هۆكاری كوژرانی مەلاكەی خەلیفان ئاشكرا دەبێت


سەعات دووی دوای نیوەرۆی ئەمڕۆ مامۆستایەكی ئاینی لەسەر شەقامێكی گشتی دۆزرایەوە و گومان دەكرا كوژرابێت، بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف هۆكاری كوژرانی ئەو مامۆستایە ئاشكرا دەكات و دەڵێت ئەو مامۆستا ئاینییە نەكوژراوە و خۆی خۆی كوشتووە.

ئەمڕۆ شەموو 27ـی كانوونی دووەم، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەو مامۆستا ئاینییەی سنووری خەلیفان تەمەنی لە سەرووی 35 ساڵە و نەخۆشی دەروونی هەیە.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، مامۆستا ئاینییەكە ماوەییەكە چارەسەری دەروونی وەردەگرێت و ئەمڕۆ بەداخەوە خۆی كوشتووە و لە كاتی ڕاپۆرتی پزیشكیش ئەوە سەلمێندراوە كە خۆی خۆی كوشتووە و تەنانەت چارەسەری پزیشكی لە گیرفان بووە.

نەبەز ئاشكرای كرد مەلا (س) لە مزگەوتێكی خەلیفان مامۆستا بووە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سۆران بووە.

لە ماوەی ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان دوو مامۆستایی ئاینی كوژران كە گومان دەكرا ئەو مامۆستا ئاینییەی ئەمڕۆیش كوژرابێت، بەڵام دەركەوتووە كە خۆی خۆی كوشتووە و هیچ كەسێك نەیكووشتووە.



وشە - رامیار جەواد


PM:04:33:27/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 12538 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