نمایشی ئۆتۆمبێل كە جۆرێكی وەرزشە و لای گەنجان زیاتر گرنگی پێدەدرێت و هەواداریشی زۆرە، لە چەند ساڵی رابردوودا لە عێراق خواستی لە نێو توێژی گەنجاندا پەیدا كردووە. بەڵام بەهۆی نەبوونی گۆڕەپانی تایبەت ئەو یارییە و ئارەزووەی گەنجان لە یەككاتدا هەم خەڵك بێزار دەكات و هەمیش خۆیان دەخنە مەترسییەوە، جگە لەوەی پۆلیسی هاتوچۆش رێگەیان پێ نادات.
نمایشی ئۆتۆمبێل و یاریكردن پێی لە شەش ساڵی رابردوودا لە عێراق بە شێوەیەك لە شێوەكان لەناو گەنجاندا خواستی پەیدا كردووە بە تایبەت لە شارەكانی هەولێرو سلێمانی و بەغدا، لە ئێستەدا ئەو یارییە بە جۆرێك خواستی لەسەرە كە تەنیا لە بەغدا شەش گروپ تیمی گەنجان هەیە و سەدان هەواداریشیان هەیە.
حەیدەر موسەوی یەكێك لە ئارەزوومەندانی ئەو یارییە مەترسیدارە دەڵێ ئەو یارییە ئێستە خواستێكی زۆری لای گەنجان لەسەرە و ئەوان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتە گران بەهاكانیان دێن و یاری و كێبڕكێ دەكەن.
ئاماژەی بەوەدا بەڵام تا ئێستە هیچ گۆڕەپانێكی تایبەت بەو یارییە لە عێراق نیە ئەمەش وایكردووە لەسەر شەقامە قیرتاو كراوەكان یان چیمەنتۆ یارییەكە بكەین، بەڵام لەم شوێنانە پۆلیسی هاتوچۆ بە دوامانەوەیە و رێگەمان پێ نادات.
زیاتر گوتی "سەرەتا چەند گەنجێك لە ساڵی 2012 خەریكی ئەو یارییە بوون، بەڵام وردە وردە خواستی پەیدا كرد و ئێستا شەش تیم هەن كە دەیان گەنج لە خۆیان دەگرن و سەدان هەواداریش لە رۆژانی نمایشەكاندا ئامادە دەبن".
ئەو گەنجانە پێیان وایە مافێكی سروشتی خۆیان پێڕەو دەكەن بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش و سكاڵاشیان لەسەر پۆلیسی هاتوچۆ هەیە كە بەدوایانەوەیە و رێگەیان پێ نادات.
مورزا وەحید دەڵێ پۆلیسی هاتوچۆ هەراسانی كردووین و هەمیشە بەدوامانەوەیە و رێگە نادات پێڕەوی ئارەزووەكانمان بكەین، بۆیە گرنگە حكوومەت گۆڕەپانێكی تایبەتمان بۆ بكاتەوە تایبەت بەو وەرزشە. زیاتر گوتی "بەهۆی نەبوونی یاریگەی تایبەت ناچارین گۆڕەپان بە كرێ بگرین كە گۆڕەپانەكە هیچ مەرجێكی ئەنجامدانی ئەو وەرزشەی تێدا نیە و نامانپارێزێت لە مەترسییەكان بۆ سەر ئێمە و ئامادەبووان".
بەڵام پۆلیسی هاتوچۆ دەڵێ ئەو وەرزشە زۆر مەترسیدارە لەسەر گیانی ئەو گەنجانە و ئامادە بووان كە سەیری نمایشەكان دەكەن، جگە لەمەش خەڵك سكاڵای نیگەرانی كردووە بۆیە ناچارین رێگرییان لێ بكەین.
فازل عوبێدی ئەفسەری هاتوچۆ روونیكردەوە ئەو وەرزشە چەند ساڵێكە هاتۆتە ناو عێراق و سەرەتا لەناو گەنجاندا بڵاوبووەوە و ئێستە تیمیان دروستكردووە و پێشبڕكێ رێكدەخەن، بەڵام ئەوان هەست بە مەترسی ئەو وەرزشە بۆ سەر گیانی خۆیان و ئامادەبووان نازانن.
زیاتر گوتی "یەكێكی تر لە زیانەكانی ئەو یارییە ئەو دەنگە بەرزەیە كە لە بزوێنەری ئۆتۆمبێلەكان دەردەچێت لەگەڵ ئەو دوكەڵەی لە گزۆزەكان دێتە دەرەوە كە دەبێتە هۆی بێزار بوونی هاوڵاتیان بە شێوەیەكی گشتی".
ئەو گەنجانە لە نێوان خۆیاندا گروپیان دروستكردووە و تیمی پێشبڕكێیان دامەزراندووە، بۆ ئەنجامدانی پێشبڕكێكان هەڵدەستن بە گرتنی گۆڕەپانی وەستانی ئۆتۆمبێل، تەنانەت ئامادەكارییەكانیان بە شێوەیەك كردووە كە پارچەی یەدەگیشیان بۆ ئۆتۆمبێلەكان ئامادە كردووە كە ئەگەر هاتوو دووچاری شكست یان پەككەوتن بووەوە ئەوا یەكسەر لە جێگەی خۆیدا چاكی دەكەنەوە. فەیسەڵ مەحمود (29ساڵ) وا دەڵێت، روونی كردەوە كە چەند تیمێكیان هەیە كە زیاتر لە 65 گەنج لە خۆی دەگرێت و هیچ پاڵپشتییەكی حكومی بۆ ئەو یارییە نیە تەنانەت گۆڕەپانێكیشی بۆ دابین نەكردووین، بۆیە ناچارین لەگەڵ خاوەن گۆڕەپانەكان رێككەوین بۆ ئەنجامدانی پێشبڕكێ.
مەحمود دەڵێ بە بەردەوام كارەكانمان پێش دەخەین، ئێستە تیمێكی وەرزشی تەواومان هەیە كە خۆی لە كەسانی پسپۆر لە چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل بەشێوەی خێرا دەبینێتەوە، چونكە ئەو وەرزشە پێویستی بە گۆڕینی پارچەكانی ئۆتۆمبێل هەیە بەشێوەیەكی خێرا، بۆیە تاكە كێشەمان هەراسان بوونمانە لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆ.
ئەوان پاساویان بۆ ئەنجامدانی ئەو یارییە بۆ هەڵاتن لە دەست واقیعی ژیانی عێراق دەگەڕێننەوە و دەڵێن هەوڵمانداوە خۆمان بە هەندێك وەرزش سەرقاڵ بكەین تا ئەو دۆخەی عێراق لە بیر خۆمان ببەینەوە بەڵام نەبوونی گۆڕەپانێكی تایبەت ناچاری كردووین گۆڕەپانی تر بە كرێ بگرین كە هیچ مەرجی ئەنجامدانی ئەو یاریەی تێدا نییە.
جگە لەمە ئەوان دەیانەوێت رێكلام بۆ كەسایەتی خۆیان بكەن لە رێگەی ئەنجامدانی ئەو یاریە، بۆ ئەمەش هەمیشە گرنگی بە وێنەگرتنی جولانەوە و نمایشەكانیان دەدەن و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی دەكەنەوە.