ئەگەر زێدان لە ریال مەدرید دەربكرێ دەبێتە راهێنەری ئەم یانەیە؟

:: AM:09:22:23/01/2018 ‌

یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی لە ئێستاوە پلانی داڕشتووە لە كاتی دەركردنی زێنەدین زێدان لەلایەن یانەی ریال مەدریدەوە بۆ وەرزی داهاتوو دەیكات بە راهێنەری تیپەكەی.

رۆژنامەی (دیاریۆ سپۆڕت)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: سەرۆكایەتی یانەی پاریس سان جێرمان لە ئێستادا بیر لە دەركردنی ئۆنای ئێمری راهێنەری ئێستای تیپەكەی دەكاتەوە، چونكە پێیوایە ناتوانێ ئامانجەكانیان بهێنێتە دی بەتایبەتیش لەسەر ئاستی ئەوروپادا.

ئێمری پارساڵ نەیتوانیبوو ناسناوی خولی فڕەنسا بەدەست بێنێ و پێش یانەی مۆناكۆ بكەوێتەوە، هەروەها لە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپاشدا شەرمەزارییەكی گەورەی بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی تووش هاتبوو دوای ئەوەی لە یاریی چووندا بە 4 گۆڵی بێ وەڵام بردبوویەوە، بەڵام لە یاریی گەڕانەوەدا بە ئەنجامی 6-1 گۆڵ دۆڕا بوو و لە پاڵەوانیەتییەكە كرابووە دەرەوە.

سەرۆكایەتی یانەی پاریس سان جێرمان پێیوایە زێدان باشترین راهێنەرە بۆ تیپەكەیان دوای ئەوەی لە دوو وەرزی رابردوودا ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپای بۆ یانەی ریال مەدرید بەدەستهێنابوو، هەروەها لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەستێرەكان شارەزاییەكی باشی هەیە و جگە لەوەش خۆی فڕەنسییە.

جێی باسە هەرچەندە گرێبەستەكەی زێدان لەگەڵ یانەی ریال مەدرید تا ساڵی 2020 بەردەوامە، بەڵام بۆ وەرزی داهاتوو شوێنەكەی لەق بووە بەهۆی ئەوەی لە وەرزی ئەمساڵدا ئەنجامەكانی لە خولی ئیسپانیا و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا وەك پێویست نییە و تاڕادەیەك هەلی بردنەوەی هەردوو ناسناوەكەی لاوازە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م