هاتوچۆی هەولێر بە سیستەمێكی نوێ مامەڵەی هاووڵاتییان وەردەگرێت
بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر دوابەدوای كردنەوەی باڵەخانە نوێیەكەی دەست بە وەرگرتنی مامەڵەی هاووڵاتییان دەكاتەوە كە ماوەیەكە بەهۆی گواستنەوەی بەرێوەبەرایەتییەكە ڕاگیرابوو.
ئەمڕۆ دووشەم 22ی كانوونی دووەم، فازڵ حاجی گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سبەی كاروباری مامەڵەی هاووڵاتییان لە باڵەخانەی نوێی هاتوچۆ دەست پێ دەكاتەوە.
زیاتر گوتی، پێشینەی كارەكانی هاتوچۆی هەولێر تایبەت دەبێت بە بەرێكردنی مامەڵەی ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتی بەتایبەت ئەوانەی دوومانگ بەسەریاندا تێپەڕ بووە، بۆیە پێویستە ئەوانەی خاوەنی ژمارەی كاتین سەردانی بەرێوەبەرایەتییەكە بكەن.
گوتبێژی هاتوچۆی هەولێر ڕای گەیاند، لە باڵەخانە نوێیەكەدا سیستەمی نوێ پەیڕەو دەكرێت و هاووڵاتییان بۆ بەدەستهێنانی چەكی بانك پێویست ناكات بچنە بانكەكانی تر، چونكە لقی بانكی زانكۆ لەناو بەرێوەبەرایەتییەكەدا كراوەتەوە.
سەبارەت بە پشكنینی ئۆتۆمبێل، فازڵ حاجی گوتی، هێشتە شوێنی پشكنینی ئۆتۆمبێل تەواو نەكراوە، بۆیە هاووڵاتییان دەبێت سەردانی بەشی پشكنین لە كەسنەزان و ڕێگەی گوێر بكەن.
دەست پێ كردنەوەی مامەڵەی هاووڵاتییان لە بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لەكاتێكدایە كە ماوەیەكە كارەكان وەستاون بەهۆی گواستنەوەیان بۆ باڵەخانەی نوێ لە ڕێگەی شارەدێی بەحركە.
وشە -
سهرخێڵ هاشم