ئەسەد هەلەکە دەقۆزێتەوە..
ئەمەریکا چاوی لە عەفرینە نەکەوێ تا سازش بۆ تورکیا نەکات

:: PM:03:19:23/01/2018 ‌

ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون كە توركیا و گرووپە ئیسلامییە تیرۆریستییەكانی سووریا بەیەكەوە دژ بە عەفرین ئەنجامیان داوە، ململانێكانی ناو سووریا خێراتر دەكات و حكوومەتی سووریا بەرەو ئیدلب و باشووری حەلەب و باكوری حەما پێشڕەوی دەكات لە بەرانبەر سازشی ئەردۆغان بۆ رووسیا، هاوكات هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئەمەریكا ناكۆكییەكانی نێوانیان قووڵتر دەبێت.

دوای جووڵانی هێزی رژێمی سووریا بەرەو ئیدلب و باشووری حەلەب و باكوری حەما، ئاماژەكان دەركەوتن كە توركیا سازشی بۆ رووسیا كردووە كە ئەو ناوچانە بۆ حكوومەتی سووریا چۆڵ بكات بەرانبەر بە رێگەدان بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون دژ بە عەفرین، چاودێران پێیان وایە ئەوە زیان بە پێگەی ستراتیجی كورد و ئەمەریكا لە باكوری سووریا دەگەیەنێت كە تاكە هاوپەیمانی ئەمەریكایە و دەستكەوتی بۆ مۆسكۆ دەبێت.

بەگوێرەی هەندێك سەرچاوەی زانیاری رووسی، رووسیا رێی بە توركیا داوە ئۆپراسیۆن دژ بە عەفرین و منبج ئەنجام بدات بەو مەرجەی زیان بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی سووریا نەگەیەنێت.

بەڵام پێ دەچێ قۆناغی یەكەمی ئۆپراسیۆنەكە كە كوردی كردووەتە ئامانج بەرەو رۆژهەڵاتی رووباری فوڕات دووریان بخاتەوە تا شاری جەرابلوس، بەمەش هەژموونی ئەمەریكا لە سووریا كە كوردەكانن گەمارۆ دەدەن و بەرەو لای عێراق پاڵیان پێوە دەنێن و لە سنوورەكان دووریان دەخەنەوە.

ئەوەی هێشتا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و یەكلا نەبووەتەوە، ئەوەیە كە چوونە ناوەوەی هێزەكانی سوپای توركیا بۆ ناو سووریا دەرئەنجامەكەی چی دەبێت! لە هەفتەی رابردوو گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، رای گەیاند كە عەفرین ناكەوێتە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەكانیان.

چاودێران دەڵێن بێدەنگیی واشنتن لەسەر ئۆپراسیۆنی توركیا دژ بە عەفرین، دەرئەنجامی ناكۆكی قووڵە لە نێوان هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئەمەریكا. ئەگەرچی وەزارەتی دەرەوە هەڵوێستی توندی نواندووە، بەڵام گەورە دیپلۆماتەكانی هەوڵ دەدەن تێگەیشتنی ئەمەریكا بسەپێنن بەسەر ترسی توركیا لە كۆشكی سپی و تا ئێستەش وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا لە پڕ چەككردنی كورد لە سووریا بەردەوامە.

چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی عەرەبی ئاشكرای دەكەن كە بەرپرسانی حكوومەتی سووریاش لەگەڵ ئەوەدان كورد پڕچەك بكرێت تا بتوانێت ئۆپراسیۆنەكەی توركیا درێژە پێ بدات بۆ ماوەیەكی زۆرتر لەوەی توركیا پێشبینی دەكات. یەكێك لە دیپلۆماتكارە عەرەبەكانیش ئاشكرای دەكات كە حكوومەتی سووریا ئەو پرسەی لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا باس كردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە بڕیاری كۆتا.

پێ دەچێ ئەمە یەكەمین جار بێت ئاراستەی بەرژەوەندیی سووریا و ئەمەریكا یەكانگیر بێت كە ئەویش ماندووكردنی سوپای توركیایە و هەوڵێكە بۆ ئەوەی زیانێكی زۆر بەو سوپایە بگات.

كۆی ئەو پرسە پێوەندارە بە ناوخۆی واشنتنیش، هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كە كۆتا بە ناكۆكییەكانی نێوان راوێژكارە سەربازی و سیاسییەكانی دەوروبەری دۆناڵد ترەمپ بێت، لەگەڵ بەراوردكردنی قەبارەی ئەو سازشەی ئەردۆغان بۆ رووسیا كردوویەتی كە پێش دەستپێكی ئۆپراسیۆنەكە، شاندێكی باڵای سەربازی و هەوڵگریی توركیا سەردانی رووسیایان كردبوو.

سازشی زۆر توركیا بۆ رووسیا، لای ئەوروپییەكان نیگەرانی لێ كەوتەوە و ئەمەش وای كرد هەرزوو فڕەنسا داوای كۆبوونەوەی بە پەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بكات بۆ گفتوگۆكردنی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر عەفرین.

جان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فڕەنسا رای گەیاند، وڵاتەكەی زۆر نیگەرانە بەوەی لە سووریا روو دەدات، كەسە نزیكەكانی وەزیری دەرەوەی فڕەنسا ئاشكرای دەكەن كە دوای دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكە، بۆ بەیانی بە تەلەفۆن لەگەڵ مەولوود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا قسەی كردووە.

هاوكات لای خۆیەوە فلورانس بارلی وەزیری بەرگریی فڕەنسا داوای لە توركیا كرد، دەستبەجێ ئۆپراسیۆنەكەیان دژ بە كورد لە عەفرین بوەستێنن، گوتی "ئەمە زیان بە هەوڵەكان دەدات دژ بە داعش".

پرسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە نێوان توركیا و هاوپەیمانانی لە ئەوروپا و ئەمەریكا، بۆچوونی جیاواز هەڵدەگرێت، لای ئەمەریكا و ئەوروپا یەكینەكانی پاراستنی گەل تیرۆریست نین، كەچی لای توركیا وەك گرووپێكی تیرۆریستی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و پێیان وایە سەر بە پەكەكەن.

توركەكان دەیانەوێت بە شێوەیەكی خێرا ئۆپراسیۆنی عەفرین كۆتا پێ بهێنن تا وەك مەرجی دانوستاندنە نهێنییەكانیان كە ئێستەشی لەگەڵدا بێت لەگەڵ ئەمەریكا هەیانە، بەكاری بهێنن، تا ئەمەریكا ناچار بە قبووڵكردنی مەرجەكانیان بهێنن كە كورد لە ناوچەكەدا مەترسین.

ئەگەر توركیا و ئەمەریكا لە دانوستاندنە نهێنییەكان گەیشتنە رێككەوتن، ئەوا رەنگە ئەمەریكییەكان بە هەندێك جووڵەی هێزەكانی توركیا رازی بن لە بەرانبەر ئەوەی لە سنووری پارێزگای مەنبەج بوەستن و هێرشی نەكەنە سەر و واز لە بیرۆكەی فراوانكردنی ئۆپراسیۆنەكە بهێنن كە دەیانەوێت تا رۆژهەڵاتی رووباری فوڕات بەردەوامی هەبێت.

سەرچاوە/ عەرەبی جەدید


وشە - فه‌رمان سادق