پارتی بۆ دوو مەبەست داوای دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەكات

:: PM:02:30:23/01/2018 ‌
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی كوردستان دەكات و مەبەستیشیان لە ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە تاوتوێكردنی دۆخی عەفرین و ئامادەكردنی ڕاپۆرتی تایبەتە لەسەر دۆخەكە.

ڕۆژی هەینی 19ی كانوونی دووەم/یەنایەر دوای كۆكردنەوەی هێزێكی زۆر لە پارێزگای هاتای وڵاتی توركیا كە هاوسنوورە لەگەڵ شاری عەفرین، تۆپخانەكانی توركیا بەچڕی دەستیان بە بۆردمانی شاری عەفرین و گوند و ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە كرد، ئەمەیش دوای ئەوە دێ ڕووسیا نەرمی نواندووە و ئەمەریكایش تەنیا بە لێدوان و قسەی نیگەرانی خۆی لە ئەنجامدانی هێرش كردنە سەر عەفرین ڕاگەیاندووە، بەوهۆیەوە لە ڕۆژی شەموو 20 كانوونی دووەم/یەنایەر فڕۆكەكانی توركیا بە چڕی دەستیان بە بۆردمانی ئاسمانی شارەكە كردووە و هێزەكانی یەپەگەیش دووپات لەوە دەكەنەوە، كە بەرگری لە شارەكە دەكەن و هەرگیز بۆ توركیا چۆڵی ناكەن.

لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین كاردانەوەی زۆری لێ‌ كەوتەوە و جگە لە خۆپێشاندان و ناڕەزایی 41 حزبی تری هەر چوار پارچەی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رووداوەكانی عەفرینیان سەركۆنە كرد، لەسەر ئەو ڕووداوە تا ئێستە پەرلەمانی كوردستان هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجام نەداوە، بەڵام فراكسیۆنی پارتی داوای كۆبوونەوەی كردووە.

ئەمڕۆ سێشەم 23ی كانوونی دووەم، ئاواز حەمید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ژمارەیەك پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان داوایان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە دانیشتنێكی نائاسایی لەسەر دۆخی شاری عەفرین ئەنجام بدرێت.

زیاتر گوتی، داواكردنی دانیشتنەكە بۆ دوو مەبەستە كە یەكێكیان لەسەر ئەو پەلامار و هێرشانەی دەكرێتە سەر خەڵكی سڤیلی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان، هەروەها لیژنە پێوەندیدارەكانی ئەو بابەتە راپۆرتێك لەسەر دۆخەكە ئامادە بكەن.

شاری عەفرین یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و دەكەوێتە باكوری ڕۆژئاوای سووریا و سەر بە پارێزگای حەلەبی سووریایە و ڕووبەرەكەی سێ هەزار و 850 كیلۆمەتری دووجایە، بەگوێرەی ئاماری 2010 ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 523 هەزار كەس دەبێ و زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانەكەی كوردن.

دوای ئاڵۆزییەكانی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ڕژێم و خەڵك و وێرانكارییەكان كە لە 2011ەوە دەستیان پێ كرد، عەفرین لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل كۆنتڕۆڵ كرا و بوو بە بەشێك لەو ناوچانەی كە لە ژێر دەسەڵاتی كورد دا بەڕێوە دەبران و یەكێك لە كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا لە عەفرین بوو، بەڵام دەوڵەتی توركیا بۆ ڕێگری لە بەستنەوەی كانتۆنی عەفرین بە كۆبانێ، لە 25ی ئاب/ئۆگستسی 2015 لە جەرابلوس هێزەكانی سنووری سووریایان بەزاند و ناوچەی جەرابلوس و چەندان ناوچەی تریان داگیر كرد.

یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" هێزێكی چەكداری كوردی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە"ن و لە ساڵی 2011 لە ڕۆژئاوای كوردستان دامەزراوە و بە گوێرەی خەمڵاندنەكان تا ساڵی 2015 ژمارەی چەكدارەكانیان گەیشتووەتە 45 هەزار كەس، بەڵام دوای دەركردنی یاسای سەربازی زۆرەملێ، ژمارەی شەڕڤانانیان گەیشتووەتە 105 هەزار كەس. ئەوان لەلایەن ئەمەریكاوە هاوكاری دەكرێن و پێوەندییەكی تۆكمەیشیان لەگەڵ ڕووسیا و ڕژێمی ئەسەد هەیە، لە چوارچێوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕۆڵی باڵایان بینیووە لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە ڕەقە و دێرزوور و ناوچەكانی تری سووریا.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم