زیاتر لە دوو هەزار لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرا زمانی ئینگلیزی بەدەست دەهێنن

:: PM:02:29:23/01/2018 ‌
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هەزار لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی كوردستان، توانیویانە بڕوانامە ستانداردەكانی توانستی زمانی ئینگلیزی بەدەست بهێنن، ئەوەش بە دەسكەوتێكی زانستیی گرنگ بۆ زانكۆكانی كوردستان هەژمار دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 23ی كانوونی دووەم، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كە وێنەیەكی بۆ "وشە" هاتووەتە ناردن و تیایدا هاتووە، بڕوانامەی بۆردی پزیشكی بەخشرایە (٧٣) دەرچوو لە پێنج پسپۆڕی جیا كە ئێستە چوار كۆلێژی پزیشكی و چوار كۆلێژی پزیشكی ددان و سێ‌ كۆلێژی دەرمانسازی و چوار كۆلێژی پەرستاری لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا بوونیان هەیە.

لە وتارێكی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕای گەیاند، وەزارەت ڕەزامەندی نیشان داوە لەسەر كردنەوەی دوو كۆلێژی تری پزیشكی بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو لە زانكۆكانی (گەرمیان و زاخۆ) داوە. جگە لەو كۆلێژ و بەشانە چەندان بەشی تەندروستی و پزیشكی لە زانكۆ و  پەیمانگە حكوومی و تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان هەن.

یوسف گۆران باسی لە گرنگی و بایەخدان بەزمانی ئینگلیزی كرد و لەوبارەیەوە گوتی، یەكێك لە پڕۆژە گرنگەكانی وەزارەتەكەمان بایەخدانە بەزمانی ئینگلیزی وەك زمانی زانست، بۆیە لە چوارچێوەی پڕۆژەكاندان تا ئێستە لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا زیاتر لە دوو هەزار لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی كوردستان توانیویانە بڕوانامە ستانداردەكانی زمانی ئینگلیزی بەدەست بهێنن، ئەوە جگە لە گەڕانەوەی نزیكەی دوو هەزار لە دەرچووانی تواناسازی.

هەرێمی كوردستان بەپێی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، قوتابی بۆ وەرگرتنی لە بڕوانامەی زانستی باڵا، پێویستە پێنج و نیو لە زمانی ئینگلیزی بە دەست بهێنێت.
 



وشە - رامیار جەواد