هەوكردنی كۆئەندامی میز نەخۆشییەكی باوە دووچاری زۆر كەس دەبێتەوە، زۆر كات بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم نەخۆشییە پشت بە ڕاوێژی پزیشكی دەبەستین، ئەم نەخۆشییە لە هەردوو ڕەگەزدا ڕوودەدات، بەڵام لە ژنان دا ڕێژەكەی زیاترە، لە ساڵێكدا زیاتر لە هەشت ملیۆن ژن سەردانی پزیشك دەكەن بۆ چارەسەری ئەم جۆرە هەوكردنە، شارەزایان و پزیشكان چەند ڕێگەیەكی سروشتی و ئاسانیان دەستنیشان كردووە كە چارەسەری ئەم هەوكردنە دەكەن، كە بریتین لەمانەی خوارەوە.
یەكەم: ئاو دژی هەوكردنی كۆئەندامی میزە، ئەگەر دووچاری هەوكردنی كۆئەندامی میز بوویتەوە. ئەوە خواردنەوەی ئاو لەیاد مەكە. نزیكەی هەشت پەرداخ ئاو لە ڕۆژێكدا بخۆرەوە، چونكە خواردنەوەی بڕێكی زۆری ئاو یارمەتی زۆر میزكردن دەدات و بڕێكی زۆر بەكتریا دەكاتە دەرەوەی لەش.
دووەم: سۆدە، هەوكردنی كۆئەندامی میز بە زۆری ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، ئەم هەوكردنە كار لە گورچیلەكان دەكات، بۆ رێگری كردن لەم كێشانە پێویستە كەوچكێك سۆدە لەگەڵ پەرداخێك ئاودا تێكەڵ بكەیت و بیخۆیتەوە، یارمەتی كەمكردنەوەی هەوكردن دەدات و گورچیلەكان لە زیان دەپارێزێت.
سێیەم: زەیتی گوێز هیند، تایبەتمەندی دژە بەكتریای هەیە، لەگەڵ هەوكردن شەڕ دەكات و یارمەتی لەناوبردنی ئەو بەكتریایانە دەدات كە لە ڕیخۆڵەكان كۆ دەبنەوە، خواردنەوەی دوو كەوچك زەیتی گوێز هیند لە ڕۆژێكدا ئەم نەخۆشییە لەناو دەبات.
چوارەم: ئەنەناس، برۆمەلاین رژێنێكە لە ئەنەناسدا هەیە، ئەو كەسانەی كە دووچاری ئەم جۆرە هەوكردنە دەبنەوە، برۆمەلاین بەكاردەهێنن وەكو دەرمانێك دژی نەخۆشییەكە، بەڵام ئەم ماددەیە لە ئەنەناسدا هەیە و سروشتییە و یارمەتی رزگاربوون لە هەوكردن دەدات و تام و چێژێكی تایبەتی هەیە.
پێنجەم: مەعدەنووس، تێكەڵكردنی مەعدەنووس لەگەڵ كەموون بە دەرمانی میز كردن دادەنرێت و تایبەتمەندی دژە بەكتریای هەیە. سێ دەسك مەعدەنووس لەگەڵ كەوچكێك كەموون زیاد بكە، بۆ یەك لیتر ئاو كەمێك بكوڵێت و دواتر بیپاڵێوە و ڕۆژانە سێ بۆ چوار پەرداخ لەم گیراوە بخۆرەوە.