هاوپەیمانیی نێوان حزبەكان بۆ هەڵبژاردن بە چی گەیشت؟

:: AM:11:53:23/01/2018 ‌

دواجار پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا هەڵبژاردن لە 12ی ئایاری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت و كۆمسیۆن 27 هاوپەیمانیی سیاسی راگەیاند كە لە 143 حزب پێك هاتووە.

خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری ئەمساڵ بە بەشداری 24 ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی بەڕێوە دەچێت بۆ هەڵبژاردنی 328 ئەندام لە 18 پارێزگای عێراقدا.

بەگوێرەی دوا زانیارییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، 143 حزبی سیاسی خۆیان تۆمار كردووە لە چوارچێوەی 27 هاوپەیمانیەتی. بە گشتی هاوپەیمانیەتییەكانی پێكهێنراوە دابەشی سەر سێ بەش دەبن، كورد، سوننە و رەوتە شیعەكان.

كورد بە سێ لیست بەشداری دەكات
هەرچی پێوەند بە كورد هەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە دوو لیستی جیاواز بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و بەرهەم ساڵح بە ناوی هاوپەیمانی لە پێناو دیموكراسی و دادپەروەری بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن. پێوەند بە كەركووكیش، هەموو هێزە عەرەبییەكان بە یەك لیست بە سەرۆكایەتی راكان جبووری هاوپەیمانیەتییەكیان پێكهێناوە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن.
 
سوننەكان دوو هاوپەیمانیەتییان راگەیاند
هەرچی پێوەند بە سوننە هەیە، رەوت و حزبە سوننەكان بە چەند هاوپەیمانیەتییەك بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.
ئەیاد عەللاوی، سەلیم جبووری و ساڵح موتڵەگ هاوپەیمانیی نیشتمانییان راگەیاندووە، هاوكات ئوسامە نوجێفی, خەمیس خەنجەر و رافع عیساوی، هاوپەیمانیی قەراری عێراقییان راگەیاندووە و بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەكەن.

بە گشتی سوننەكان دابەشی سەر دوو هاوپەیمانیەتیی زۆر بە هێز بوونە، پێشبینی دەكرێت ئەمجارە سوننەكان بەشدارییەكی كارایان هەبێت ئەگەر دوای هەڵبژاردن هەردوو هاوپەیمانیەتییەكە یەك بگرن.

شیعەكان چوار هاوپەیمانیەتییان راگەیاندووە
بەگوێرەی دوا هەواڵ لەبارەی رەوتە شیعەكانەوە كە پێ دەچێت بە زیاتر لە دوو هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردن بكەن و لە رۆژانی داهاتووشدا جووڵەی زیاتر و گۆڕانكاری زیاتر لەناو ماڵی شیعە روو دەدات بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیی نوێتر.

 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاوپەیمانی نەسڕی راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی حزبی دەعوە لە هەڵبژاردن كشایەوە و نووری مالیكی سكرتێری حزب بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەشداری لە هەڵبژاردنەكە كرد.

رەوتی حیكمەی وەتەنی بە سەرۆكایەتیی عەماڕ حەكیم بووە هاوپەیمانی عەبادی، لە بەرانبەردا هادی عامری ئەمینداری رێكخراوی بەدر و یەكێك لە سەركردە دیارەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، هاوپەیمانی فەتحی راگەیاند كە 21 گرووپی میلیشیاكانی حەشد لە خۆی دەگرێت.

لە سەرەتادا هاوپەیمانی فەتح چووە پاڵ عەبادی، بەڵام دوای فراوانبوون و چوونی رەوتی تر بۆ ناو هاوپەیمانیەتییەكە، هاوپەیمانی فەتح لە هاوپەیمانی نەسڕ كە عەبادی سەركردایەتی دەكات كشایەوە. ئەگەرچی لە سەرەتادا وا بڵاو كرایەوە كە هۆكاری كشانەوەكە پێوەندارە بە عەماڕ حەكیم و رەوتی حیكمە، بەڵام دواتر عامری رەتی كردەوە كێشەی لەگەڵ رەوتی حیكمە و عەماڕ هەبێت و رای گەیاند رەنگە دوای هەڵبژاردن بتوانین بەیەكەوە كار بكەین.

