ئەمەریكا بەنزین بە ئاگری توركیا بۆ سەر عەفرین دادەكات

:: AM:11:16:25/01/2018 ‌
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا شەوی ڕابردوو لەگەڵ سەركۆماری توركیا بە تەلەفۆن گفتوگۆی كرد و داوای وەستاندنی هەڵمەتە سەربازییەكانی لە باكوری سووریا كردووە و هۆشداریی پێ داوە، هێزەكانی ئەمەریكا نەخاتە ناو ململانێی شەڕی توركیا. ئەردۆغانیش دووپات لەوە دەكاتەوە هێزەكان دوای عەفرین دەچنە منبەج كە ژمارەیەك سەربازی ئەمەریكای لێیە. چاودێران دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەمەریكا هیچ هەنگاوێك دژی توركیا و هەڵمەتە سەربازییەكەی ناهێنێ، بەڵكو تەنیا نیگەرانی دەردەبڕێ.

شرۆڤەكاران و چاودێران دەڵێ، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەو كاریگەرییەی نییە و ناتوانێ ببێتە هۆی وەستاندنی هەڵمەتە سەربازییەكە، كە هێزەكانی توركیا و چەكدارانی بەرەی رزگاری شام و سوپای ئازاد دژ بە یەپەگە لە ئاسمان و وشكایییەوه لە عەفرین دەستیان پێ كردووە، ئەمڕۆ پێی ناوەتە پێنجەم ڕۆژەوە و شەڕ و پێكدادان و توندوتیژییەكان بەردەوامییان هەیە.

سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان پێشتر ئاماژەی بەوە دا، ئۆپراسیۆنی "چڵە زەیتوون" فرەوانتر دەبێ و بەردەوام دەبێ تا شارۆكەی منبەجیش پاك دەكاتەوە، منبەج دەكەوێتە 100 كیلۆمەتر ڕۆژهەڵاتی عەفرین و پێشتر لەلایەن یەپەگەوە بە پشتیوانی ئەمەریكا لە تیرۆریستان پاك كرایەوە، ئێستەیش هێزەكانی ئەمەریكا لەو ناوچەیە بوونیان هەیە، ئەمەیش لەلایەن ئەمەریكاوە بەرهەڵستی دەكرێ، چونكە ژیانی سەربازەكانی دەكەوێتە مەترسییەوە، هاوكات پێگەی توركیایش بەهێزتر دەبێ، چونكە ناوچەیەكی یەكجار فرەوانی دەكەوێتە ژێر دەستەوە.

سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، پێوەندییەكەی ترەمپ زیاتر هۆشداریدان بووە بە ئەردۆغان لەوەی كە قبووڵی ناكات، هیچ هەنگاوێك دژی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا بهاوێژرێ، چونكە ئەمەریكا زیاتر لە هەزار سەربازی لە سووریا بڵاو بووەتەوە، مەترسی ئەوەی بە ئەردۆغان ڕاگەیاندووە كە نایەوێ گرژی و ئاڵۆزی بەهۆی هەڵەوە لە نێوان دوو وڵاتی ناو هاوپەیمانی ناتۆ دروست ببێ.

كۆشكی سپی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، ترەمپ توركیای ئاگەدار كردووەتەوە ئاڵۆزییەكان زۆر فرەوان نەبن و هەڵمەتە سەربازییەكانیش بە وردی دیاری بكرێن، نیگەرانی و ناڕەزایی خۆیشی دەربڕیوە بە كەوتنەوەی قوربانی لە ڕیزی خەڵكی سڤیل و ئاوارەبوونی خەڵكی زۆری ناوچەكە.

