دوا زانیاری لەسەر دابەشكردنی مووچەی مامۆستایان بڵاو دەكرێتەوە

:: PM:07:13:05/02/2018 ‌
هەرچەندە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان خشتەی مووچەی مانگی 10ی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاندووە، بەڵام لەناو خشتەكەدا وەزارەتی پەروەردە دیاری نەكراوە،  یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیش ئاشكرای كرد كە وەزارەتی دارایی پارەی پێویستی لە بەردەست نەبووە بۆ پێدانی مووچەی وەزارەتی پەروەردە و هەفتەی داهاتوو مووچە دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم پێنجی شوبات، ئەحمەد گەرمیانی، سكرتێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، یەكەم لیستی موووچەی وەزارەتەكان كە ڕاگەیەندرا وەزارەتی پەروەردەی تێدا نەبوو، چونكە وەزارەتی دارایی پێی وا بووە پارەكەی بەغدا بۆ مامۆستایان ڕەوانە دەكرێت، بۆیە مووچەی پەروەردەی دواكەوت.

زیاتر گوتی، لیستی دووەمی مووچە كە ڕاگەیەندرا لەگەڵ وەزارەتی دارایی قسەمان كرد و پێیان ڕاگەیاندین كە كەمتر لە 80 ملیار دیناریان لە بەردەست بووە و ئەو بڕە پارەیەش بۆ مووچەی وەزارەتی تەندروستی خەرج كراوە، چونكە وەزارەتی پەروەردەی پارەی زۆرتری دەوێت.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی مامۆستایان ئاشكرای كرد كە وەزارەتی دارایی بەڵێنی پێداون مووچەی وەزارەتی پەروەردە بە زووترین كات دابەش بكەن و بڕیارە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پەروەردە بكرێت.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر بەغدا بەڵێنی دابوو دوای وردبینی كردن لە لیستی مووچەی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی تەندروستی مووچەكانیان بۆ ڕەوانە بكات، بەڵام تا ئێستە ئەو بەڵێنە تەنیا وەك قسە ماوەتەوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی وەزارەتەكانی دابین دەكات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم