حكوومەت و پەرلەمان كۆ دەبنەوە

:: PM:08:43:22/01/2018 ‌

بەمەبەستی بەدواداچوون و ئاشنابوون بە كارەكانیان لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و نوێنەرانی هەردوو وەزارەتی دارایی و سامانە سرووشتییەكان و نوێنەری كۆمپانیای "دیلۆیت" تایبەت بە وردبینی لە داهاتی نەوت كۆ دەبنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی كانوونی دووەم، لە ڕاگەیەندراوێكی پەرلەمانی كوردستان هاتووە، لیژنەی سامانە سروشتییەكان و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری كۆمپانیای دیلۆیت كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا كە بە ئامادەبوونی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمان بەڕێوەچوو، لەلایەن نوێنەرانی حكوومەتی هەرێم و نوێنەری كۆمپانیای دیلۆیتی جیهانیی تایبەت بەوردبینیكردن لە چۆنیەتیی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم، روونكردنەوەی پێویست و ورد لەبارەی پڕۆسەی هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ پەرلەمانتاران خرایە ڕوو.

لە ڕاگەیەندراوەی پەرلەمانی كوردستان هاتووە، نوێنەری كۆمپانیای دیلۆیت چۆنیەتیی شێوازی كاركردنی كۆمپانیاكەی لەسەر ئاستی دنیا و چۆنییەتی كاری وردبینیكردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و پرۆسەی دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت و فرۆشتنی بەرهەمەكانی بۆ پەرلەمانتاران روون كردەوە، هەروەها لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكە بە داتا و زانیارییەوە، لەلایەن نوێنەری كۆمپانیای دیلۆیت كۆی پرۆسەی هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ نیوەی یەكەمی ساڵی 2017ی وەك نموونەی كار بۆ پەرلەمانتاران خرایە ڕوو.

ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و نوێنەرانی هەردوو وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەكان، چەندان زانیاری و داتایان لەبارەی لێپرسراویەتییە یاسای و تەكنیكییەكانی پەیوەست بەكاری میرییەوە بۆ پەرلەمانتاران خستە ڕوو.

دەستەی سەرۆكایەتی و ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی پیشەسازی و وزەی پەرلەمان، چەندان پرسیاریان لەبارەی چۆنیەتیی فرۆشتنی نەوت لەبەندەری جیهان و داهاتی گشتی كە لەرێگەی هەناردەی نەوت بە تانكەر و پشك و داهاتی پاڵاوگە سەرەكییەكان ئاراستەی سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و نوێنەرانی هەردوو وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەكان كرد و هەر لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا جارێكی ڕۆژی سێشەمی داهاتوو كۆ ببنەوە.

 كۆبوونەوەی ئەو لیژنەیەی پەرلەمان و حكوومەت لە كاتێكدایە هەفتەی ڕابردوو كۆمپانیای دیلۆیت ووردبینی كارەكانی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاو كردەوە.




وشە - رامیار جەواد