نێچیرڤان بارزانی كاتی چاره‌سه‌ربوونی ته‌نگژه‌ی ئابووری ئاشكرا ده‌كات

:: PM:10:24:20/11/2016 ‌

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ ساڵی دابێ، حكوومه‌ت به‌شێكی كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر ده‌كات و ته‌نگژه‌ ئابوورییه‌كه‌ش باشتر ده‌بێ و كێشه‌ی مووچه‌ش كه‌م ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م، نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتیی كوردستان، له‌گه‌ڵ فڕاكسیۆنی حزبه‌كه‌ی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و وه‌زیره‌كانی له‌ حكوومه‌ت كۆبووه‌وه‌ و ورده‌كاری ته‌نگژه‌كانی سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ باس كردوون، له‌میانی قسه‌كانیشیدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ ساڵی داهاتوو كێشه‌كان كه‌متر ده‌بنه‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌، "زۆزان سادق" ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان و بەشداربووی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حزبه‌كه‌ی گوتووه‌: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا جێگری سەرۆكی پارتی لەگەڵ پەرلەمانتار و ستافی پارتی لە حكوومەت، بە وردی رۆشنایی خستە سەر رەوشی ئێسته‌ی هەرێمی كوردستان و بار و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كە بەهۆی قەیرانی دارایییەوە كوردستان كەوتووه‌تە به‌ر بارێكی گرانه‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌: له‌ كۆبوونه‌وه‌كدا بە وردی و داتا و ژمارە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی خستەڕوو، لەگەڵ داهاتی خاڵە سنوورییەكان و باج و رسوماتی هەرێم، هەروەها خەرجیی حكوومەت و بڕی پێدانی مووچە، لەلایەن هەریەكە لە "ئاشتی هەورامی" وەزیری سامانە سرووشتییەكان و "عەلی سندی" وەزیری پلاندانان و "رابەر سدیق" بریكاری وەزارەتی دارایی خرانە ڕوو.

لەبارەی داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانییەوە پەرلەمانتارەكەی پارتی گوتوویه‌تی: جێگری سەرۆكی پارتی و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەوەی ئاشكرا كرد، كە بەشێك لە داهاتی خالە سنوورییەكان و باج و گومرگ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دێتەوە گەنجینەی حكوومەت، بەڵام بەشێكی داهاتی سنووری سلێمانی نایەتە نێو داهاتی حكوومەت و ئاماژەی بەوەش نەكرد ئەو داهاتەی سلێمانی بۆكوێ دەچێت.

ئه‌و به‌شداربووه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاماژەیشی دا، لە كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی ئەوەی پێڕاگەیاندین، لە ساڵی 2017دا رەوشی داراییی هەرێمی كوردستان باشتر دەبێت، لەبەر ئەوەی كۆنتڕۆڵی رەوشەكە كراوە و چاكسازی كراوە لە كەرتە جیاوازەكاندا، بەڵام رەنگە خەڵك بەچاو ئەو چاكسازییە نەبینن، لێ ئەگەر بە وردی لێی بڕوانن ئەوە بەرچاو دەكەوێت كه‌ چاكسازی كراوە و كاریگەریی هەبووە لەسەر داهاتی هەرێمی كوردستان، بۆیە ساڵی دابێ رەوشی پێدانی مووچەیش باشتر دەبێت لە هەرێمی كوردستان.


وشە - كوردۆ شابان