هاوكات نووسینگەی سەرۆكایەتیی توركیا لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێ، ئەردۆغان هاوتا ئەمەریكییەكەی ئاگەدار كردووە، پێویستە واشنتن دەسبەرداری پڕچەككردنی یەكینەكانی پاراستنی گەل بێ و چیتر كۆمەكی سەربازییان بۆ نەنێرێت.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەیەوێ بە بەكارهێنانی یەكینەكانی پاراستنی گەل پێگەی خۆی لە دانوستاندنەكان لەبارەی داهاتووی سووریا گەورەتر بكات، ئەمەیش بە بڵاوبوونەوە و كۆنتڕۆڵكردنی زیاتری ناوچەكان دەبێ، لەلایەن یەپەگەوە، ئامانجیەتی بە بەهێزبوونی پێگەی خۆی لە سووریا لە دانوستاندنەكانی جنێڤ هەوڵی زیاتر بدات، تا هەمووان بە ڕێككەوتن بگەیەنێ و كۆتا بە جەنگی ناوخۆی سووریا بهێنێ و بەشار ئەسەد لەسەر حوكم دوور بخاتەوە.

چاودێران دەڵێن، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هیچ فشارێكی لەسەر توركیا لە ماوەی ڕابردوو و ئێستەیش دروست نەكردووە، بەهۆی ئەوەی سوپای ئەمەریكا پێویستی تەواویان بە بنكەی سەربازی توركیایە، بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر تیرۆریستانی داعش لە سووریا.

جۆنۆل تول بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە لەبارەی توركیا لە پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن گوتی، گرفتی گەورەی ئەمەریكا ئەوەیە، هیچ هێزێكی تری چەكداری هاوپەیمانی لە سووریا نییە، بۆیە بە كەمكردنەوەی پێگەی یەپەگە زیان بەر ئەمەریكا دەكەوێ و كاریگەرییەكی ئەوتۆی نامێنێت. بۆیە ئەمەریكا پێویستی بە هاوسەنگییە لە نێوان ئەنكەرە و چەكدارە كوردەكان، ئەمەیش كارێكی هەستیارە و پێویستی بە وردی و ژیری زۆر هەیە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان یەپەگە و توركیا.

بەرپرسێكی ئەمەریكی كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بێ، دەڵێ ترەمپ گرنگی بە پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەردۆغان دەدا، بەڵام لە هەمان كاتیشدا پێگەی ئەمەریكا لە سووریا زۆر كەم دەبێتەوە، بۆیە هیچ پلانێك بۆ ڕێگری توركیا نییە و ئەگەر توركیا دوای عەفرین هێرش بكاتە سەر منبەجیش، ئەوا ئەمەریكا هیچ هێزی تر ڕەوانەی سووریا ناكات. ئەمەیش دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات، ئەمەریكا دەیەوێ توركیا بۆ باوەشی ناتۆ بگەڕێتەوە، دوای ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوو ئەنكەرە بێهیوا بوو و ڕووی پێوەندییەكانی بۆ ڕووسیا و ئێران كردەوە.

ڕۆژی هەینی 19ی كانوونی دووەم/یەنایەر دوای كۆكردنەوەی هێزێكی زۆر له پارێزگای هاتای وڵاتی توركیا كە هاوسنوورە لەگەڵ شاری عەفرین، تۆپخانەكانی توركیا بەچڕی دەستیان بە بۆردمانی شاری عەفرین و گوند و ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە كرد، ئەمەیش دوای ئەوە دێ ڕووسیا نەرمی نواندووە و ئەمەریكایش تەنیا بە لێدوان و قسەی نیگەرانی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشكردنە سەر عەفرین ڕاگەیاندووە، بەوهۆیەوە لە ڕۆژی شەموو 20 كانوونی دووەم/یەنایەر فڕۆكەكانی توركیا بە چڕی دەستیان بە بۆردمانی ئاسمانی شارەكە كردووە و هێزەكانی یەپەگەیش دووپات لەوە دەكەنەوە، كە بەرگری لە شارەكە دەكەن و هەرگیز بۆ توركیا چۆڵی ناكەن.

شاری عەفرین یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و دەكەوێتە باكوری ڕۆژئاوای سووریا و سەر بە پارێزگای حەلەبی سووریایە و ڕووبەرەكەی سێ هەزار و 850 كیلۆمەتری دووجایە، بەگوێرەی ئاماری 2010 ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 523 هەزار كەس دەبێ و زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانەكەی كوردن.

سەرچاوە/سكای نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د