دوای وەستانی كارەكانی هاتوچۆی هەولێر و گواستنەوەی بۆ باڵەخانە نوێیەكەی ئەمڕۆ كارەكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەستی پێ كردەوە و هەر هاووڵاتییەك لە دەستپێكی مامەڵە نوێیەكانیان بڕی 15 هەزار دیناریان بەرانبەر كڕینی یەك فایل لێوەر گیراوە.
ئەمڕۆ سێشەم 23ـی كانوونی دووەم، ڕائید فازڵ حاجی حسێن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هیچ یاسایەك نییە بۆ ڕێكخستنی مامەڵەی هاووڵاتییان و كڕینی فایل و وەرگرتنی پارە لەلایەن عەریزە نووسەكانەوە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، كۆمپانیایەك لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستی كردووە و ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی كە چەند پارە لە هاووڵاتییان وەر دەگرێت لەبەرانبەر فایل و دەست پێكردنی مامەڵەكانیان، بۆیە ئەوە هیچ پێوەندییەكی بە هاتوچۆی هەولێرەوە نییە.
ڕوونیشی كردەوە كە پارەی ڕسوومات و باج وەك خۆییەتی و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە.
نەشوان عەلی كە هاوڵاتییەكی شاری هەولێرە بەمەبەستی نوێكردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێلەكەی سەردانی هاتوچۆی هەولێری كردووە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كرێی "عەریزە" نووسەكانی بەردەم هاتوچۆی هەولێر كرابووە 15 هەزار دینار كە تەنیا فایلێك و فۆڕمێك دەگرێتەوە، لەكاتێكدا پێشتر بە پێنج هەزار دینار بووە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی گواستنەوەی باڵەخانەكەی لە سەر ڕێگەی هەولێر كەركووك بۆ سەر ڕێگەی بەحركە كارەكانی بۆماوەی زیاتر لە 25 ڕۆژ وەستاندبوو.