بۆچی ئازاری قاچ دروست دەبێت

:: PM:02:11:23/01/2018 ‌

زۆر كات ئازاری لەكاتی خەوتندا دروست دەبێت، زانایان ئەم جۆرە ئازارە بە درێژخایەن دادەنێن، تەنیا لەیەك شوێندا دروست دەبێت كە ماسوولكەكانی بەشی خوارەوەی ئەژنۆیە، بە درێژی رۆژ بەهۆی جوڵەوە هەست بە ئازارەكە ناكەیت و ڕێگە لە ڕۆیشتنی خوێن لە دەمارەكاندا دەگریت و لە كاتی پشووداندا ماسوولكەكان تووشی ئەو ئازارە دەبن.

ئەو هۆكارانەی كە دەبنە هۆی دروستبوونی ئەم جۆرە ئازارە ئەمانەن:
یەكەم:وشكبوونەوە، كاتێك ئارەقەیەكی زۆر دەكەیت و ئاوی پێویست ناخۆیتەوە لەشت ئەلیكترۆلایت لەدەست دەدات، كە ئەم ئەلیكترۆلایتە كاری ماسوولكەكان بە دروستی دەهێڵێتەوە، لەئەنجامدا وشكبوونەوە لە لەشدا ڕوودەدات و زوو زوو دووچاری گرژبوونی ماسوولكەكان دەبیتەوە، ئەم ئەلیكترۆلایتە یارمەتی بچووك كردنەوەی ماسوولكە دەدات لەو كاتەی لەش ئەلیكترۆلایتی باشی نییە گرژی ماسوولكە دروست دەبێت و دەبێتە هۆی ئازار لە درەنگانی شەودا.

دووەم: سەرما، سەرما و پلەی گەرمی نزم هۆكارێكە بۆ گرژبوونی ماسولكەكان،  بۆیە پێویستە لەكاتی نووستندا قاچەكانت دابپۆشیت، چونكە سەرما دەبێتە هۆی رەقبوونی ماسوولكە و دروستبوونی ئازار.

سێیەم: مانەوە لە شوێنێك بە درێژای رۆژ یان بۆ ماوەیەكی زۆر، مانەوە لە هەمان شوێن بەمانای ئەوە دێ‌ بۆ ماوەیەكی زۆر بەپێوە بوەستیت یان دابنیشیت، ئەوە گرژبوونی ماسوولكە دروست دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر قاچەكانت درێژ نەكەیتەوە، هەروەها لەپێكردنی پێلاوی پاژنە بەرز لەخانماندا بەهەمان شێوە ئازار دروست دەكات لە پێیەكان و بڕبڕەی پشت و قاچ.

چوارەم: ڕاهێنان كردن بەبێ‌ كشانی ماسوولكەكان، یەكێك لە گەورەترین هەڵە، لەكاتی ئەنجامدانی جوڵە وەرزشییەكاندا درێژنەكردنی ماسوولكەكانە چ لەپێشەوە بێت یان لە دوای وەرزشكردن، لەو كاتەی دەست دەكەی بە راهێنان بۆ بەهێزكردنی ماسوولكە یان بۆ لەشجوانی، پێویستە لەدوای ئەنجامدانی جوڵە وەرزشییەكان ڕێگە بە درێژبوونەوەی ماسوولكەكان بدەیت كە بكشێن، بۆ ئەوەی تووشی گرژبوون و برینداری نەبێت.

سەرچاوە/ powerofpositivity



وشە - ئاوات ئازاد