پۆلیسی گەرمیان ئاشكرای دەكات تەرمی ژنێكیان بە سووتێنراوی دۆزیوەتەوە كە بەهۆی رێژەی زۆری سووتانەكەی نەتوانراوە بناسرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 22ـی كانوونی دووەم، ڕائید عەلی قەدۆ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەم لەگوندی هۆمەربل سەربەشارەدێی سەرقەڵا تەرمی ژنێك ب ەسووتێنراوی دۆزرایەوە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، دوای ئاگەدار كردنەوەی پۆلیس لە حاڵەتەكە ئەوتەرمەیان بۆ بەشی پزیشكی دادوەری شارۆكەی كەلارییان هێنا، بەڵام بەهۆی تەواوی سووتانی تەرمەكەوە و نەبوونی ناسنامە نەتوانرا ئەوتەرمەبناسرێتەوە، بۆیە بەمەبەستی پشكنین و ئاشكراكردنی ئەو تەرمە ڕەوانەی پزیشكی دادوەری سلێمانی كرا و پۆلیسیش لە شوێنێ ڕووداوەكە دەستی بەلێكۆڵینەوە كردووە.
دوێنی یەكشەم 21ی كانوونی دووەم، تەرمی ژنێك كە بەگوێرەی لێدوانی پۆلیس، تەمەنی لە نێوان 19 بۆ 20 ساڵان دەبێت، لە نێوان دوو گوندی سەر بە شارۆكەی كۆیە دۆزرایەوە، بڵاوبوونەوەی وێنەی تەرمەكە كە پێ دەچێلە شاخێكەوە خرابێتە خوارەوە كاردانەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێ كەوتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 22ی كانوونی دووەم، سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كۆیە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە لێكۆڵینەوەكان لە كوژرانی ئەو ژنە تەواو نەبووە، بەڵام پۆلیس چاوەڕێدەكات بۆ ئەوەی ناسنامەكەی ئاشكرا بكرێت و كەسێك وەك خاوەنی دەربكەوێت.
ئارام جەلیل توێژەری كۆمەڵایەتی بۆ "وشە" گوتی، تا چەكەكان لە دەست هاووڵاتییان بێت دیاردەی كوشتن كەم ناكات بەڵكو زۆر دەبێت بۆییە پێویستە ڕێگری بكرێت لە هەڵگرتنی چەكی بێمۆڵەت.
ئەو توێژەرە زیاتر گوتی، بەگوێرەی توێژینەوەیەك كچ لە تەمەنی 20 ساڵیش توانای ڕاستكردنەوەی هەڵەی هەیە بۆیە پێویست بە كوشتن ناكات.
لەسەرەتای ساڵی 2018 ئەوە سێیەمین ژنە دەكوژرێت لە هەرێمی كوردستان كە ساڵانە چەندین هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوە بۆ ڕێگری لە توندوتیژی ئافرەتان بەڕێوە دەچێت لە هەرێمی كوردستان.