له هه‌رێمی كوردستان كه سیسته‌می گواستنه‌وه‌ی ناو شاره‌كان به سه‌رده‌میی نه‌كراون، هێشتا بۆ ئه‌وانه‌ی ئۆتۆمبێلیان نییه، تاكسی به یه‌كێك له گرنگترین ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه هه‌ژمار ده‌كرێت. تاكسییه‌كانی كوردستان بێ عه‌یبن، به‌ڵام هه‌ندێك جار شوفێره‌كانیان وه‌ك كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رده‌كه‌ون به تایبه‌تی بۆ كچ و ژن. كچان خۆیان چه‌ندان جار باسیان له هه‌ندێك ره‌فتاره ناشایسته‌كانی شوفێرانیان كردووه.
به‌شێك له شوفێران هه‌ر كه نهفهرهكهیان هه‌ڵگرت ده‌ست ده‌كه‌ن به پرسیاری نابه‌جێ كه پێوه‌ندی به پیشه‌كه‌ی ئه‌و نییه. ڕێژین ئازاد كه چه‌ند جارێك به تاكسی هاتوچۆی ماڵی خزمان یان بازاڕی كردووه، بۆ "وشه" گوتی كه چه‌ند جارێك تووشی حاڵه‌تی زۆر ناخۆش بووه، به‌تایبه‌تی ئه‌و شوفێرانه‌ی ته‌مه‌نیان له نێوان 30 تا 40 ساڵه، به‌ڕاستی زۆربه‌یان بێشه‌رمن و ئه‌وه‌نده له ئاوێنه‌وه سه‌یر ده‌كه‌ن خه‌ریكه بیریان بچێته‌وه شۆفێرییهكه بكه‌ن.
رێژین به‌سه‌رهاتێكی خۆی گێڕایه‌وه، "رۆژێك تاكسییه‌كم وه‌ستاند بچم بۆ ماڵی خوشكم له یه‌كێك له گه‌ڕه‌كه نوێیه‌كانی هه‌ولێر، له رێ شوفێره‌كه گۆرانیی وای لێدابوو به هیچ شێوه‌یه‌ك شایانی گوێگرتن نه‌بوو، ئینجا له‌سه‌رخۆ ده‌ڕۆیشت، گوتم كاكه په‌له‌مه دڵم خورپه‌ی ده‌كرد، گوتی وه‌ڵا نامه‌وێ خێرا بڕۆم فریشته‌یه‌كی وه‌ك تۆ با زۆرترین كات له‌گه‌ڵم بێت، ئیتر زۆر ترسام و نه‌مده‌وێرا قسه‌یش بكه‌م، گوتی چیت ده‌وێ بۆت ده‌كه‌م ته‌نیا له‌گه‌ڵم به، منیش هاوارم به‌سه‌ردا كرد گوتم كه ئه‌وه‌نده ده‌وڵه‌مه‌ندی بۆ تاكسیت هه‌یه، گوتی بۆ خاتری فریشته‌ی وه‌ك ئێوه، زۆر هه‌وڵی له‌گه‌ڵم دا، كه‌مێك ساویلكه بوومایه هه‌ڵی دهخهڵهتاندم، به‌ڵام من زۆر قسه‌م پێ گوت تا دابه‌زیم، كێشه ئه‌وه‌یه ناوێری لای كه‌س باسیشی بكه‌م، چونكه ئه‌وانه یه‌ك و دووان نین و چار ده‌كرێن."
له هه‌ولێر به‌پێی دوائامار 42 هه‌زار تاكسی هه‌یه، یه‌كێك له ئاماژه‌كانی زۆربوونی تاكسی، بێكارییه له وڵات، به‌ڵام تاكسی كوردستان له‌ژێر هیچ سیستمێك‌دا رێك نه‌خراون.
سه‌نا یاسین فه‌رمانبه‌ره و پێی وایه هۆی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه لێپرسینه‌وه له شوفێری تاكسی ناكرێت. ئه‌و ئاماژه‌ی به پرسیارێكی باوی هه‌ندێك له شوفێرانی تاكسی كرد كه ئاراسته‌ی ژنانی ده‌كه‌ن و خۆیشی تووشی بووه، "شووت كردووه یان نا؟، ته‌مه‌نت چه‌نده؟ رهقهمهكهت بده‌مێ هه‌ركات پێویستت بوو خۆم بێم به شوێنتا؟ ماڵتان له كوێیه؟ چۆنه وا به ته‌نیا دهتنرێنه ده‌ره‌وه به‌و جوانییه‌وه؟".
