ساڵانه بایی نزیكه‌ی ملیارێك دۆلار جگه‌ره هاورده‌ی كوردستان ده‌كرێت، له كاتێكدا حكوومه‌ت كارگه‌ی جگه‌ره‌ی هه‌بوو، به‌ڵام نه‌یهێشت. ئه‌وه‌ش بووه هۆی له ده‌ستچوونی به‌رهه‌مهێنانی تووتنی هه‌رێمی كوردستان، تووتنێك كه سه‌رتۆپی تووتنه‌كانی دنیا بوو.
كارگه‌ی جگه‌ره‌ی هه‌ولێر به پانتایییه‌ك له‌سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كی شه‌قڵاوه‌ی هه‌ولێر هه‌ڵكه‌وتووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تابلۆی پێشووی به‌رده‌م ده‌رگه‌ی كارگه‌كه وه‌ك خۆیه‌تی و ده‌ستی لێ نه‌دراوه، به‌ڵام له ناوه‌وه مافی به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی جگه‌ره نه‌ماوه. كاتێك ده‌چیته ناو كارگه‌كه هه‌ندێك له ئامێری كارگه‌كه كه ئه‌وه‌نده زۆر نین، داپۆشراو به نایلۆن له هۆڵێكی داخراوی سووچێكیدا ده‌رگه‌یان له‌سه‌ر پێوه دراوه. كاتێك ده‌چیته ناو هۆڵه‌كه ده‌بێت سه‌رتاپا به‌رگێك به‌سه‌ر خۆتدا هه‌ڵبكێشیت، چونكه تۆزی نیشتووی سه‌ر ئامێره‌كان، هه‌ناسه ته‌نگ ده‌كه‌ن و ڕه‌نگی به‌رگه‌كانت وه‌ك خۆیان ده‌كه‌نه خاكی.
ئه‌و ئامێرانه‌ی ئێسته كه‌س نییه به‌كاریان بخات له ساڵانی ڕابردوو زۆر خزمه‌ت كراون و هه‌موو ڕۆژێك پاك كراونه‌ته‌وه و به‌رده‌وام ئه‌ندازیار چاودێریی كردووه نه‌ك په‌كیان بكه‌وێت. ئه‌و هۆڵه‌ی ئێسته جگه له جریوه‌ی ئه‌و باڵندانه‌ی له بنمیچی هۆڵه‌كه و كونی ئامێره‌كان هێلانه‌یان دروست كردووه، ده‌نگی هیچی لێ نایه‌ت، جاران هه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ڵهاتنی خۆر، ده‌رگه‌كانی ده‌كرایه‌وه و گڵۆپه‌كان ڕۆشن ده‌كران و ده‌زگاكان به كار ده‌خران. له‌وكاته‌دا ئه‌و هۆڵه جمه‌ی ده‌هات له كارمه‌ند و ڕێ به ڕێدار نه‌ده‌كه‌وت. هه‌موو ڕۆژێك زیاتر له 850 كارمه‌ند بۆ كاره‌كه‌یان ڕوویان له‌و كارگه‌یه ده‌كرد و به‌رهه‌می ته‌نیا ڕۆژێكیان به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، 16 ملیۆن جگه‌ره بووه.
له كوردستان دوو كارگه‌ی جگه‌ره هه‌بوون، یه‌كیان له سلێمانی و ئه‌وه‌ی تریشیان له هه‌ولێر. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی گۆڕینی سیاسه‌تی پیشه‌سازی له كه‌رتی حكوومییه‌وه به‌ره‌و كه‌رتی تایبه‌ت، كارگه‌كانی جگه‌ره‌ی داخست. سه‌رباری په‌كخستنی به‌رهه‌می جگه‌ره، كارمه‌نده‌كانی كارگه‌كه بوونه بارێكی قورس به‌سه‌ریه‌وه و وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی كارمه‌نده‌كانی له‌سه‌ر ده‌زگه‌كانی حكوومه‌ت دابه‌ش كردن و هێنده‌ی تریش ده‌زگاكان قه‌ره‌باڵغتر بوون.
