ماكرۆن.. پیاوی ئەركە سەختەكان

:: PM:12:14:22/01/2018 ‌
سەرۆكی فڕەنسا ئیمانوێل ماكرۆن بە پیاوی گەشەپێدانی ئابووری وڵات و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و دۆخە قورسەكان ناوی دەبرێ، ئەو ریكۆردی ناپلیۆن پۆناپارتی شكاند و بوو بە بچووكترین سەرۆكی وڵات، دۆستی كورد و پشتیوانی سەرسەختی مافەكانییەتی، هاوكات بە توندی لەگەڵ مانەوەی یەكێتیی ئەوروپایە و داوای بەهێزتركردن و پتەوكردنیشی دەدات، كاروانی ژیانی ماكرۆن و وردەكارییەكەی بەمشێوەیەی خوارەوە دەستی پێ كرد تا گەیشتە كۆشكی ئەلیزێ.

ژیان و خوێندنی
ئیمانوێل جۆن میشێل فریدریك ماكرۆن لە 21 كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 1977 لە شاری "ئەمیان"ی فڕەنسا لە دایك و باوكێك كە هەردووكیان پزیشك بوون، فرانسواز نوگێس و جۆن میشێل ماكرۆن، هەرچەندە دایك و باوك و خێزانەكەی لە چینێكی مامناوەند و ڕۆشنبیردا بوون و باوەڕیان بە هیچ ئاینێك نەبووە، بەڵام لە تەمەنی 12 ساڵی ماكرۆن لە ئاو هەڵكێشراوە و دواتر پێوەندی بە قوتابخانەی یەسووعی ناوچەكەی خۆیان كردووە، لە تەمەنی هەرزەكاریدا ماكرۆن هەم لە قوتابخانە بووە و هەم خۆیشەویستی خۆی دۆزیوەتەوە و لەگەڵی لە پێوەندیدا بووە، ئەمەیش بەهیچ شێوەیەك ڕەزامەندی خێزانەكەی لەسەر نەبووە، بەوهۆیەوە لە ئەمیانەوە گواستوویانەتەوە بۆ پاریس و خوێندنی دواناوەندی لە قوتابخانەی هێنری چوارەم تەواو كردووە كە یەكێكە لە قوتابخانە گرنگەكان، پاشان ماكرۆن دەستی بە خوێندنی فەلسەفە لە زانكۆی نانتێر كردووە، دوای تەوابوونی ڕاستەوخۆ پێوەندی بە پەیمانگەی زانستە سیاسییەكانی فڕەنسا كردووە، لەوێ لە بواری پێوەندییەكان خوێندوویەتی و پاشان پێوەندی بە پەیمانگەی نیشتمانی فڕەنسا بۆ كارگێڕی كردووە و لە 2004 لە پەیمانگەكە دەرچووە.

ژیانی كەسی
ژیانی ماكرۆن پڕە لە سۆزداری و ئەو لە تەمەنێكی بچووكەوە و لەوكاتەی خەریكی خوێندن بوو لە شاری "ئەمیان" كەوتە داوی خۆشەویستی مامۆستای شانۆی قوتابخانەكەی "بریجێت ترۆنیۆ"، ئەمەیش لە كاتێكدایە تەمەنی مامۆستاكە 40 ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو و خاوەنی سێ منداڵ بوو، دوای ئاشكرابوونی پێوەندیی نێوان خۆی و مامۆستاكەی، خێزانی ماكرۆن بۆ دوورخستنەوەی ڕوو دەكەنە پاریس، بەڵام ئەمە هیچ كات نابێتە كۆسپ و دڵی ماكرۆنیان هیچ كات پێ ناگۆڕێت، ئەو هەر بیری لای بریجێت بوو، تا دوای تەواوبوونی خوێندن و وەرگرتنی پۆست و باشبوونی دۆخی ژیانی پێوەندی بە برێجێت كردەوە و هاوسەرگیری لە ساڵی 2007 لەگەڵ ئەنجام دا.

ماكرۆن تاكە كەسە لە ناو خێزانەكەی نەبووەتە پزیشك، چونكە باوك و دایكی پزیشك بوو، برا بچووكەكەی پزیشكی دڵە و خوشكەكەیشی پزیشكی گورچیلەیە.

وەرگرتنی ئەرك و كاركردن
پاش دەرچوونی لە پەیمانگەی كارگێڕی، ئیمانوێل ماكرۆن دەرفەتێكی لە وەزارەتی ئابووری فڕەنسا پێ دراوە و وەك پشكنەری گشتیی وەزارەتەكە دامەزراوە، دوای سێ ساڵ كاركردنی وەك پشكنەری گشتی، لە 2007 نیكۆلا ساركۆزی سەرۆكی ئەوكاتی فڕەنسا ماكرۆنی خستووەتە ناو تیمێكی حكوومەتەكەی كە ئەركیان پشتیوانیكردن و بەرەوپێشەوەبردنی ئابووریی فڕەنسا و بووژاندنەوەیەتی، لە ساڵی دواتر واتە لە 2008 ماكرۆن كارەكەی بەجێ هێشتووە و دەستی بە وەبەرهێنان كردووە لە بانكی رۆتچێلد، ئەو تواناكانی بەخێرایی دەركەوتن و زوو فێری كارەكان دەبوو و بە تاسەوە ئەركەكانی ڕادەپەڕاند و وردە وردە چووە پێشەوە و تا گەیشت بە پلەی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بانكەكە، ناوبانگێكی گەورە و باشی پەیدا كرد، بەتایبەت دوای گرێبەستەكەی لەگەڵ كۆمپانیای نەستەلە لە 2012 توانی بڕی 12 ملیار دۆلار قازانج بۆ بانكەكە دەستەبەر بكات.

