پێاویك كه بهرپرسێكی وڵاتیشه، بە چوار فەیسبووک و شەش سیمکارتهوه، ناپاکی لە خێزانەکەی دەکات، خێزانەکەشی ئاگادری ئەو خیانەتانهیەتی و دەڵیت چاوەڕوان دەکات لە کاتێکی گونجاودا بیخاتە ناو بۆسەیەکەوە کە دەرچوونی لێی نەبێت. ئەو پیاوە، بەڕێوەبەری یەکێک لە فەرمانگەکانی حکوومەتە، ژنەکەی دەڵێت: دوای وەرگرتنی پۆستەکەی بووە بە "گورگی هار" و پەلاماری هەموو ئەو ژچ و ژنانە دەدات کە لە چواردهورین، ئەوانیش لە بەر پلە و پایە و پارەکەی چیی بوێت بۆی دەکەن.
چاوان ئەو ژنەیە کە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ناپاکیی هاوسەرگیری بەرانبەر دەکرێت، خاوەنی سێ منداڵە و فەرمانبەری یەکێک لە فەرمانگەکانی حکوومەتە، ئاگهداری هەموو کارەکانی هاوسەرەکەیەتی و دەڵیت زۆر بێ دەنگ بووه و خۆی ڕاگرتووه و کەمی ماوە.
چاوان دهڵێ، كاتێك زانیم زۆر ژن کە دەنگیان بە هیچ کوێ ناگات، لە ڕێگەی دهزگهی "وشە"وە توانیویانه نهێنیەکانی ژیانیان کە چەند ساڵێك لە دڵیاندا پەنگی خواردووهتەوە بگهیهنن بە هەموو خهڵك، هەر بۆیە منیش حهزم كرد ههمان ڕێگه بهكار بهێنم و بۆ ئێوه، باسی چیرۆکی ژیانم لەگەڵ هاوسەرەکەم بكهم و به كورتی بڵێم، من کردم بەو پیاوەی ئێسته، بەڵام هەر خۆیشم لە پیاوەتی دەخەم.
دهستپێكی ناسین
لە زانکۆ یەکتریمان ناسی. سێ ساڵ بەدوامەوە بوو، هەموو زانکۆ دەیزای شێت بووە و من پێی رازی نابم. من ڕازی نەبووم چونکە دەمزانی کەسێکی بێ مستەوا وهزری دواکەوتووە، بەڵام "خوا لە ناویی ببات" کۆڵی لێ نەدام و به بهڵێنهكانی كه دهبێته ئهو پیاوهی من دهخوازم، ڕازی کردم هاوسەرگیری لەگەڵ بکەم. دوای ئەوی زانکۆمان تەواو کرد، ماڵمان دانا و ژیانمان بە ئاسایی دەڕۆیی، بوو بە خاوەنی منداڵ و هەردووکمان فەرمانبەر بووین و بە مووچەکانمان دەژیاین، بەڵام ئەو هەرجارە و دەستی بۆ کونێک دەبرد بە هەزار فێڵ و تەڵەکەبازی، دوو بڕوانامهی تری لە دەرەوەی کوردستان وەرگرت. دەستی لەگەڵ یەکێک لە حزبە تازەکان تێکەڵ کرد و خۆی کرد بە شتێكی گهوره تا گهیشت به مهرامهكانی بهڵام ماڵی خۆی ویران کرد.
ههنگاوهكانی گۆڕانی گۆران
گۆران هاوسەری چاوانە. بەڕیوەبەری یەکێک لە فەرمانگەکانی حکوومەتە، دوای ئەوی دوو بڕوانامە بە پارە لە دەرەوەی کوردستان بەدەست دەهێنێت (وهك چاوانی هاوسهری باسی دهكات)، لە ڕێگەی یەکێک لە حزبەکانەوە دەکرێت بە بەڕیوەبەر، لەگەڵ دەستکردن بەو کارەشیدا، هەموو شتێک دەست بە گۆڕانکاری دەکات.
چاوان ئاماژە بەوە دەکات، دوای ئەوەی دەستبەکار بوو، پێوەندیەکانی زۆر فراوان بوون. سەفەرکردن و نەگەڕانەوە بۆ ماڵهوه و فێڵەکانی به ناوی سهرقاڵیی كارهوه دەستیان پێ کرد، سەرەڕای ئەوەی هیچ ئاگای لە من و منداڵەکان نەما، ماوەیهکی زۆر قبووڵم کرد و بێ دەنگ بووم، بەڵام دواتر بیرم کردەوە، ئەو پیاوەی تا دوێنی نان نەبوو بیخوات لە خانووی ماڵی باوکی من بە مووچەی مانگانە دەژیاین، بەچی و چۆن گەیشت بەوە؟ من کە ژنی بووم نەم دەزانی چۆن! ئەی دەبێت بە چی کردبی؟ ئەو وەڵامەم ئێستهیش دەست نەکەوت، چونکە هەر کات لە گۆرانم دەپرسی، پیی دەگوتم ئێ من خوێندم و من توانام زۆرە و زیرەکم بۆیە گەشتووم بەو پلەیە. زۆر جار توڕە دەبوو، دەیگوت تۆ ئیرەیی بە من دەبەی.
ئاشكرابوونی ناپاكییهكان
دوای ئەو هەموو پرسیارانەی بەبێ وەڵام بۆ چاوان دەمێننەوە، بڕیار دەدات چاودێری بکات. دوای چەند بەدواداچوونێک بۆی دەر دەکەوێت، کە چەندان پێوەندی جیاوازی هەیە. چاوان دەڵێ: هەر ئەوە نەبوو گۆران چوار فەیسبووکی هەیە کە بە سەدان کچی لەلەیە و هەریەکیان بە جۆرێک قسەی لەگەڵ دهكهن، بۆم ئاشكرا بوو كه شەش سیمکارتی هەیە، دوانیان تایبەتن بەو کەسانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانهوه پێوەندی لەگەڵیان هەیە و كاری بهدیان لگهڵ دهكات.
"ناپاکیی هاوسەرەکەم سنووری نههێشتووەتهوه، من ئاگاداری هەموو شتێکم، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەم لە لوتکەوە بیهێنمە ژێر خاڵی سفر".
چاوان دەیەوێت داهاتووی خۆی و منداڵەکانی دەستەبەر بکات، ئەوکات ئەوەی گۆران وا دەزانێت کەس پێی نازانێت، هەمووی ئاشکرا بکات و کارێکی وەها بکات کە لە پۆستهكهی بە جۆرێک دەر بکرێت، وەرگرتنەویە نەبێت. ئەو ناشی شارێتەوە، ئێسته بە چەندان جۆر خەریکە لەگەڵ هاسەرەکەی تاوەکو ئەو موڵکانەی هەیانە بیانکات بە ناوی منداڵەکانیانەوە و دەڵێ: هەر ئەو کارەی تەواو کرد، ئیتر ڕوویەک نیشانی هاوسەرەکەی دەدات، ههرگیز پێشتر خەیاڵشی بۆی نەچووە.
ناوهكان خوازراون و له جێی ناوه ڕاستییهكان لهبهر دۆخی ژنهكه گۆڕاون و لای "وشه" پارێزراون.
وشه/ ئیڤان عهبدولڕهحمان