لە سلێمانی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان دابەش دەكرێت

:: PM:06:56:22/01/2018 ‌
بەرێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی ڕای گەیاند، سێ مادەی بەشە خۆراكی هاووڵاتییان گەیشتووەتە سلێمانی هاتنی بەشە خۆراكیش لە بەغداوە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم 22ی كانوونی دووەم، شەوكەت محەمەد بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە سێ مادەی بەشە خۆراكی هاووڵاتییان لە بەغداوە گەیشتووەتە شارەكە و دەست بە دابەشكردنی كراوە.

زیاتر گوتی، بەشە برنجی هاووڵاتییان ئی مانگی 10ی ساڵی 2017یە و و شەكریش ئی مانگی هەشتی هەمان ساڵە كە ئێستە دابەش دەكرێت. هاوكات دڵنیاییدا كە هاتنی بەشەخۆراكی مانگانە لە بەغداوە بەردەوامی دەبێت.

 مانگی رابردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق پسوولەی نوێی بەشە خۆراكی هاووڵاتییانی بۆ ساڵی 2018 چاپ كرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی زمانی كوردی لەسەر پسوولەكە نەبوو هەرێمی كوردستان رەتی كردەوە ئەو پسوولەیە وەربگرێت، بۆیە هێشتە پسوولەی نوێ‌ نەگەیشتووەتە دەستی هاووڵاتییان.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم