شنەیشل بۆ یارییەكەی ئەمڕۆی عێراق چی گوت؟

:: PM:01:35:11/10/2016 ‌

رازی شنەیشلی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق رایگەیاند كە یارییەكەی ئەمڕۆیان بەرامبەر هەڵبژاردەی تایلاند دوا هەل دەبێت بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018ی رووسیا.

ئەمڕۆ سێشەم هەڵبژاردەی عێراق لە سێیەم یاریی كۆمەڵەی دووەمی یارییەكانی پاڵاوتن بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018ی رووسیا، كاژێر 3:30 لە یاریگەی پاس لە شاری تەهرانی پایەتەختی ئێران مێوانداریی هەڵبژاردەی تایلاند دەكات.

هەڵبژاردەی عێراق پێنجشەمی رابردوو سێیەم یاریی لەسەریەكی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بەرامبەر هەڵبژاردەی ژاپۆن دۆڕاندبوو، پێشتریش بەرامبەر هەڵبژاردەكانی ئوستڕالیا و سعوودییەش بەهەمانشێوە دۆڕا بوو.

هەڵبژاردەی عێراق ئێستا بەبێ كۆكردنەوەی هیچ خاڵێك لە ریزبەندی پێنجەم و پێش كۆتای كۆمەڵەی دووەمی یارییەكانی پاڵاوتنی ئاسیا دێت.

رازی شنەیشل راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بێگومان یاریكردن بەرامبەر هەڵبژاردەی تایلاند زەحمەتە، چونكە ئەو هەڵبژاردەیە خێرایە لە یاریكردن و توانای یاریزانە تاكییەكانیان بەهێزە، ئەمە جگە لەوەی كە هەڵبژاردەكە شەڕی مان و نەمان دەكات بۆ مانەوە لە كێبەڕكێكان گەیشتن بە مۆندیالی 2018ی رووسیا.

بەهەمانشێوە هەڵبژاردەی تایلاندیش لە هەرسێ یاریی رابردوویدا بەرامبەر هەڵبژاردەكانی سعوودیە، ژاپۆن و ئیماڕات دۆڕاوە، بەمەش یارییەكەی سبەی سێشەم بۆ هەردوولایان چارەنووسساز دەبێت تا لە كێبەڕكێكانی گەیشتن بە مۆندیال دانەبڕێن.

شنەیشل ئاماژەی بەوەش دا كە یاریزانانی هەڵبژاردەكەیان ئەمڕۆ بە رووحیەتی سەركەوتن یاریی دەكەن و هەموو هەوڵێك دەدەن 3 خاڵی یارییەكە بەدەست بێنن بۆ ئەوەی پلیتێكی سەركەوتن بۆ مۆندیالی 2018ی رووسیا بەدەست بێنن.

شنەیشل جەختیشی كردەوە كە یارییەكە لەنێو یاریگەی خۆیان لە شاری تاران بەڕێوە دەچێت و ئەمەش هەڵێك دەبێت بۆ ئەوەی سەركەوتن بەدەست بێنن.

هەڵبژاردەی عێراق دەبێت لە هەردوو یاریی داهاتووی بەرامبەر هەڵبژاردەكانی تایلاند و ئیماڕات سەركەوتن بەدەست بێنێ بۆ ئەوەی لە یارییەكانی گەڕانەوەی كۆمەڵەكاندا بگەڕێتەوە نێو كەشی كێبەڕكێكان.

رۆژنامە عێراقییەكان ئاماژەیان بەوەداوە كە رازی شنەیشلی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بڕیداوە لە یارییەكەی سبەی بەرامبەر هەڵبژاردەی تایلاند بە پێكهاتەیەكی هێرشبەر یاریی بكات و لە جیاتی یەك هێرشبەر وەك لە یارییەكانی رابردوودا یاریی بە 2 هێرشبەر بكات بۆ ئەوەی زۆرترین گۆڵ تۆمار بكات و 3 خاڵی یارییەكە بەدەست بێنێ.

وشە/ ئامانج ئەكرەم




وشە - باز ئه‌حمه‌د