بزانە نرخی فڕۆكە تایبەتییەكەی رۆناڵدۆ چەندە؟

:: AM:10:50:22/01/2018 ‌

فڕۆكە تایبەتییەكەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بە گرانترین فڕۆكە دادەنرێ لە رووی نرخەوە بە بەراورد لەگەڵ فڕۆكەی سەرجەم یاریزانانی تۆپی پێ لەسەر ئاستی جیهان.

رۆژنامەی (سەن)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: نرخی فڕۆكە تایبەتییەكەی رۆناڵدۆ 32 ملیۆن یۆرۆیە و لە ریزبەندی یەكەمی گرانترین فڕۆكەی یاریزانانی تۆپی پێیە لەسەر ئاستی جیهان.

دووەم گرانترین فڕۆكەی یاریزانان فڕۆكە تایبەتییەكەی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنە دێت كە نرخەكەی 28 ملیۆن یۆرۆیە، دواتریش فڕۆكە تایبەتییەكەی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی ئەستێرەی سوێدی و یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی دێت كە نرخەكەی بە 24 ملیۆن یۆرۆ خەمڵێنراوە.

فڕۆكە تایبەتییەكەی رۆناڵدۆ شوێنی 18 كەس دەبێتەوە و لە هەر سەعاتێكدا 975 كیلۆمەتر دەبڕێت، فڕۆكەكە دەتوانێ 2950 كیلۆگرام هەڵبگرێ و هەروەها دەشتوانێ بەیەكجار 11 هەزار كیلۆمەتر بفڕێت.

هەر گەشتێكی رۆناڵدۆ بەو فڕۆكە تایبەتییە 6 هەزار یۆڕۆی تێ دەچێ بەهۆی ئەوەی خەرجی و نرخی فڕۆكەكە گرانە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م