ئێران لە پرسی فرۆشتنی گاز هۆشداری دەداتە عێراق

:: PM:01:43:11/10/2016 ‌
جێگری وەزیری نەوتی ئێران هۆشداری دەداتە حكوومەتی عێراق و دەڵێت ئەگەر بودجەی دروستكردنی هێڵی هاوبەشی گاز دابین نەكات، ئەوا ئێران هیچ بڕە گازێك بۆ عێراق نانێرێت.

سەرچاوەكانی ئێران بڵاویان كردەوە، ئەمڕۆ سێشەم حەمیدرەزا عێراقی جێگری وەزیری نەوتی ئێران رەخنەی توندی لە حكوومەتی عێراق گرت لەوەی پێدانی بودجەی دروستكردنی هێڵی هاوبەشی گازی سروشتی بۆ عێراقی دوا خستووە.

حەمیدرەزا عێراقی روونی كردەوە عێراق تووشی كێشەی ئابووری بووە و هەر ئەوەش وای كردووە ئێران نەتوانێت لە كاتی خۆیدا گاز هەناردەی عێراق بكات. ئەو گوتوویەتی جێبەجێكاری پڕۆژەكە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتە و ئەگەر حكوومەتی عێراق لەسەر بەڵێنەكەی خۆی نەبێت، ئەوا ئێرانیش ناتوانێت گاز هەناردەی ئەو وڵاتە بكات.

ئەو بەرپرسەی ئێران پێی وایە وڵاتەكەی ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ هەناردەكردنی گاز و چاوەڕوانی ئەوە دەكات حكوومەتی عێراقیش ئامادەیی تەواوی خۆی دەرببڕێت.

ئێران ئامانجیەتی جگە لە بەغدا، بەرهەمەكە هەناردەی بەسڕەش بكات و بەشێكی گرنگ لەو گازەش بۆ مەبەستی دابینكردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات وزەی كارەبایە.

 ئێران چاوەڕوانە تا كۆتای ئەمساڵ دەست بە هەناردەی بەرهەمەكەی بكات. جێگەی باسە ئێران بۆ مەبەستی هەناردەكردنی گاز بۆ عێراق دوو گرێبەستی جیاوازی ئیمزا كردووە.

كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران و وەزارەتی كارەبا و وزەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٣ رێككەوتننامەیەكیان لەگەڵ یەكتر ئیمزا كرد. هاوكات لە سەرەتای ئەمساڵیش گرێبەستێكی تریان ئیمزا كرد لەبارەی بەرزكردنەوەی بڕی گازەكە.

بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە، هەناردەی گاز لە حەوت ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێكدا دەست پێ دەكات و لە دوای ٢١ مانگ بەرزی دەكەنەوە بۆ ئەو ئاستەی لە گرێبستەكەدا ئاماژەی پێ كراوە. بە پێی گرێبەستەكە، لە وەرزی گەرمادا ٣٥ ملیۆن و لە وەرزی سەرمادا ٢٥ ملیۆن مەتر سێجا هەناردەی عێراق دەكات و لە ساڵێكدا ١٠ ملیار مەتر سێجا گاز بۆ بەغدا دەنێرێت.

گرێبەستی هەناردەی گاز بۆ بەسڕەش لە ساڵی ٢٠١٥ ئیمزا كرا و بەگوێرەی ئەو گرێبەستەش لە وەرزی گەرمادا ٣٥ ملیۆن مەتر سێجا و لە وەرزی سەرمادا ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا گاز هەناردە دەكات كە بە گشتی لە ساڵێكدا دەگاتە نۆ ملیار مەتر سێجا و لەگەڵ ئەوەی بەغدا بۆ ١٩ ملیار مەتر سێجا بەرز دەبێتەوە.

دوای تێپەڕینی سێ ساڵ لە ئیمزاكردنی یەكەم گرێبەست بەهۆی كێشەی تەناهیی و هاتنی داعش و دواتریش بەهۆی كێشەی دارایی جێبەجیكردنی رێككەوتنەكە چەندان جار دوا كەوتووە.

وشە/ECONEWS_و:سلێمان تاشان


وشە - سلێمان تاشان