كاتی هاتنی مووچه‌ی كارمه‌ندانی كوردستان له‌ به‌غداوه‌ ڕاگه‌یه‌نرا

:: AM:09:50:22/01/2018 ‌
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، حكوومەتی عێراق لە كۆتای ئەم مانگە پارەی دابەشكردنی مووچە بۆ كوردستان ڕەوانە دەكات، بڕیارە ئەمڕۆیش لیژنەیەكی چاودێری دارایی عێراق بۆ وردی لە مووچەی كارمەندانی پەروەردە و تەندروستی بگەنە هەولێر.

ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، بەغدا مووچەی كارمەندانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتای ئەم مانگە دەنێرێت، لە هەموو حاڵەتەكان نەناردنی مووچە تا كۆتای ئەم مانگه نەبێ، بە دڵنیایییەوە لە سەرەتای مانگی داهاتوو دەبێ، واتە مانگی "شوبات/فێبرایەر".

زیاتر گوتی، دوای تەواوبوونی وردبینی لە لیستی مووچەی كارمەندانی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە، دەست بە وردی لە مووچەی كارمەندانی وەزارەتەكانی تری هەرێمی كوردستان دەكرێ.

هاوكات بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم لیژنەیەكی چاودێری دارایی عێراق بگەنە هەولێر و لەگەڵ لایەنە پێوەندارەكانی هەرێمی كوردستان دەست بە گفتوگۆ بكەن، بۆ وردبینی زیاتری لیستی مووچەی كارمەندانی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی هەرێمی كوردستان، سەرەتای بەرنامەی لیژنەكەیش گفتوگۆ و دانیشتن دەبێ لەگەڵ وەزیری تەندروستی و پەروەردەی هەرێمی كوردستان.

لە ناوەڕاستی مانگی 12دا هەرێمی كوردستان لیستی مووچەخۆرانی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی رەوانەی بەغدا كرد، بۆ ئەوەی لەوێ وردبینی بكرێ و دواتریش بەغدا پارەی مووچەی ئەو دوو وەزارەتە ڕەوانەی كوردستان بكات، تا ئێستەیش لیژنەكانی وردبینی كارەكانیان بە كۆتا نەگەیشتووە.

هاوكات ڕۆژی 30ی مانگی ڕابردوو، نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراق ئاراستەی بانكی ناوەندی عێراق كراوە، بە كردنەوەی حسابێكی بانكی و دانانی بڕی 450 ملیار دینار لەو حیسابە، وەك پارەی مووچەی كارمەندانی هەرێمی كوردستان، جووڵەی پارەی ناو ئەو حیسابە بانكییەش بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی دەبێ، نووسراوەكە واژووری د. ماهیر حەماد جوهان بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق بە وەكالەتی لەسەرە.

دوێنێ یەكشەم نەجیبە نەجیب پەرلەمانتاری لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، بڵاوبوونەوەی ئەو نووسراوە و كردنەوەی ژمارە حیساب بۆ كوردستان و هاتنی سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی بۆ بەغدا و دیداریان لەگەل عەبادی لە ڕۆژی شەموو، هەنگاوی زۆر باشن و وا دەكەن بەغدا زووتر پارە ڕەوانەی كوردستان بكات و مووچەی كارمەندان زووتر دابەش بكرێت.

لە بەشێكی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بە پشتبەستن بە زانیاری لە وەزارەتی داراییی عێراقەوە، ئاماژە بەوە دراوە كە ئەو بڕە پارەیەی خراوەتە سەر حیسابی بانكی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لە بانكی ناوەند، بەشی دوو مووچەی كارمەندانی وەزارەتی پەرورەدە و تەندروستی كوردستان دەكات و ئەگەری دابەشكردنی دوو مووچەی كارمەندانی ئەو دوو وەزارەتە هەیە.

