زانیاری نه‌بیستراو له‌سه‌ر ئه‌ندامی زمان

:: PM:08:09:22/01/2018 ‌
زۆربه‌مان زانیاری ته‌واومان له‌سه‌ر ئه‌ندامی زمان نییه‌ و ڕه‌نگه‌ هیچ كات بیرمان له‌و نه‌كردبێته‌وه‌ ئه‌و پارچه‌ گۆشته‌ ده‌بێت جگه‌ له‌ قسه‌ كردن سوودی چی ترى هه‌بێت و ئایا ئه‌م پارچه‌ گۆشته‌ نه‌خۆش ده‌كه‌وێت؟. هه‌موو ئه‌مانه‌ و زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌ندامی زمان ئاشكرا ده‌كه‌ین.

زمان چییه‌؟

زمان ماسكولكه‌یه‌كی هایدرۆستاتییه‌، له‌ ناوی ده‌می هه‌موو زینده‌وه‌رێكدایه‌، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ لێره باسی ده‌كه‌ین زمانی مرۆڤه‌ و زمان له‌ كۆمه‌ڵێك ماسوولكه‌ى شانه‌یی پێكهاتووه‌ كه‌ یارمه‌تی جووین و ئاودیكردنی خواردنه‌كان ده‌دات.

زمان به‌ هۆی هه‌بوونی كوونیله‌ی بچووك له‌سه‌ری، بووه‌ته‌ ئه‌ندامی چێشتن و تامكردنه‌ له‌ جه‌سته‌دا ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زمان یارمه‌تیمان ده‌دات كاتی قسه‌كردن به‌ هاتوچۆ پێكردنی جۆراو جۆر بیجووڵێنین، زمان به‌ هۆی لییكاوی ناوده‌م به‌رده‌وام به‌ ته‌ڕی ده‌مێنێته‌وه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر ده‌مار و ڕه‌گ یارمه‌تی زمان ده‌ده‌ن بۆ جموجۆڵ كردن، هه‌ندێك زمان، وه‌ك به‌هێزترین ماسوولكه‌ی جه‌سته‌ی مرڤ داده‌نرێت.

زمان به‌ پیسترین شوێنی جه‌سته‌ هه‌ژمار ده‌كرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌یی هه‌ر له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ئاو و تف و خۆراكه‌ جۆراوجۆره‌كان ده‌خورێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هه‌ڵمژینی هه‌وایه‌كی زۆر به‌ درێژایی ته‌مه‌ن.

چۆن زمان پاك بكه‌ینه‌وه‌ و سوودی چییه‌؟

به‌پێی گوته‌ی پزیشكه‌كان، زمان هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ بۆ درووست بوونی بۆنی ناخۆشی ده‌م، چونكه‌ به‌شێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی په‌یدابوونی به‌كتریا و میكرۆب یان هه‌وكردنه‌ له‌ جه‌سته‌دا، بۆیه‌ پێویسته‌ زمان ڕۆژانه‌ جارێك هه‌وڵی پاك كردنه‌وه‌ی بدرێت، پزیشكه‌كانیش ئامۆژگاری خه‌ڵك ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ شۆردنى ددانه‌كانیان هه‌وڵبده‌ن زمانیشیان بشۆن، چونكه‌ ڕزگارتان ده‌كات له‌ بۆنی ناخۆشی ده‌م.

هه‌روه‌ها ڕێگه‌ ده‌گرێت له‌ بوونی میكرۆب و به‌كتریا له‌سه‌ر زمان،  به‌رگری ده‌م و ددانه‌كان به‌هێز ده‌بێت دژی هه‌وكردن و به‌كتریا و هه‌موو جۆره‌كانی تری نه‌خۆشی، پاراستنی ته‌ندروستی زمان ده‌بێته‌ هۆی باشتركردنی كرداری هه‌رس چونكه‌ رێگری ده‌كات له‌ چونی به‌كتریا بۆ گه‌ده‌.

1- پاككردنه‌وه‌ی زمانه‌كان فلچه‌ی تایبه‌ت به‌خۆى هه‌یه‌ یا هه‌ندێك جار هه‌مان ئه‌و فڵچه‌یه‌ی بۆ خاوێن كردنه‌وه‌ی ددانه‌كانت به‌كاری ده‌هێنیت ڕووی ئه‌و دیووی سه‌ره‌كه‌ی تری شوێنی خاوێن كردنه‌وه‌ی زمانی هه‌یه‌.

2-  شه‌وان پێش خه‌وتن هه‌وڵبده‌ به‌ خوێ ناو ده‌مت و زمانه‌كانت خاوێن بكه‌یته‌وه‌.

