ئامێری ئاگاداركردنەوەی شوفێر لە كامێرای چاودێری قەدەغە كرا

:: AM:11:22:21/11/2016 ‌

زیاد لە سێ مانگە تەلەڤزیۆنەكانی كوردستان رێكلام بۆ ئامێری ئاگاداركردنەوەی شۆفێر لە بوونی كامێرای سەر شەقامەكان دەكەن و ئێستەیش وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە راگەیەندراوی فەرمی بەكارهێنانی ئەو ئامێرە قەدەغە دەكات.

ڕائید فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاگادار كراینەوە كە ئامێرێك هاوردەی كوردستان كراوە شوفێر لە هەبوونی كامێرای چاودێری ئاگادار دەكاتەوە كە ئەمەیش گرفتی زۆری بۆ ڕاداری كامێراكانی چاودێری دروست كردووە، وەزارەتی ناوخۆ بە نووسراوی فەرمی بەكارهێنانی ئەو ئامێرەی قەدەغە كرد و دەبێ لە سەرجەم شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان كار بەو بڕیارە بكرێت.

زیاتر ڕوونی دەكاتەوە، لە دوای دەرچوونی ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ، تیمەكانی هاتوچۆ لەكاتی دەرچوونی رۆژانەیاندا دەستیان بەسەر چەندان ئامێری لەو شێوەیەدا گرتووە و بەهۆیەوە سزای مادی بۆ چەند شۆفێرێكیش نووسراوە.

فەتحی محەمەد، ڕاوێژكاری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكان لەناو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ئەو ئامێرە بچووكە و ناتوانین ڕێگە‌ لە هێنانی بگرین،‌ بەڵام لیژنەی تایبەتمان هەیە لە خاڵە سنوورییەكان  بۆ ئەوەی نەهێڵن ئەو كەلوپەلانە بێنە ناو هەرێمەوە كە لەلایەن حكوومەتەوە قەدەغە كراون.

ئەو لێدوانەی راوێژكاری راگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ لەكاتێكدایە زیاد لە سێ مانگە لە چەند كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی هەرێمی كوردستاندا ری٦كلام بۆ فرۆشتنی ئەو ئامێرە دەكرێت.

وشە/هێمن ڕەفیق


وشە - هیدایه‌ت جان