بەدواداچوون بۆ پێشمەرگە دیلەكان دەكرێت

:: PM:05:45:22/01/2018 ‌

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات چاوەڕوانی نووسراوی فەرمی وەزارەتی دادی عێراق دەكەن بۆ ئەوەی زانیاری لەبارەی پێشمەرگە دیلەكانی لای داعش وەربگرن كە ماون یان نا.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی كانوونی دووەم، ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەسەر داوای كەسوكاری پێشمەرگە دیلەكان كە گومانییان هەیە لەوەی پێشمەرگەكان بەشێكییان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە گیراوبن ئێستە لە زیندانەكانی بەغدابن بەدواداچوونمان كردووە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت، دوای ئاگەدار كردنەوەی وەزارەتی دادی عێراق ئەوان داوایان كرد زانیاریان لەسەر ئەو پێشمەرگانە بۆ بنێرین تا دڵنیا بیبنەوە كە ئایا لە بەغدا گیروان یان ئەو قسانە تەنیا دەنگۆیە.

جاف گوتی، وەزارەتی دادی عێراقی بە نووسراوی فەرمی وەڵاممان دەداتەوە لەسەر ئەو گومانانەی هەن، بۆیە ئێستە چاوەڕوانین وەڵاممان پێبگاتەوە لەلایەن بەغداوە.

بە گوێرەی دواین ئاماری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستە 62 پێشمەرگە چارەنووسییان نادیارە.

لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 داعش هێرشی كردە سەر هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك پێشمەرگە بە دیل گیران و بەشێكییان شەهید كران و بەشێكیشیان تا ئێستە چارەنووسیان نادیارە.




وشە - رامیار جەواد