شاندێكی به‌غدا گه‌یشتنه‌ كوردستان

:: AM:10:50:22/01/2018 ‌
شاندی دیوانی چاودێری دارایی عێراق گەیشتنە شاری هەولێر و بڕیارە دەست بەكارەكانیان بكەن، بۆ وردبینی لە كارمەندان و مووچەخۆرانی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستیی هەرێمی كوردستان، دوای گەیشتنیشیان شاندەكە بەرەو وەزارەتی پەروەردە بەڕێ كەوتوون و لەگەڵ وەزیری پەروەردە كۆ دەبنەوە و دواتریش سەردانی وەزارەتی تەندروستی دەكەن.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، شاندەكەی دیوانی چاودێری دارایی حكوومەتی عێراق ئێستە لە وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی تری وەزارەتەكە لە كۆبوونەوەدان و دوای تەواوبوونی دیدارەكانیشیان لە وەزارەتی پەروەردە، سەردانی وەزارەتی تەندروستی دەكەن لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی وەزارەتەكە دیدار ساز دەكەن.

ئامانجی ئەو شاندە وردبینی و بەدواداچوونە لەسەر لیستی مووچەخۆرانی هەردوو وەزارەتەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە بڕیارە بەغدا مووچەی كارمەندەكانی ڕەوانە بكات، بەگوێرەی زانیارییەكان وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی 170 هەزار مووچەخۆری هەیە و وەزارەتی تەندروستیش 51 هەزار مووچەخۆر.

لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو "كانوونی یەكەم/دیسێمبەر" حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەخۆرانی هەردوو وەزارەتەكەی رەوانەی بەغدا كرد تا لێكۆڵینەوە و وردبینی بكرێ، تا ئێستە پرۆسەكە بەردەوامی هەیە و یەكلا نەكراوەتەوە، بەڵام حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە 30 مانگی ڕابردوو فەرمانی بە كردنەوەی حیسابێكی بانكی بەناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە و بڕی 450 ملیار دینار خراوەتە سەر حیسابەكە و تەنیا خۆی دەسەڵاتی جووڵە پێكردن و خەرجكردنی پارەی لەو حیسابە بانكییە هەیە.

ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق پێشتر ئاشكرای كرد، ڕەنگە لە كۆتای ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو، بەغدا مووچەی كارمەندانی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكات.

هاوكات نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هاتنی شاندی كوردستان و دیداریان لەگەڵ بەغدا كردنەوەی بەستەڵەكی پێوەندییەكانە و چاوەڕوان دەكرێ بەغدا زووتر لەوەی پێشبینی دەكرا، پارە بۆ كوردستان بنێرێ و مووچەی كارمەندانی كوردستانی پێ دابەش بكرێت.

هەرێمی كوردستان لە 2014ەوە بودجە و مووچەی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە لێ بڕاوە و لەوكاتەوە تووشی شەڕی تیرۆریستانی داعش و دابەزینی نرخی نەوتیش بوو لە بازاڕەكانی دنیا، بۆیە ئەو بڕە نەوتەی هەناردەی دەرەوەی دەكرد، داهاتەكەی بەشی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستانی نەكرد، لە كۆتای ساڵی 2014ە و لەوكاتەی هەڵبژاردن ئەنجام درا و حەیدەر عەبادی وەك كاندیدی شیعەكان بوو بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، گفتوگۆ و دانوستاندن لە نێوان بەغدا و هەولێر دەستی پێ كردەوە.

بەرەنجامی گفتوگۆكانی هەولێر لەگەڵ حكوومەتەكەی عەبادی، گەیشتن بوو بە ڕێككەوتنێك كە لە ناو پڕۆژە یاسای بودجەی 2015 جێگیر كرا، بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە بەغدا پابەند كراوە بە ناردنی بەشی 17% بودجە بەشێوەیەكی دروست بۆ هەرێمی كوردستان، لە بەرانبەریشدا هەرێمی كوردستان پابەند بوو بە هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی خۆی و 300 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی كێڵگەكانی نەوتی لە كەركووك لە ڕێی كۆمپانیای سۆمۆوە، هەرچەندە هەولێر پابەندی ڕێككەوتنەكە بوو، بەڵام بەغدا پشكی 17%ی بودجەی بۆ كوردستان ڕەوانە نەدەكرد، ئەو ڕێككەوتنە تا مانگی پێنج "ئایار/مایۆ"ی 2015 بەردەوامی هەبوو، دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە ناردنی نەوت بەشێوەی ڕاستەوخۆ بۆ بازاڕەكانی دنیا كردەوە.

دابەزینی نرخی نەوت و بودجە و پێویستی زۆری شەڕی داعش باری دارایی كوردستانیان قورستر كرد، بەوهۆیەوە سیستەمی پاشەكەوتی بڕێك لە مووچە جێبەجێ كرا، هاوكات حكوومەت حاڵەتی دەست پێوەگرتنی لە زۆربەی كەرتەكان ڕاگەیاند و زێدەخەرجی كەم كرایەوە و كۆمەڵێك ڕێوشوێن گیرانەبەر، بەڵام ئەمانە دادی دۆخەكەیان نەدا و ڕۆژ دوای ڕۆژ دۆخی داراییی كوردستان ڕووی لە خراپتر دەكرد، هەرچەندە بەشێك لە كۆمپانیا جیهانییەكان قەرزیان بە حكوومەت دا، لەوانەیش كۆمپانیای ڕووسنەفتی وڵاتی ڕووسیا تا ئێستە بڕی سێ ملیار دۆلاری پێشەكی بە هەرێمی كوردستان داوە، لە بەرانبەر پڕۆژەكانی لە كەرتی نەوت و گاز و گواستنەوەی وزە لە هەرێمی كوردستان.

لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتی لە پێناوی بردنی نەوت بە قاچاخ و ڕێگری لە هەناردەی نەوتی كەركووك لە ڕێی هەرێمی كوردستانەوە بە ئامانجی دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان، لەگەڵ میلیشیاكان و عێراق ڕێككەوتن و بوون بە كەواسووری بەرلەشكری دوژمن و كەركووك و ناوچەكانی تریان ڕادەستی بەغدا كرد، ئەمەیش  وای كرد نیوەی بڕی هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ دەرەوە كەم ببێتەوە، خیانەتكارانیش مەبەستیان بوو لە ئەنجامی دەركردنی كورد لە كەركووك تەنیا ڕێیان پێ بدرێ نەوتی شارەكە بە قاچاخ ئاودیوی ئێران بكەن و پارەكەیشی بۆ بەرژەوەندی كەسی خۆیان بەكار بهێنن. بەوهۆیەوە داهاتی كوردستان تەواو كەم بووەوە و ئێستەیش گفتوگۆ و دانوستاندنەكان لەگەڵ بەغدا بەردەوامن تا نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكات، لە بەرانبەریشدا مووچە و بودجەی كوردستان ڕەوانە بكات.



وشە - باز ئه‌حمه‌د