كاسبكارانی سلێمانی دژی گەڕانەوەی ئاوارەكانن

:: PM:12:01:11/10/2016 ‌
كاسبكاران و خاوەن كۆمپانیاكانی شاری سلێمانی دەڵێن، دژی گەڕانەوەی ئاوارەكانن بۆ زێدی خۆیان، چونكە وەك باسی دەكەن، ئاوارەكان هۆكاری جووڵێنەری بازاڕن و دووپاتی دەكەنەوە، ئەگەر ئاوارەكان بگەڕێنەوە ئەوا ئیشوكاریان بە تەواوەتی دەوەستێت.

بەهۆی دروستبوونی شەڕی داعش لە عێراق و داگیركردنی بەشێك لە خاكی عێراق لەلایەن ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییەوە، ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ئاوارە بوون و زۆرێك لەو ئاوارانەش هاتوونەتە ناو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانەوە، بەپێی ئامارێكیش زیاتر لە 500 هەزار ئاوارە لە سلێمانی نیشتەجێ‌ بوون.

نەریمان عەزیز، خاوەنی دووكانی پۆشاك لە بازاڕی دەبۆكەی شاری سلێمانی، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئیشوكاری ئێستەیان كەوتووەتە سەر ئاوارەكان.

ئەو گوتی، "ئێمە دژی گەڕانەوەی بە زۆری ئاوارەكانین، چونكە ئێستە كڕیارەكانمان تەنیا ئاوارەكانن و ئەگەر ئەوان بڕۆنەوە، ئێمەی كاسبكارانی ناو بازاڕ دەبێت دووكانەكانمان دابخەین".

سلێمان سەفرەیی، خاوەنی كۆمپانیای ئینكێ‌ بۆ هاوردەكردنی خواردەمەنی، بۆ "وشە"ی ئاشكرا كرد، 70%ـی كڕیارەكانی كۆمپانیاكەی و ئەو دووكانانەش خواردنیان بۆ دەبات، عەرەبن.

بە گوتەی ئەو خاوەن كۆمپانیایە، بارودۆخی خراپی هاووڵاتییانی كوردستان، وای لێ‌ هاتووە ئەوان ناتوانن درێژە بە كاری خۆیان بدەن تەنیا بۆ كڕیارانی كورد.

بەهۆی ئەو تەنگژە دارایییەی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، بارودۆخی مووچەخۆران و خەڵكی كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە خراپ بووە و ئەمەش بووەتە هۆكاری كەمبوونەوەی جووڵەی بازاڕ، لە ئێستەشدا وەك دەگوترێت، ئەو جووڵەیەی لە بازاڕەكاندا ماوە، بەهۆی بوونی ئاوارەیەكی زۆرەوەیە كە مووچە و هاوكارییان لەلایەن حكوومەتی عێراقییەوە بۆ دێت و كێشەیان لەو ڕووەوە نییە.

هاوكات لایەنە پێوەندیدارەكانی سلێمانی دەڵێن ئاگاداری ئەو پرسەن و بۆ ئەو مەبەستەش ئەوان قورسایییان لەسەر ئاوارەكان دروست نەكردووە، تەنیا ئەگەر ناچار بكرێن ئەو كارە بكەن. 

بەختیار عەبدوڕەحمان قایمقامی سلێمانی، بە "وشە"ی گوت، "لەلایەن خاوەن كۆمپانیاكان و كاسبكارانی ناو بازاڕەوە، ئەوەیان پێ‌ ڕاگەیەنراوە كە جووڵەی ئێستەی ناو بازاڕ ئاوارەكان دروستیان كردووە".

ئاماژەی بەوەش دا، هەوڵیان داوە كارئاسانی زیاتر بۆ ئاوارەكان بكرێت بەتایبەت لە پرسی ئامێرەكانی گواستنەوە و هاتوچۆدا، هاوكات لەگەڵ تەناهییەكی باشتر تا جووڵەی بازاڕ باشتر ببێت.

قایمقامی سلێمانی دەڵێ‌، "دیارە هەتا ناچار نەكرێین، هەوڵ دەدەین لەم بارودۆخەدا قورسایی نەخەینە سەر ئاوارەكان بۆ گەڕانەوە، بە پێچەوانەوە پێشبینی هاتنی ئاوارەیەكی زیاتر دەكەین لە كاتی دەستپێكردنی شەڕی ئازادكردنەوەی مووسڵ".

پێشبینی ئەوەشی كرد، لە یەك حاڵەتدا كە نەیانتوانی ئاوارەی زیاتر وەربگرن، ئەوا دەبێت بەشێك لەو ئاوارانەی ناوچەكانیان ئازاد كراونەتەوە، ڕەوانە بكرێنەوە. 

هەر لەو ڕووەوە، لە ماوەكانی ڕابردوودا بە بڕیاری ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری پێشووی سلێمانی، بڕیاری تاپۆكردنی موڵك و ماڵ لەسەر عەرەبەكان لە شاری سلێمانی دەركرا و لە ئێستەشدا كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. 

دانیشتوانی شاری سلێمانی دوو ملیۆن و 110 هەزار كەسن، لەگەڵ بوونی زیاتر لە 500 هەزار ئاوارەی ناوەڕاست و باشووری عێراق و بوونی زیاتر لە 20 هەزار پەنابەری سووریایی. 

وشە/ سلێمانی- شاد كەیوان


وشە - وشه‌