەكەن، لە ئەنجامی بۆردمانی فڕۆكەكان شەش كەس كوژراون و 13ی تریش بریندارن، سێ لە بریندارەكان دۆخی تەندروستییان ناجێگیر و سەختە، سەرجەمیشیان خەڵكی سڤیلی شارەكەن.

لەلایەكی ترەوە سوپای توركیا ئاشكرای كرد، فڕۆكە جەنگییەكان توانیویانە 72 بۆردمان ئەنجام بدەن و 108 جاریش بەسەر عەفرین سووڕاونەتەوە و دەیان ئامانجی هێزەكانی یەپەگەیان پێكاوە.

پێشتر بیناڵی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا ئاشكرای كرد، پرۆسەی سەربازی "چڵە زەیتوون" ئامانجییەتی بە قووڵایی 30 كیلۆمەتر بچێتە ناو خاكی سووریا و ناوچەیەكی ئارام و دابڕێنراو لەو سنوورە دروست بكات.

میدیاكان دووپات لەوە دەكەنەوە، توركیا لەو هەڵمەتە سەربازییەی دەیەوێ پێگەی خۆی لە سووریا بەرانبەر بە پێگەی ئێران بەهێز بكات و بوونی سەربازی خۆیشی لە وڵاتەكە پشتئەستوورتر بكات، چونكە مانەوەی گرووپە چەكدارەكان لە ئیدلب بێ گەیشتنی پشتیوانی توركیا ئەستەمە و ئەسەد و ئێران دەتوانن بە تەواوی دەست بەسەر ئیدلب بگرنەوە.

هاوكات خستنەدەرەوەی كێشەكانی ناوخۆ لەلایەن توركیاوە و نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردن، ئەمە وەك مانۆڕێكی هەڵبژاردن و كۆكردنەوەی دەنگ و ڕاكێشانی هەستی خەڵك لێكدەدرێتەوە، لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدانی حاكمی وڵاتەكە.

ڕووسیا لە ئەنجامی ڕێككەوتن لەگەڵ توركیا هێزەكانی خۆی لە عەفرین كشاندووەتەوە و ئەمەریكایش تەنیا نیگەرانی لە هێرشكردنە سەر عەفرین دەردەبڕێ و بەهیچ شێوەیەك دژایەتی ناكەن، هەریەك لە بەریتانیا و ئەڵمانیا پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتەكەی توركیا بە ئامانجی دابین كردنی ئارامی تەواو بۆ ئاسایشی سنوورەكانی باشووری وڵاتەكە دەربڕی، فڕەنسا و ئێرانیش داوای وەستاندنی هێرشەكان دەكەن، هاوكات پاریس داوای كرد، ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر ئەو پرسە كۆ ببێتەوە.

ڕۆژی هەینی 19ی كانوونی دووەم/یەنایەر دوای كۆكردنەوەی هێزێكی زۆر له پارێزگای هاتای وڵاتی توركیا كە هاوسنوورە لەگەڵ شاری عەفرین، تۆپخانەكانی توركیا بەچڕی دەستیان بە بۆردمانی شاری عەفرین و گوند و ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە كرد، ئەمەیش دوای ئەوە دێ ڕووسیا نەرمی نواندووە و ئەمەریكایش تەنیا بە لێدوان و قسەی نیگەرانی خۆی لە ئەنجامدانی هێرش كردنە سەر عەفرین ڕاگەیاندووە، بەوهۆیەوە لە ڕۆژی شەموو 20 كانوونی دووەم/یەنایەر فڕۆكەكانی توركیا بە چڕی دەستیان بە بۆردمانی ئاسمانی شارەكە كردووە و هێزەكانی یەپەگەیش دووپات لەوە دەكەنەوە، كە بەرگری لە شارەكە دەكەن و هەرگیز بۆ توركیا چۆڵی ناكەن.

شاری عەفرین یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و دەكەوێتە باكوری ڕۆژئاوای سووریا و سەر بە پارێزگای حەلەبی سووریایە و ڕووبەرەكەی سێ هەزار و 850 كیلۆمەتری دووجایە، بەگوێرەی ئاماری 2010 ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 523 هەزار كەس دەبێ و زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانەكەی كوردن.

دوای ئاڵۆزییەكانی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ڕژێم و خەڵك و وێرانكارییەكان كە لە 2011ەوە دەستیان پێ كرد، عەفرین لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل كۆنتڕۆڵ كرا و بوو بە بەشێك لەو ناوچانەی كە لە ژێر دەسەڵاتی كورددا بەڕێوە دەبران و یەكێك لە كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا لە عەفرین بوو، بەڵام دەوڵەتی توركیا بۆ ڕێگری لە بەستنەوەی كانتۆنی عەفرین بە كۆبانێ، لە 25ی ئاب/ئۆگستسی 2015 لە جەرابلوس هێزەكانی سنووری سووریایان بەزاند و ناوچەی جەرابلوس و چەندان ناوچەی تریان داگیر كرد.

یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" هێزێكی چەكداری كوردی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە"ن و لە ساڵی 2011 لە ڕۆژئاوای كوردستان دامەزراوە و بە گوێرەی خەمڵاندنەكان تا ساڵی 2015 ژمارەی چەكدارەكانیان گەیشتووەتە 45 هەزار كەس، بەڵام دوای دەركردنی یاسای سەربازی زۆرەملێ، ژمارەی شەڕڤانانیان گەیشتووەتە 105 هەزار كەس. ئەوان لەلایەن ئەمەریكاوە هاوكاری دەكرێن و پێوەندییەكی تۆكمەیشیان لەگەڵ ڕووسیا و ڕژێمی ئەسەد هەیە، لە چوارچێوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕۆڵی باڵایان بینیووە لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە ڕەقە و دێرزوور و ناوچەكانی تری سووریا.




وشە - باز ئه‌حمه‌د