یەپەگە شارۆكەیەك تۆپباران دەكات
توركیا لە قۆڵێكی ترەوە هێرش دەكاتە سەر عەفرین

:: PM:05:34:22/01/2018 ‌
شەڕ و ئالۆی لە عەفرین بەردەوامە و هێزە چەكدارەكانی توركیا، لەگەڵ سوپای سووریای ئازاد لەچوارچێوەی كردەوەگەلی لقی زەیتوندا، دەستیان بە هێرشكردن كرد بۆ سەر عەفرین لە قۆڵی رۆژهەڵاتەوە.

ڕۆژی هەینی 19ی كانوونی دووەم/یەنایەر دوای كۆكردنەوەی هێزێكی زۆر لە پارێزگای هاتای وڵاتی توركیا كە هاوسنوورە لەگەڵ شاری عەفرین، تۆپخانەكانی توركیا بەچڕی دەستیان بە بۆردمانی شاری عەفرین و گوند و ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە كرد، ئەمەیش دوای ئەوە دێ ڕووسیا نەرمی نوواندووە و ئەمەریكایش تەنیا بە لێدوان و قسەی نیگەرانی خۆی لە ئەنجامدانی هێرش كردنە سەر عەفرین ڕاگەیاندووە، بەوهۆیەوە لە ڕۆژی شەموو 20 كانوونی دووەم/یەنایەر فڕۆكەكانی توركیا بە چڕی دەستیان بە بۆردمانی ئاسمانی شارەكە كردووە و هێزەكانی یەپەگەیش دووپات لەوە دەكەنەوە، كە بەرگری لە شارەكە دەكەن و هەرگیز بۆ توركیا چۆڵی ناكەن.

ئەمڕۆ دووشەم 22ی كانوونی دووەم، ئاژانسی "ئانادۆڵو" رای گەیاند كە لە سێیەم رۆژی كردەوەگەلەكەدا سوپای توركیا لە ناوچەی "عەزاز"ەوە لە رێگەی وشكانییەوە چوونەتە ئەو شوێنەی كە ئامانجیان بووە.

لە بەشێكی تری هەواڵەكەدا هاتووە، لە شاخی بوورسەیاوە كە بەسەر شاری كلیس-ی توركیا و عەزازی ژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریادا دەڕوانێت، ناوبەناو بە مووشەك هێزەكانی یەپەگە هێرش دەكەن.

هاوكات باس لەوەیشكراوە كە هێزەكانی یەپەگە، گوللـە هاوەنێكیان ئاراستەی شارۆكەی "كركهان"ی سەر بە پارێزگای هاتای كردووە و لە ئەنجام دا كەسێك گیانی لەدەستدا و دوو كەسی تریش برینداربوون.

لەلایەكی ترەوە هەر ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی كۆماری توركیا وەڵامی ئەمەریكای دایەوە و رای گەیاند، "كەس با رێگەمان بۆ دانەنێت".

زیاتر گوتی، ئامانجی سەرەكی توركیا لەم كردەوەگەلەدا لە پاڵ ئاسایشی نیشتمانییدا، رۆڵ بینینە لە دەستەبەركردنی یەكپارچەیی خاكی سووریا و ئاسایشی گیان و ماڵی گەلی سووریا.

ڕوونیشی كردەوە، كردەوەگەلی عەفرین هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات كە گەیشتە ئامانجەكانی كۆتایی دێت، ئەمەریكا دەڵێت، پێویستە وادەكەی دیارییكراو بێت، زۆر درێژە نەكێشێت، ئەگەر وایە، من لە ئەمەریكا دەپرسم، ئایا كاتی ئێوە لە ئەفغانستان دیارییكراوە، كەی تەواو دەبێت ئەو ماوەیە؟ ئێوە بەرلەوەی ئێمە دەسەڵات بگرینە دەست چوونە ناو عێراقەوە، ئایا ئەو ماوەیە لە عێراق تەواو بووە؟ هێشتا لە عێراقن.

شاری عەفرین یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و دەكەوێتە باكوری ڕۆژئاوای سووریا و سەر بە پارێزگای حەلەبی سووریایە و ڕووبەرەكەی سێ هەزار و 850 كیلۆمەتری دووجایە، بەگوێرەی ئاماری 2010 ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 523 هەزار كەس دەبێ و زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانەكەی كوردن.

دوای ئاڵۆزییەكانی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ڕژێم و خەڵك و وێرانكارییەكان كە لە 2011ەوە دەستیان پێ كرد، عەفرین لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل كۆنتڕۆڵ كرا و بوو بە بەشێك لەو ناوچانەی كە لە ژێر دەسەڵاتی كورد دا بەڕێوە دەبران و یەكێك لە كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا لە عەفرین بوو، بەڵام دەوڵەتی توركیا بۆ ڕێگری لە بەستنەوەی كانتۆنی عەفرین بە كۆبانێ، لە 25ی ئاب/ئۆگەستی 2015 لە جەرابلووس هێزەكانی سنووری سووریایان بەزاند و ناوچەی جەرابلووس و چەندان ناوچەی تریان داگیر كرد.

یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" هێزێكی چەكداری كوردی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە"ن و لە ساڵی 2011 لە ڕۆژئاوای كوردستان دامەزراوە و بە گوێرەی خەمڵاندنەكان تا ساڵی 2015 ژمارەی چەكدارەكانیان گەیشتووەتە 45 هەزار كەس، بەڵام دوای دەركردنی یاسای سەربازی زۆرەملێ، ژمارەی شەڕڤانانیان گەیشتووەتە 105 هەزار كەس. ئەوان لەلایەن ئەمەریكاوە هاوكاری دەكرێن و پێوەندییەكی تۆكمەیشیان لەگەڵ ڕووسیا و ڕژێمی ئەسەد هەیە، لە چوارچێوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕۆڵی باڵایان بینیووە لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە ڕەقە و دێرزوور و ناوچەكانی تری سووریا.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم