فرۆشتنی فڕۆكەی ئەمەریكا بە ئێران لەسەر بڕیاری ترەمپ دەوەستێت

:: PM:05:00:19/11/2016 ‌

كۆمپانیای فڕۆكەوانی بوینگ رای دەگەیەنێت، دۆناڵد ترامپ هەر بڕیارێك لەبارەی پێدان یاخود پێنەدانی فڕۆكەی مەدەنی بە ئێران بدات، ئەوان پابەندی بڕیارەكە دەبن.

سەرباری ئەوەی دانوستانی كۆمپانیای بوینگ و كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر رادەستكردنی 80 فڕۆكەی مەدەنی كۆتای پێ هاتووە، گوتەبێژی فەرمیی ئەو كۆمپانیایە رای دەگەیەنێت، ئەو رێككەوتنەی ئێران و بوینگ بەندە بە بڕیاری سەرۆكی نوێی ئەمەریكاوە.

ئەمڕۆ شەموو، 19ی تشرینی دووەم/نۆڤەمبەر، تیم نیڵ، گوتەبیژی كۆمپانیای فڕۆكەوانی بوینگ رای گەیاند، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سیاسەتی وڵاتەكەی لەبارەی ئێرانەوە بگۆڕێت و فرۆشتنی فڕۆكە بە ئێران قەدەغە بكات، بوینگ رێز لەو بڕیارە دەگرێت و پێوەی پابەند دەبێت.

لەدوای رێككەوتنی ناوكی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 باراك ئۆباما رای گەیاند، كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی فڕۆكە دەتوانن وەك هاندانێكی ئێران بۆ دەستهەڵگرتن لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی، فڕۆكەی مەدەنی بەو وڵاتە بفرۆشن و جۆن كیری، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای بۆ ئەو مەبەستە راسپارد.

كۆماری ئیسلامیی ئێران كە زیاد لە 45% فڕۆكە مەدەنییەكانی بەهۆی گەمارۆی ئابووری و نەبوونی پارچەی یەدەگەوە خانەنشین كردووە، دانوستانەكانی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای ئیرباس و بوینگ دەست پێ كرد و گەیشتنە رێككەوتن كە لە هەركامیان 80 فڕۆكەی مەدەنی بكرێت، بەڵام ئەوە رووبەڕووی رەخنەی توندی كۆماریخوازەكانی نێو ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بووەوە.

كۆماریخوازەكان رایان گەیاند، باراك ئۆباما چەندان بەڵگەی روونی لەبەردەستە كە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی ئێران لەژێر دەستی سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتەن و چەندان جار ئاشكرا بووە كە بە فڕۆكەی مەدەنی چەك و تیرۆریستی بۆ سووریا و یەمەن گواستووەتەوە.

بڕیار بوو بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمەریكا ژمارەیەك لەو فڕۆكانە رادەستی ئێران بكرێن، بەڵام هەردوو كۆمپانیای بوینگ و ئیرباس رایان گەیاند، لە ئێستەدا ناتوانن هیچ فڕۆكەیەك رادەستی ئێران بكەن، ئێستەیش بوینگ بە فەرمی رای دەگەیەنێت، رادەستكردنی ئەو فڕۆكانە بەستراوەتەوە بە بڕیاری حكوومەتی نوێی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ.

سەرچاوە/ VOA- ئیرنا


وشە - هیدایه‌ت جان