هاوكات رەوتی سەدر هاوپەیمانیەتی سائیرونی راگەیاندووە كە لەناویاندا كەسانی سیكۆلار و نەتەوەیی و حزبی شیوعیی عێراقیش هەیە.

لای خۆشیەوە نووری مالیكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای راگەیاند كە رێككەوتنی كردووە لەگەڵ مۆفەق روبێعی راوێژكاری پێشتری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و عەلی وەتووت.

ئەوەی پێوەندە بە رەوتە شیعییەكان، بەشێوەیەكی گشتی چەند لایەنێكی سیاسیی دەركەوتوو هەن كە بوونێكی بەهێزیان هەبووە لە رابردوودا، لەوانە رەوتی سەدر بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر، حزبی دەعوە بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی، رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەماڕ حەكیم و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستەی عێراق.

دوو لەو جەمسەرانە دەتوانن بەیەكەوە هاوپەیمانی رابگەیەنن و حكوومەت پێكبهێنن، ئەمەش لای رەوتە شیعییەكان و ئەوانی تریش روون و ئاشكرایە.

بۆیە ئەوەی ئەو جەمسەرانە ناچار دەكات، ئەوەیە كە هیچ كامێكیان بە تەنیا ناتوانن حكوومەت پێكبهێنن و هاوكات تێبینیشیان لەسەر یەكتر هەیە، بۆیە ناچارن كۆ ببنەوە و رێككەوتن لەسەر بەرنامەیەكی هەڵبژاردن بكەن.

هەرچی پێوەند بە رەوتی سەدرە كە گرنگی بە مەرجعیەت دەدات و پلانی خۆی لەسەر بنەمای تێفكرینی مەرجەعیەت داڕشتووە كە لەگەڵ ئەوە دایە حكوومەتی داهاتووی عێراق حكوومەتێكی تەكنۆكرات بێت، ئەمەش وای كردووە هاوپەیمانی لەگەڵ كەسانی سێكۆلار و شیوعی و نەتەوەیی بكات.

بەڵام رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی حەكیم، زۆر دووپاتی لەسەر گەنجان كردووەتەوە، لە پاڵ ئەمەشدا گرنگی بە بەرنامەیەكی وردی ئاوەدانكردنەوە دەدات و دەیەوێ سوود لە توانای گەنجان وەربگرێت كە بەلای ئەو گرنگ نییە حزبی بێت یان نا، ئەم سێ تەوەرەشی كرووە بە مەرج بۆ بەستنی هەر هاوپەیمانیەتییەك.

بەگوێرەی هەواڵەكانیش عەبادی بە مەرجەكانی رەوتی حیكمە رازی بووە كە عەمار حەكیم دایناوە.
 
جێی باسە لەم خولەی ئێستەی پەرلەمانی عێراقدا، رەوتە شیعەكان دواجار لەژێر گوشاری ئێران و مەرجەعیەت هاوپەیمانی نیشتمانییان راگەیاند و بە هەموویان 183 كورسی لە كۆی 328 كورسییان هەیە، بۆیە زۆر بە ئاسانی توانییان پۆستی سەرۆك وەزیران مسۆگەر بكەن و هەر یاسا و بڕیارێكیش بیانەوێت بە زۆرینەی تێی پەڕێنن، ئەوا دەتوانن.

بەڵام هەر رەوتێكی شیعە لەم چوار هاوپەیمانیەتییەی ئێستە بە فەرمی خۆیان راگەیاندووە بتوانێت زۆرترین كورسی بهێنێت، ئەوا پۆستی سەرۆك وەزیران لای ئەو دەبێت، تا ئێستەش پێشبینییەكان بە ئاراستەی ئەوە دەچن عەبادی بتوانێت پارێزگاری لە كورسییەكەی بكات.

سەرچاوە/ سكای پرێس


وشە - فه‌رمان سادق