هەرێمی كوردستان لە 2014ەوە بودجە و مووچەی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە لێ بڕاوە و لەوكاتەوە تووشی شەڕی تیرۆریستانی داعش و دابەزینی نرخی نەوتیش بوو لە بازاڕەكانی دنیا، بۆیە ئەو بڕە نەوتەی هەناردەی دەرەوەی دەكرد، داهاتەكەی بەشی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستانی نەكرد، لە كۆتای ساڵی 2014ە و لەوكاتەی هەڵبژاردن ئەنجام درا و حەیدەر عەبادی وەك كاندیدی شیعەكان بوو بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، گفتوگۆ و دانوستاندن لە نێوان بەغدا و هەولێر دەستی پێ كردەوە.

بەرەنجامی گفتوگۆكانی هەولێر لەگەڵ حكوومەتەكەی عەبادی، گەیشتن بوو بە ڕێككەوتنێك كە لە ناو پڕۆژە یاسای بودجەی 2015 جێگیر كرا، بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە بەغدا پابەند كراوە بە ناردنی بەشی 17% بودجە بەشێوەیەكی دروست بۆ هەرێمی كوردستان، لە بەرانبەریشدا هەرێمی كوردستان پابەند بوو بە هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی خۆی و 300 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی كێڵگەكانی نەوتی لە كەركووك لە ڕێی كۆمپانیای سۆمۆوە، هەرچەندە هەولێر پابەندی ڕێككەوتنەكە بوو، بەڵام بەغدا پشكی 17%ی بودجەی بۆ كوردستان ڕەوانە نەدەكرد، ئەو ڕێككەوتنە تا مانگی پێنج "ئایار/مایۆ"ی 2015 بەردەوامی هەبوو، دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە ناردنی نەوت بەشێوەی ڕاستەوخۆ بۆ بازاڕەكانی دنیا كردەوە.

دابەزینی نرخی نەوت و بودجە و پێویستی زۆری شەڕی داعش باری دارایی كوردستانیان قورستر كرد، بەوهۆیەوە سیستەمی پاشەكەوتی بڕێك لە مووچە جێبەجێ كرا، هاوكات حكوومەت حاڵەتی دەست پێوەگرتنی لە زۆربەی كەرتەكان ڕاگەیاند و زێدەخەرجی كەم كرایەوە و كۆمەڵێك ڕێوشوێن گیرانەبەر، بەڵام ئەمانە دادی دۆخەكەیان نەدا و ڕۆژ دوای ڕۆژ دۆخی داراییی كوردستان ڕووی لە خراپتر دەكرد، هەرچەندە بەشێك لە كۆمپانیا جیهانییەكان قەرزیان بە حكوومەت دا، لەوانەیش كۆمپانیای ڕووسنەفتی وڵاتی ڕووسیا تا ئێستە بڕی سێ ملیار دۆلاری پێشەكی بە هەرێمی كوردستان داوە، لە بەرانبەر پڕۆژەكانی لە كەرتی نەوت و گاز و گواستنەوەی وزە لە هەرێمی كوردستان.

لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتی لە پێناوی بردنی نەوت بە قاچاخ و ڕێگری لە هەناردەی نەوتی كەركووك لە ڕێی هەرێمی كوردستانەوە بە ئامانجی دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان، لەگەڵ میلیشیاكان و عێراق ڕێككەوتن و بوون بە كەواسووری بەرلەشكری دوژمن و كەركووك و ناوچەكانی تریان ڕادەستی بەغدا كرد، ئەمەیش  وای كرد نیوەی بڕی هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ دەرەوە كەم ببێتەوە، خیانەتكارانیش مەبەستیان بوو لە ئەنجامی دەركردنی كورد لە كەركووك تەنیا ڕێیان پێ بدرێ نەوتی شارەكە بە قاچاخ ئاودیوی ئێران بكەن و پارەكەیشی بۆ بەرژەوەندی كەسی خۆیان بەكار بهێنن. بەوهۆیەوە داهاتی كوردستان تەواو كەم بووەوە و ئێستەیش گفتوگۆ و دانوستاندنەكان لەگەڵ بەغدا بەردەوامن تا نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكات، لە بەرانبەریشدا مووچە و بودجەی كوردستان ڕەوانە بكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د