منداڵێكی تەمەن 11 ساڵی سعوودی دوای ئەوەی گورچیلەكانی تووشی نەخۆشی و كێشەی گەورە دەبێ و دەوەستێ، بەردەوام لە ژێر چاودێری پزیشكدا دەبێ، دایكی ئەو منداڵە لە كۆتادا بە خۆشحاڵییەوە دەچێتە بەر چەقۆی نەشتەر و گورچیلەیەكی خۆی بە منداڵەكەی دەدات.
رۆژنامەی "سەبەق"ی سعوودی بڵاوی كردەوە، كە منداڵێكی تەمەن 11 ساڵ هەردوو گورچیلەی تووشی وەستان بوو و ژیانی كەوتە مەترسییەوە، دایكی ئەو منداڵە فشاری زۆری لەسەر پزیشكەكان دروست كرد و گوتی، هەرگیز نایەوێ كوڕەكەی بە مردوویی ببینێت، بۆیە بڕوای بە پزیشكەكان هێنا نەشتەرگەری بۆ بكەن و گورچیلەیەكی دەربهێنن و بۆ منداڵەكەی دابنێن.
ئەو خانەوادەیە لە شاری ریاز دادەنیشن و نەشتەرگەرییەكەیان لەلایەن تیمێكی پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشخانەی مەلیكی فەیسەڵ بە سەركەوتووی بۆ ئەنجام درا و پزیشكان ئاشكرایان كرد، كە دایك و منداڵەكە ئێستە هیچ مەترسییەك لەسەر ژیانیان نییە و بە تەواوی سەلامەت و بێ كێشەن.
باوكی منداڵەكە سالم ساعد ئەلفازلی دەڵێ، هاوسەرەكەم زۆر بە ویژدان و بە سۆزە، بەراستی هەمووانی تووشی شۆك كرد كاتێك بڕیاری دا بچێتە ژێر چەقۆی نەشتەر و گورچیلەیەكی خۆی بە كوڕەكەمان ببەخشێت.
هەروەها گوتی، كوڕەكەمان لە هەشت مانگییەوە تووشی نەخۆشی بووە و بەردەوام سەردانی پزیشك و نەخۆشخانەمان دەكرد، بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێنێتەوە، ئێستە تەندروستی زۆر باشە و هاوسەرەكەشم هیچ كێشەی نییە.
سەرچاوە/ پێگەی مسراوی.