یەكێتی مامۆستایان: كێشەی مووچە چارەسەر دەبێت

:: PM:06:20:22/01/2018 ‌

سبەی وەرزی دووەمی خوێندن لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستانت دەست پێ دەكاتەوە و یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیش ڕای گەیاند، داوایان لە سەرجەم مامۆستایان كردووە لە ئەركەكانیان بەردەوام بن.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی كانوونی دووەم، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی وەرزی دووەمی خوێندن دەست پێ دەكاتەوە، بۆیە زۆر گرنگە سەرجەم مامۆستایان لە قوتابخانەكانیان ئامادەبن.

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان گوتی، بەهۆی هاتنی ئەو لیژنەییەی وردبینی مووچە لە بەغداوە پێویست دەكات سەرجەم مامۆستایان ئامادەبن و لە هەر ئەگەرێكی سەردانی بۆ قوتابخانەكان پێویستە ئامادەیی مامۆستا هەبێت.

گەرمیانی ڕای گەیاند، داوامان لە سەرجەم مامۆستایان كردووە لە ئەركەكانیان بەردەوام بن و دڵنیایشیدا كەی كێشەی دواكەوتنی مووچە هێندەی نەماوە و كۆتایی دێت و مووچە دابەش دەكرێت.

لە ڕۆژی چواری كانوونی دووەم، بەغدا بە نووسراوێكی فەرمی داوای لە هەریەكە لە وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی كرد لیستی مووچەكانیان بنێرن تا وردبینی و كاری یاسایی بۆ بكرێت بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران، ئەوەش دوای سێ ساڵ لە بڕینی مووچەی هەرێمی كوردستان، ئێستەیش لیژنەی وردبینی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و تەرندروستی لە هەولێرن. 



وشە - رامیار جەواد