له 30/4/2002 كارگه‌ی جگه‌ره‌ی هه‌ولێر به كرێی مانگانه‌ی 10 هه‌زار دۆلار بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ درا به كه‌رتی تایبه‌ت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه "هه‌موو خاڵه‌كانی له به‌رژه‌وه‌ندی كه‌رتی تایبه‌ته"، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه" ماوه‌یه‌كیشه كرێیه‌كه‌ی نه‌دراوه.
هه‌ر له‌گه‌ڵ داخستنی كارگه‌ی جگه‌ره له هه‌رێمی كوردستان، به‌رهه‌مهێنانی تووتنیش له‌ناو چوو، له كاتێكدا كوردستان خاوه‌نی باشترین تووتنی دنیا بووه.
دكتۆر دلێر نه‌جمه‌دین به‌رزنجی پسپۆڕ له بواری تووتن ئاماژه به‌وه ده‌دات، هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی باشترین تووتنی دنیایه و جۆری ئه‌و تووتنه‌ی به‌رهه‌م هاتووه، سه‌رتۆپی تووتنه‌كانی دنیا بووه. دكتۆر دلێر ڕوونی ده‌كاته‌وه "تووتنی كوردستان به‌هۆی گه‌ڵای بچووكی بۆنداری سروشتیی، وه‌ك تووتنێكی ناوازه له دنیا ناسراوه. هه‌روه‌ها باشترین تایبه‌تمه‌ندی سه‌رسوڕهێنه‌ری تێكه‌ڵ نه‌بوونی به مه‌وادی كیمیایی بوو كه پسپۆڕانی تووتنی پێ سه‌رسام بووبوون، چونكه تووتنی به‌رهه‌مهاتووی پێشووی كوردستان، هیچ مه‌وادێكی كیمیایی و غه‌یری كیمیایی له‌گه‌ڵیدا ناتوێته‌وه، به‌وه‌یش زیانی زۆر كه‌متره له‌و جگه‌رانه‌ی مه‌وادی كیمیایییان له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵ كراوه و ئێسته له بازاڕه‌كانی كوردستان ده‌فرۆشرێن.
ئه‌و پسپۆڕه‌ی تووتن بۆ "وشه" دووپاتی كردووه‌ته‌وه "تووتنی كوردستان زیانی 80% ـی كه‌متره له‌و تووتنانهی مه‌وادی كیمیایییان له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵ كراوه. كه‌چی داخستنی كارگه‌كان، به‌رهه‌می تووتنی كوردستانیان له‌ناو برد".
جاران كه كوردستان خاوه‌نی كارگه و به‌رهه‌مهێنانی تووتن بوو، بڕێكی كه‌می پاره‌كه‌ی بۆ هاورده‌ی جگه‌ره ده‌ڕۆیشته ده‌ره‌وه، به‌ڵام ئێسته ڕۆژانه له سنووره‌كانی به لێشاو پاكه‌ت دێته كوردستانه‌وه.
به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی هاورده و هه‌نارده‌ی وه‌زاره‌تی بازرگانیی هه‌رێم، ساڵانه بایی ٩٠٠ ملیار دۆلار جگه‌ره‌ی تێكه‌ڵ به مه‌وادی كیمیایی و نه‌پشكنراو هاورده‌ی كوردستان ده‌كرێت.
ئێسته كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌نگژه‌ی دارایی لوولی داوه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پێ نادرێت، له بری به‌رهه‌مهێنانی جگه‌ره له كارگه‌ی جگه‌ره‌ی هه‌ولێر، له لایه‌كی ئه‌و كارگه‌یه كۆمپانیایه‌ك كاری "جام و ئه‌له‌منیۆم" ده‌كات و له‌لایه‌كی تریش بنكه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی "ئه‌لمه‌دا" كاری ڕاگه‌یاندنی تێدا ده‌كه‌ن. خۆ له هۆڵه‌كانی دواوه‌یش قفڵێكی گه‌وره له‌سه‌ر ده‌رگه‌ی هه‌ندێك مه‌واد و ده‌زگه‌كانی كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی جگه‌ره‌ن كه تۆزی چه‌ندان ساڵه‌یان لێ نیشتووه و كه‌سێك نییه تۆزی سه‌ریان پاك بكاته‌وه.