دوا زانیاری لەبارەی بەرێوەبردنی مەرزەكان بەهاوبەشی نێوان هەرێم و بەغدا ڕاگەیەنرا

:: PM:04:22:23/01/2018 ‌
هەرچەندە بەرپرسانی باڵای حكوومەتی عێراق باس لەناردنی فەرمانبەرانیان دەكەن بۆ خاڵەسنووری و فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام تا ئێستە هیچ فەرمانبەرێك لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە ڕەوانەی ناو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ نەكراوە.

ئەمڕۆ سێشەم 23ی كانوونی دووەم، شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە "وشە"ی راگەیاند، هەرچەند لەماوەی رابردوودا لەسەر بەرێوەبردنی خاڵەسنوورییەكان كۆبوونەوە لە نێوان هەرێم و بەغدا كراوە، بەڵام تا ئەمڕۆ هیچ فەرمانبەر و كارمەندێكی حكوومەتی عێراقی ڕەوانەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ نەكراوە.

زیاتر گوتی، بەرێوەبەردنی خاڵەسنوورییەكان بە هاوبەشی لەنێوان هەرێم و بەغدا پێوەندی بە رێككەوتنی سیاسییەوە هەیە، بۆیە تا ئێستە تەنیا بۆچوونی ئێمە وەرگیراوە و كارەكان نەبووە بە كردەنی.

ئەو بەرپرسەی مەرزی باشماخ ئەو دەنگۆیانەیشی رەت كردەوە كە باس لە ناردنی شاندنی وربینی بەغدا دەكەن بۆ مەرزەكە و لەوبارەیەوە گوتی، هێشتە لە هاتنی هیچ شاندێكی تایبەت بە ئەنجامدانی كاری وردبینی لە داهاتی مەرزەكە ئاگەدار نەكراوینەتەوە.

شاخەوان بەكر ئاشكرای كرد، بەم نزیكانە سەرپەرشتیارانی مەرزەكانی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای گومرگ كۆبونەوەیەك ئەنجام دەدەن و تیاییدا میكانیزمێكی نوێ بۆ شێوازی كاری مەرزەكان لە مساڵدا و پلانی نوێی كاركردنیش دەخرێتە گفتوگۆ.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە سەنتەری شارۆكەی پێنجوێن دوورە و بەیەكێك لەسەرچاوە گرنگەكانی داهاتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، رۆژانە لەو مەرزەوە كاروباری بازرگانی لەنێوان هەرێم و ئێران ئاڵوگۆڕ دەكرێت.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم