ئەو شتانەی لە یاریزانانی مانچستەر سیتی قەدەغە كراوە

:: PM:01:07:20/11/2016 ‌

پیپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانی دوای ئەوەی هاوینی رابردوو بەفەرمی ئەركی راهێنەرایەتیی یانەی مانچستەر سیتیی ئینگلیزی گرتە ئەستۆ، لەگەڵ دەستبەكاربوونی كۆمەڵێك یاسای نوێی لە یانەكە دەركرد و چەند شتێكیشی لە یاریزانان قەدەغە كرد.

یەكێك لە قەدەغە كراوەكانی گواردیۆلا كە بەم دواییە ئاشكرا كرد، سێكسكردن و سەرجێیی یاریزانان بوو لەگەڵ خۆشەویستان و هاوژینەكانیان لە دوای نیوەشەوەوە بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر توانای جەستەییان نەكات.

گواردیۆلا هەروەها بەشێوەی یەكجاری پیتزا و سەرجەم خواردنە خێراكانی لەسەر یاریزانان قەدەغە كردووە كە هۆكارێكی سەرەكین بۆ قەڵەوبوون و سیستی راكردن لەنێو یاریگەدا.

قەدەغەكراوێكی تر نانخواردن بووە لەنێو ئۆتۆمبێڵدا كە بەشێك لە یاریزانان دوای تەواوكردنی مەشقەكان ئەنجامیان دەدا، گواردیۆلا ناچاری كردوون وەك خێزانی كۆن دەبێت هەموو جەمێكی نانخواردن لەسەرمێز و لەگەڵ ماڵباتەكانیان بخۆن بۆ ئەوەی بەتەواوەتی چێژ لە خواردنەكان وەربگرن.

گواردیۆلا هەروەها رەتی كردووەتەوە هیچ یاریزانێكی تیپەكەی شەربەت بخۆنەوە بەتایبەتیش شەربەتی پرتەقاڵ كە رێژەیەكی زۆری شەكر تێدایە، لە شوێنی ئەویش داوای لێ كردوون میوەی تازە و نوێ بخۆن.

راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی هەروەها قەدەغەی كردووە یاریزانانی تیپەكەی لەنێو یاریگە قسە بە مۆبایل بكەن لەگەڵ دۆست و خۆشەویستانیان، هەروەها سەرجەم تۆڕەكانی وای فای و ئینتەرنێتی لەنێو یاریگە داخستووە.

گواردیۆلا كە پێشتر راهێنەری یانەكانی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و بایرن میونشنی ئەڵمانی بووە، قەدەغەی كردووە یاریزانەكانی بە ئارەزووی خۆیان قژیان بتاشن و هەروەها بە رووخساری جیاواز لەنێو یاریگە دەركەون وەك یاریزانانی تری خولی نایابی ئینگلیزی.

دوایین شتیش كە ئەو راهێنەرە لەسەر یاریزانەكانی قەدەغەی كردووە بەكارهێنانی ئۆتۆمبێڵی گرانبەهاكانە كە وا دەكات هزر و بیری یاریزانان تاڕادەیەكی زۆر بەخۆیەوە مەشغوول بكات و كەمتر سەیری یارییەكان بكەن بۆ ئەوەی سوودیان پێ بگات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م