کورد و سوننە بە مەرجەوە دەنگیان دا
هەڵبژاردن لە ١٢ی ئایار ئەنجام دەدرێت

:: PM:03:45:22/01/2018 ‌

دواجار پەرلەمانی عێراق دەنگی بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان دا، چەند مەرجێكیش دەستنیشان كران تا لە كاتی یاسایی خۆیدا هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدرێن، بەمەش كورد و سوننە دەنگیان بە یاساكە دا.

دوای ئەوەی دوێنێ 21ی كانوونی دووەم، دادگای باڵای فیدڕاڵ پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی یەكلا كردەوە و بڕیاری دا كە نابێت هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی دەستووری و یاسایی خۆیدا دوا بخرێت كە هەموو چوار ساڵ جارێك دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

دادگای باڵای فیدڕاڵ رای گەیاند، هیچ پاساوێكی دەستووری و یاسایی نییە رێ بە دواخستنی هەڵبژاردن بدات، بەمەش پەرلەمانی عێراق ناچار بوو كۆ ببێتەوە بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن.

ئەمڕۆ 22ی كانوونی دووەم، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 206 پەرلەمانتار لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن كۆ بووەوە، دوای گفتوگۆیەكی زۆر لە نێوان پەرلەمانتاران بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگ پەرلەمان هەمواری یاساكەی پەسند كرد كە لە 12ی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت بەو مەرجەی كە ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، دۆخی تەناهیی پارێزگاكان سەقامگیر بكرێت و ژینگەیەكی ئارام هەبێت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، لە هەموو پارێزگاكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە هەڵبژاردن لەسەر بنەمای دەنگدانی ئەلیكترۆنی ئەنجام دەدرێت و ئەو حزبانەی بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، نابێت باڵی چەكداریان هەبێت.

تاریق گەردی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" رای گەیاند، فراكسیۆنی پارتی دەنگی بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن داوە.

زیاتر گوتی "پێمان وایە بوونی ئەو مەرجانە داواكاری ئێمەشی تێدایە كە پێشتر داوای دواخستنمان كردبوو، بۆیە ئێستە لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن بكرێت بەو مەرجانەی كە حكوومەت خۆی لەسەر خۆی سەپاندوویەتی".

جگە لە فراكسیۆنی پارتی كە پێشتر داوای دواخستنی هەڵبژاردنی دەكرد، هەریەك لە فراكسیۆنەكانی كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەدا بوون هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوا نەخرێت و لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام فراكسیۆنی یەكێتی هاوشانی پارتی داوای دواخستنی دەكرد.

عەبدولعەزیز حەسەن پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" رای گەیاند، دوای دانانی ئەو مەرجانە، فراكسیۆنی یەكێتیش دەنگی بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن داوە.

زیاتر گوتی "پێم وایە حكوومەت ناتوانێت لەم ماوە كەمەی لە بەردەستیدا ماوە بتوانێت ئاوارەكان بگەڕێنێتەوە و رەوشی تەناهیی پارێزگاكان سەقامگیر بكات، لەگەڵ ئەمەشدا هەڵبژاردن ئەستەمە دوا بخرێت ئەگەرچی قسە لەسەر ئەوە دەكرێت مەرجەكان پاساون بۆ دواخستنی".

جگە لە فراكسیۆنە كوردەكان كە ئێستە هەموویان دەنگیان بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان داوە، ئەوا فراكسیۆنە سوننەكانیش بەشێكیان دەنگیان بە هەموارەكە داوە.

بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بێت، ئەوا هەڵبژاردن لە عێراق بەگوێرەی سیستەمی سانت لیگۆ و لەسەر بنەمای رێژەی 1.6، كە ئەم رێژەیە زیاتر لە بەرژەوەندیی حزبە گەورەكاندایە و زیان بە حزبە بچووكەكان و كەسە سەربەخۆكان دەگەیەنێت كە نەتوانن بگەن بە پەرلەمان.

 پەسندكردنی هەموارەكە دوای ئەوە دێت كە دوێنێ 21ی كانوونی دووەم، سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق و دەستەی سەرۆكایەتی لە كۆبوونەوەیاندا رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دەستنیشانكراو كە دادگای باڵای فیدڕاڵ بڕیاری لەسەر دابوو.



وشە - فه‌رمان سادق