پاش ئەو سەركەوتنە گەورانە، ماكرۆن پێوەندییەكی پتەوی لەگەڵ سەرۆكی پارتی سۆشیالیستی فڕەنسا "فرانسوا هۆڵاند" دروست كرد، دوای ئەوەی هۆڵاند لە 2012 بووە سەرۆكی فڕەنسا، ماكرۆنی كرد بە جێگری ئەمینداری گشتی سەرۆكایەتیی فڕەنسا لە كۆشكی ئەلیزێ، دواتر لە 2014 وەك وەزیری ئابووری ماكرۆنی لە حكوومەتەكەی دامەزراند.

لە ئەركی وەزیرایەتی زۆر كاری گرنگی لە بواری پیشەسازی و تەكنەلۆجیا لە بواری فڕەنسا كرد، كۆمەڵێك پڕۆژە یاسا و بڕیاری گرنگی بردە ئەنجوومەنی وەزیران كە بووە هۆی بووژانەوەی ئابووریی فڕەنسا، یەكێك لە پڕۆژە یاساكانی ماكرۆن ماوەی 200 سەعات لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی فڕەنسا گفتوگۆی لەسەر كراوە، تا دواتر بووەتە یاسا و بە یاسای ماكرۆن ناوی دەركردووە.

خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردن
لە ساڵی 2016 ئیمانوێل ماكرۆن بزووتنەوەیەكی نوێی بەناوی "بۆ پێشەوە" دامەزراند و چووە ڕكابەری و ململانێكانی هەڵبژاردنی 2017ی سەرۆكی فڕەنسا، ماكرۆن لە كۆتادا سەركەوتنی بەسەر مارین لۆپێنی ڕكابەری تۆمار كرد و توانی 65.1% دەنگەكان بەدەست بهێنێ، لە بەرانبەردا لۆپێن تەنیا 34.9%ی دەنگەكانی بردەوە.

ماكرۆن لە ڕووی تەمەنەوە ریكۆردی ناپلیۆن پۆناپارتی شكاند، پۆناپارت لە تەمەنی 40 ساڵ و هەشت مانگ لە ساڵی 1848 بووە سەرۆكی فڕەنسا، بەڵام ماكرۆن لە تەمەنی 39 ساڵی ئەو پۆستەی وەرگرت و بوو بە بچووكترین سەرۆكی فڕەنسا و لە شوێنی فرانسوا هۆڵاند دەستبەكار بوو.

ئیمانوێل ماكرۆن بەهۆی سەركەوتنی گەورەی لە بواری ئابووری و دارایی، بۆ هەمووانی سەلماند ئەو پیاوێكی تەواو سەركەوتووە و دەتوانێ ڕووبەڕووی قورسترین هەڕەشە و دۆخە ناخۆشەكان ببێتەوە، بۆیە پشتیوانی زۆری لە هەردوو بەرەی ڕاستڕەو و چەپەكانی فڕەنسا بەدەست هێنا، بەتایبەت دوای ئەوەی بەڵێنی بە كەمكردنەوەی باج و باشتركردنی دۆخی كۆمەڵایەتی و بەرزكردنەوەی مووچەی خانەنشینی دەركرد.

ڕوانگەی بۆ سیاسەتی فڕەنسا
ماكرۆن لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بە توندی پشتیوانی مانەوە و بەهێزی یەكێتیی ئەوروپای دەكرد و داوای هەمواری یاساكان و بەهێزكردنی زیاتری ئەوروپا و پێوەندیی نێوان وڵاتانی ناو یەكێتیی ئەوروپای دەكرد، جیا لەوەیش ئەو لە سیاسەتی ناوخۆیی دووپاتی لەوە كردەوە كە نایەوێ پشتیوانی ڕەوت و حزبێكی دیاریكراو بكات و خۆی بە نوێنەری حزبێك بزانێ و لە حزبەكانی تر دوور بكەوێتەوە، بەڵكو دەخوازێ كار بكات بۆ یەكخستنی گەلی فڕەنسا و نایەوێ حزبەكان و گەلی فڕەنسا لە یەكتر دوور بخەنەوە.

ڕوانینی بۆ پرسی كورد
لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی فڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن بە وردی باسی لە بەهێزی و بوێری پێشمەرگە و شەڕڤانان دەكرد و دووپاتی لە پشتیوانیی وڵاتەكەی لە شەڕی تیرۆر و گەلی كورد دەكردەوە، هاوكات نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فڕەنسا پێشتر لە دیدارێكی لەگەڵ "وشە" دووپاتی لەوە كردەوە، ماكرۆن درێژەپێدەری سیاسەتی سەرۆكی پێشوو فرانسوا هۆڵاند دەبێ، بەرانبەر بە فڕەنسا، هۆڵاندیش پشتیوانێكی سەرسەختی مافەكانی گەلی كوردستان بوو.

دوای ڕیفراندۆم و كاتێك بەغدا دەستی بە سزادانی گەلی كوردستان كرد، ماكرۆن عەبادیی بانگهێشتی پاریس كرد و دەسپێشخەرییەكی پێشكەش بە هەولێر و بەغدا كرد، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای دەستوور گفتوگۆ بكەن و بە ڕێككەوتن بگەن، پاشان بانگهێشتی سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە كۆشكی ئەلیزێ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا سووربوونی وڵاتەكەی لەسەر پشتیوانی كوردستان و بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی دووپات كردەوە.

سەرچاوە/فرانس24، ئەراجیك.


وشە - باز ئه‌حمه‌د