له به‌رانبه‌ردا شوفێرانی تاكسی ددان به‌و راستییه‌دا ده‌نێن. عومه‌ر عه‌لی شۆفێری تاكسی كه ته‌مه‌نی 25 ساڵه و له هه‌ولێر كار ده‌كات، بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه راسته هه‌ندێك شوفێر خه‌ڵك بێزار ده‌كه‌ن، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا ژنی خراپیش زۆرن. ئه‌و ده‌ڵێت "من چه‌ندان جار ژن له‌گه‌ڵم سه‌ركه‌وتووه داوای شتی خراپی كردووه یان داوای پاره‌ی كردووه، یان جلی رووت كردووه له‌ناو ئۆتۆمبێل، به‌ڵام من هه‌میشه هه‌وڵم داوه خۆم بپارێزم."
شۆفێرێكی تر گه‌نجێكی باڵابه‌رزی ئه‌سمه‌ر بوو و به‌و مه‌رجه بۆمان دوا كه ناوی نه‌نووسین. وه‌ك باسی كرد، ته‌نیا بۆ ئه‌وه تاكسی لێ ده‌خوڕێت تا له كچان نزیك ببێته‌وه. وه‌ك ئه‌م خۆی ده‌ڵێ، ئه‌وه‌ی حه‌زی لێ بێت ده‌ستی كه‌وتووه، ژن هه‌بووه خۆی سه‌ری قسه‌ی كردووه‌ته‌وه و هه‌شبووه به قسه‌ی خۆی بڕوای پێ هێناوه. گه‌نجه‌كه باسی له چه‌ندان ژماره مۆبایلی كچان كرد كه هه‌ر كامێكیان به مۆبایلێكی تایبه‌ت قسه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات و چه‌ندان هاوڕێی شوفێر تاكسیش ده‌ناسێت به هه‌مان مه‌به‌ست خه‌ریكی ئیشی تاكسین.
"من خووم به‌و كاره‌وه گرتووه و حه‌زم لێیه‌تی و هیچیش لێی په‌شیمان نیم، چونكه من زۆرم له كه‌سیان نه‌كردووه و ئه‌وان خۆیان پێیان خۆش بووه، هه‌رچه‌نده زۆر جار تووشی به‌ره‌نگاریش بوومه. جارێك كچێكی زانكۆ جانتاكه‌ی له سه‌رم دا چونكه زۆرم گوت، به‌قسه‌كانم تووڕه بوو" گه‌نجه‌كه وای گوت.
سه‌ڵاح جه‌وهه‌ر ڕه‌شید به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گواستنه‌وه، بۆ "وشه" گوتی، وه‌زاره‌تی ناوخۆ مۆڵه‌تی شوفێری تاكسی ده‌دات به خه‌ڵك، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگادارمان بكه‌نه‌وه. ئه‌و تاكسییانهی له هێڵی فه‌رمین له‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه مۆڵه‌تیان هه‌یه.
به‌گوته‌ی ئه‌و به‌رپرسه بۆ تاكسییه گه‌ڕۆكه‌كان كه ڕۆژانه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆوه مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرن، به‌رنامه‌یه‌كیان هه‌یه و ده‌یانه‌وێت كۆنترۆڵی ئیش و كاره‌كانیان بكه‌ن و ئه‌و كێشه‌یه‌ی هاووڵاتییان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه هه‌موو زانیارییه‌ك له‌سه‌ر شوفێره‌كه وه‌رده‌گیرێت كه به به‌رده‌وام له ناو شار ده‌سووڕێنه‌وه، دواتر له‌ژێر چه‌تری ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی پێیان ده‌گوترێ كۆمپانیای تاكسی ته‌له‌فۆنی، كاره‌كانیان سنووردار ده‌كه‌ن و خه‌ڵك له رێی هێڵی پێوه‌ندی سوود له خزمه‌تگوزارییه‌كانی تاكسی وه‌رده‌گرن.
وشه/ هه‌ولێر- ژاڵه ناسیح به‌رزنجی