ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر هێرشی عەفرین كۆ دەبێتەوە

:: AM:09:48:22/01/2018 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، دانیشتنێك لەسەر ئاڵۆزییەكانی سووریا و هێرشی توركیا بۆ عەفرین بكات، كۆبوونەوەكەیش بە خوێندنەوەی راپۆرتێك لەلایەن نێردەی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی مارك لۆكوك لەبارەی دوا سەردانی بۆ سووریا دەست پێ دەكات.

شەوی ڕابردوو فڕەنسا بە فەرمی داوای كرد لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە گفتوگۆیەكی داخراودا پرسی هەڵمەتی سەربازی ڕژێم بۆ سەر ئیدلب و غۆتەی ڕۆژهەڵات، هاوكات هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین بە وردی تاوتوێ بكرێ.

جان ئێف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فڕەنسا نیگەرانی تەواوی خۆی بەرانبەر بە پێشهاتە مەترسیدارەكانی دۆخی سووریا و بە تایبەت ناوچەی عەفرینت دەربڕی، داوای كرد ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر ئەو پێشڤەچوونانە كۆ ببێتەوە و دووپاتی لە چارەسەری كێشەكان بە ڕێی سیاسی و دیپلۆماسی و دانوستاندن كردەوە.

هاوكات ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە پێگەی فەرمی خۆیدا هێمای بۆ ئەوە كردووە، ئەمڕۆ دووشەم 22 كانوونی دووەم/یەنایەر سەعات 10 بەكاتی نیویۆرك كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز دەكات، كۆبوونەوەكەیش داخراو دەبێ و لە هۆڵی ڕاوێژكردن ئەنجام دەدرێت.

پەرەسەندنی گرژییەكانی سووریا لە كاتێكدایە بڕیار بوو لە داهاتوویەكی نزیك كۆنگرەی سوچی و ئاستانا ببەسترێنەوە و وڵاتان هانی لایەنە دژیەكەكانی ناو سووریا بكەن، بە دانوستاندن چارەسەری گرفتەكان بكەن، بەڵام گرژی و شەڕ و پێكدادانەكان لە ئیدلب كە لەلایەن ڕژێمی ئەسەد و هێزە بریكارەكانی ئێران لەلایەكەوە و گرووپە توندڕەو و ئیسلامییەكانی نزیك لە توركیا لەلایەكی ترەوە، مانەوەی گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا بە تەنیا لە ئیدلب و نەبوونی هیچ ڕێیەك تا توركیا پشتیوانییان پێ بگەیەنێت، بەناوی پاراستنی سنوورەكانی و ڕووبەڕووبوونەوەی "تیرۆریستان" توركیا دەستی بە هەڵمەتی هێرشبردن بۆ سەر شاری عەفرین كرد، تا لەوێوە بگات بە ئیدلب و هاوكاری گرووپەكانی ئەحرار شام و گرووپە چەكدارە توندڕۆكانی تر بدات.

هەندێك لە سەرچاوەی میدیایی ئاماژە بەوە دەكەن، ئیدلب كەمترین شوێنی لە دەست هێزە بریكارەكانی توركیا ماوە، بۆیە پێ دەچێ توركیا لە تۆڵەی بەجێهێشتنی ئیدلب هەوڵی داگیركردنی عەفرین بدات، ڕێ نەدات هێزەكانی سەر بە ئەسەد و ئێران لە ناوچه سنوورییەكانی نزیك ببنەوە.

نیگەرانی و ناڕەزایییەكانی مۆسكۆ و واشنتن و داوای یەپەگە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگری لە هێرشی داگیركاری توركیا و بێهەڵوێستی وڵاتان، توركیای هان دا تا ڕۆژی هەینی ڕابردوو 19 كانوونی دووەم/یەنایەر دەست بە تۆپبارانی چڕی ناوچە سنوورییەكانی شاری عەفرین بكات.

هاتنی هێزەكانی توركیا بۆ پشتیوانی هێزەكانی سوریای ئازاد و گرووپە توندڕۆكان یەكەم جار نییە، پێشتریش لە 25ی ئاب/ئۆگستسی 2015 هێزەكانی توركیا سنووری سووریایان تێپەڕاند و لە جەرابلوس بەرەو ناوەڕاست و قووڵایی خاكی سووریا پێشڕەوییان كرد، بە ئامانجی ڕێگری لە پەڕینەوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات و "یەپەگە" بەرەو ڕۆژئاوای ڕووباری فورات، پاش ئەوەی شەڕڤانان شاری منبەجیان بە تەواوی لە تیرۆریستان پاك كردەوە. 

لە بەرانبەر هێرشەكەی عەفرین جیا لە نیگەرانی وڵاتان لە ناوخۆی توركیایش پارتی كۆمۆنیستی ئەو وڵاتە دژایەتی خۆی بۆ هێرشكردنە سەر عەفرین ڕاگەیاند، كوردانی باكوریش بە توندی دژی ئەو هەنگاوەی ئەنكەرە وەستاونەتەوە و پێشبینی دەكرێ خۆپێشاندانی گەورە دژی ئەو هەڵمەتە ساز بكەن، لە ئێستەوەیش ئەنكەرە هۆشداری دا، هەر خۆپێشاندانێك بۆ دژایەتی هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین باجی قورس و گەورەی لێ دەكەوێتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا پێشتر ئاشكرای كرد، ئەوان هێرشەكەیان بەردەوام دەبێ و هیچ كەسیش ناتوانێ ڕێگرییان لێ بكات، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەیش هێمای بۆ ئەوە كرد، هێرشەكەی توركیا بۆ سەر عەفرین بۆ پاراستنی كورد و عەرەب و توركمانی ناوچەكەیە.

پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" لە بەرانبەر هێرشەكەی توركیا ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و بە توندی دژایەتی ئەو هەڵمەتە داگیركارییەی توركیا وەستاوەتەوە و دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەگەر توركیا بەردەوام بێ لە هێرشی عەفرین، ئەوانیش شەڕ بۆ ئەنكەرە دەگوازنەوە.

كوردان لە وڵاتانی ئەوروپا دەستیان داوەتە خۆپێشاندان و دوێنێش لە بەردەم كۆشكی سپی گردبوونەوە و دژایەتی خۆیان بۆ هێرشەكەی توركیا ڕاگەیاند، هاوكات لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هاوئاهەنگی و هاودەنگییەكی زۆر هەیە كوردانی هەر چوار پارچە پشتیوانی خۆیان بۆ عەفرین دووپات دەكەنەوە.

سەركردەیەكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا "ئەنەكەسە" دوێنێ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێستە كاتی یەكڕیزییە و پێویستە یەپەگە واز لەو خۆپەرستی و لووتبەرزییە بێنێ و دەبێ ڕێ بدرێ هێزەكانی لەشكری "ڕۆژ" بگەڕێنەوە ڕۆژئاوا و دەست لەناو دەست هەمووان ڕۆژئاوای كوردستان بپارێزین.



وشە - باز ئه‌حمه‌د