3- دوو شه‌و جارێك كه‌وچكێك زه‌یتی گوێزی هیندی بۆ شۆردنی ده‌م و غه‌رغه‌ره‌كردنی بۆ چه‌ند خووله‌كێك  و پاشان كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی، یارمه‌تی پاككردنه‌وه‌ی زمان ده‌دا و ڕێگه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی به‌كتریا له‌سه‌ر ڕووی زمان ده‌گرێت.

4- به‌كارهێنانی سۆده‌ له‌ ڕێگه‌ی فلچه‌ی زمانه‌وه‌ پاشان سڕینه‌وه‌ی زمان به‌ سۆده‌ به‌مه‌ش زه‌ردبوون و چینی نیشتوو له‌سه‌ر زمان، ڕای ده‌ماڵێ و به‌كتریا له‌ناو ده‌با و ڕێگه‌ له‌ ناخۆشی بۆنی ده‌م ده‌گرێت.

ئایا زمان نه‌خۆش ده‌كه‌وێت؟ 

ره‌نگ و شێوه‌ و قه‌باره‌ی زمان ده‌توانێت زۆر شتی جیاواز له‌باره‌ی ته‌ندروستی مرۆڤه‌وه‌ بڵێت، تایبه‌تمه‌ندی و شوێنی جیاواز هه‌یه‌ له‌سه‌ر زمان كه‌ ده‌كرێت پشكنینی بۆ بكرێت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی باری ته‌ندرووستی جه‌سته‌.

ره‌نگی زمانی ئاسایی په‌مه‌ییه‌، به‌بێ هه‌بوونی هیچ جۆره‌ درزێك یان شه‌قبوون یان به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ك یا خواروخێچییه‌ك له‌ قه‌راغه‌كانیدا وه‌ك شه‌پۆل، زمانیش وه‌ك هه‌رئه‌ندامێكی ترى جه‌سته‌ دووچاری نه‌خۆشی ده‌بێته‌وه‌، زمان به‌به‌شێكی هه‌ستیاری له‌ش داده‌نرێت، بۆیه‌ ده‌بێت ئاگه‌داری بین و بیپارێزین وه‌ك شوێنه‌كانی تری له‌ش، چه‌ندین كێشه‌ هه‌یه‌ تووشی زمان ده‌بێت، ئه‌وانیش:-

1-  له‌ڕووی ڕه‌نگه‌وه‌/ زمان كاتێك بێ كێشه‌یه‌ و له‌بارێكی ته‌ندرووستدایه‌ كه‌ ڕه‌نگێكی په‌مه‌یی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر هاتوو ڕه‌نگی سورێكی كراوه‌ یا تۆخ بوو تووشی نه‌خۆشی بووه‌.

2- قڵیشانی زمان/  قڵیشندنه‌كه‌ په‌رش و بڵاوه‌ و هێڵه‌كانی رێك نین.

3- بڕینی زمان یان ده‌م.

4- سپیی بوونی ڕه‌نگی زمان/ زۆرجار زمان ڕه‌نگی سپی ده‌بێ، یان په‌ڵه‌ی سپی له‌سه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر له‌كاتی دروستبوونی ئه‌و پڵانه‌ له‌ نێو ده‌م، هاوكات هه‌ستتان به‌ ئێشیش كرد له‌ زمانتان، ئه‌وا به‌خێرایی سه‌ردانی پزیشك بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ی ده‌م دێته‌ ئاراوه‌.

بۆ زانین:

ئه‌گه‌ر زمان ڕه‌نگی قاوه‌یی یا ڕه‌شى هه‌بوو، مه‌ترسه‌ و هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێتوه‌ بۆ پاكنه‌بوونی زمان، هه‌ندێك جاریش به‌هۆی خواردنی هه‌ندێك دژه‌ به‌كتریا (ئه‌نتیبایۆتیك)ی دیاریكراوه‌وه‌ ڕووده‌دات، باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م حاڵه‌ته‌ بریتییه‌ له‌ شۆردنى ناو ده‌م و ددانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام. 

هه‌بوونی هه‌ڵئاوسانی وردی بچكۆله‌ی زۆر له‌سه‌ر زمان ده‌كرێت به‌هۆی فشاری ده‌روونی زۆره‌وه‌ درووستبێت، بۆیه‌ واباشه‌ گه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌سه‌ر زمانت ده‌ركه‌وت، هه‌وڵبده‌یت خۆت له‌ فشاری ده‌روونی بپارێزیت.

سه رچاوه: wikipedia - webmd


وشە - محەمەد میران