مووچەی كەرتی سەربازی بەپێی سیستەمی بایۆمەتری دابەش دەكرێت

:: PM:05:46:23/01/2018 ‌
سەرۆكی دەزگە‌ی تەكنەلۆژیا و زانیاری لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، بڕیارە لەم مانگەوە مووچەی كەرتی سەربازی بەپێی سیستەمی بایۆمەتری دابەش بكرێت و هەركەسێك ناوی تۆمار نەكرابێت بێ بەش دەبێت لە مووچە.

ئەمڕۆ سێشەم 23ی كانوونی دووەم، هیوا ئەفەندی سەرۆكی دەزگەی تەكنەلۆژیا و زانیاری لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارە لەم مانگەوە مووچەی كەرتی سەربازی كە هێزی پێشمەرگە و پۆلیس دەگرێتەوە هاوشێوەی كەرتی مەدەنی بەپێی سیستەمی بایۆمەتری دابەش بكرێت و هەر كەسێكیش ناوی خۆی تۆمار نەكردبێت بێ بەش دەبێت لە وەرگرتنی مووچە.

زیاتر گوتی، بەپێی سیستەمی بایۆمەتری مووچە ژمارەی هێزی پێشمەرگە و پۆلیس و هێزەكانی ئاسایش دەگاتە 280 هەزار كەس، بۆیە تەنیا ئەوانە مووچەیان پێدەدرێت  كە ناویان تۆمار كراوە.

ئاماژەی بەوەیشكرد كە لەمانگی هەشتی ساڵی رابردووەوە مووچەی فەرمانبەرانی كەرتی مەدەنی بەپێی سیستەمی بایۆمەتری دابەش دەكرێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ نەهێشتنی دوو مووچەی و زانینی ژمارەی دروستی مووچەخۆران و بەئەلكترۆنیكردنی مووچەخۆران سیستەمی بایۆمەتری داناوە و لە مانگی هەشتی ساڵی رابردووەوە فەرمانبەرانی كەرتی مەدەنی بەپێی ئەو سیستەمە مووچە وەردەگرن.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم