راپۆرتە ڤیدیۆ.. هاووڵاتییانی ناوچەیەكی ئامێدی وەك ئاوارە دەژین

:: PM:07:28:03/02/2018 ‌

ماوەی چەند ساڵێكە هاووڵاتییانی ناوچەی (شیڤچنارك)ـی سەر بە شارۆكەی ئامێدی كە هاووڵاتی راستەقینەی سنووری شارۆكەی ئامێدین، بەڵام وەك ئاوارەكان ژیانێكی ناخۆش دەگوزەرێنن، ئەوان داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن كە هاوكاریان بكات.

حوسێن نەعمان، هاووڵاتییەكی كەمپی شیڤچناركی سەر بە شارەدیێ شێلادزێیە بۆ "وشە" دەڵێت، بەهۆی رژێمی بەعسەوە ئەوان ئاوارەی ئێران بوون و دواتر لەسەر داوای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2012 گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان و سەر زێدی خویان لە سنووری شارۆكەی ئامێدی، بەڵام لەو رۆژەوە تا ئێستە ئەوان بەبێ خانوو و ماڵوحاڵ لە رەوش و ژیان و گوزەرانێكی ناخوشدا دەژین.

ئەو هاووڵاتییە گوتی، ئێمە 78 خێزان لە كەمپی (شیڤ چنارك) دەژین و هیچ ئیشوكارێك نییە بیكەین و مووچەیشمان نییە و هیچ شتێكمان نییە و داوا لە حكوومەت و لایەنی پێوەندیدار دەكەین كە هاوكاریمان بكەن لە پێدانی پارچە زەوی و دروستكردنی خانوو بۆ ئەوەی ئێمەیش بتوانین لە سەر زێد و موڵكی خۆمان بە ئازادانە و دڵخۆش بژین.

ئیسماعیل موستەفا، قایمقامی شارۆكەی ئامێدی لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، نزیكەی 78 خێزانی سنووری شارۆكەی ئامێدی كە پێشتر بەهۆی رژێمی بەعسەوە ئاوارەی ئێران بوون و چەند ساڵێكە گەڕاونەتەوە كوردستان و ناوچەی ئامێدی، ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەمپێكی بەناوی كەمپی شیڤچنارك لە سنووری شارەدیێ شێلادزێ بۆیان دروست كردووە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانیش بو دابین كردوون.

قایمقامی ئامێدی دەڵێت، داواكاری سەرەكیی ئەو خەڵكە پێدانی پارچە زەوی یان هاوكارییە ماددییەكانە بۆ ئەوەی ئەوانیش خانوو بۆخۆیان دروست بكەن و بژین ئێمەیش بە نووسراوێكی فەرمی پارێزگای دهۆك و ئەنجوومەنی وەزیرانمان ئاگەدار كردووەتەوە، بەڵام تا ئێستە هیچ وەڵامێك نییە.

بێجگە لە خەڵكی راستەقینەی ناوچەكە كە لە ناو كەمپی شیڤچناركی دەژین، هاوكات 20 خێزانی ئاوارەی توركیایش بە هەمان شێوە لەو كەمپەدا دەژین.

دهۆك/  كامیرا و مۆنتاژ/ نەوزاد هلۆری







وشە - رامیار جەواد