دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بە ڕاشكاوی گوتنی بۆچوونەكانی لەبارەی وڵاتان و سەركردەكانی دنیا، زۆرجار ئەمەریكای تووشی گرفت كردووە، لەم دواییەیش پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ كۆمەڵێك بەرپرسی حكوومەتی عێراق، ترەمپ گوتوویەتی، ئەمە یەكەم جارم بوو لەگەڵ كۆمەڵێك دز كۆ ببمەوە.
پێگەی "
بزنس ئنسایدەر" بڵاوی كردووەتەوە، بە بڕوای ترەمپ تا ئێستەیش بەرپرسانی حكوومەتی عێراق لە كۆمەڵێك دز هیچی تر نین و نەیانتوانیوە لە دوای 2003ەوە هیچ دەسكەوتێكی جێی بایەخ لە وڵاتەكە بهێننە دی، ئەو قسانەی ترەمپ لە كاتێكدایە لە ماوەی ساڵی یەكەمی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بە ڕوونی هاوپەیمانی ناتۆ و ئەڵمانیای هۆشدار كردەوە و لە ڕێككەوتنی ژینگەیش هاتە دەرەوە، ترەمپ لەبارەی ناتۆوە بە ڕوونی ڕای گەیاند، پێویستە پێداویستییە دارایییەكانی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی، زۆرترین واشنتن دابینی نەكات، بەڵكو پێویستە وڵاتانی ئەوروپا و ئەڵمانیا بە تایبەتی، بەشداری كارایان لە دابین كردنی پێویستییە دارایییەكانی ناتۆ هەبێ، جیا لەوانە ترەمپ بڕیاری كشانەوەی لە ڕێككەوتنی نێودەوڵەتی بۆ بازرگانی لە زەریای ئەتڵەسی دەركرد و داوای پێداچوونەوەی كرد، بۆیە ئەو بە بڕیار و بۆچوونە ڕاشكاوەكانی هەمووانی شۆك كردووە و زۆرجار گرفت و زۆرجاریش سوود بۆ وڵاتەكەی دەستەبەر دەكات.
زانیارییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، ترەمپ دوای دیداری لەگەڵ كۆمەڵێك بەرپرسی حكوومەتی عێراق كە لە كۆشی سپی سەردانیان كردووە، گاڵتەی پێ كردوون و گوتوویەتی، یەكەمجارە بە ئاشكرا لەگەڵ كۆمەڵێك دز كۆ دەبمەوە، بەرپرسێكی پێشووی ئەمەریكا بە ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ڕاگەیاندووە، سەرۆكی ئەمەریكا ناڕەزایی دەربڕیوە و گوتوویەتی، ئەمانە كۆمەڵێك كەسن جیا لە دزی گەورە هیچ دەسكەوتی تریان لە عێراق نەبووە و لە ماوەی تەمەنم تا ئێستە لەگەڵ هیچ دزێكی لەو شێوەیە دانەنیشتووم.
لەمیانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ چەندان جار دووپاتی لەوە كردەوە، كە حكوومەتی پێشووی ئەمەریكا تاوانی گەورەیان لە عێراق ئەنجام داوە، بەهۆی بڕوابوونیان بە هەوڵەكانی عێراق بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوە لە پاش جەنگی 2003، بۆ ئەو مەبەستەیش ئەمەریكا بە ملیۆنان دۆلاری پێشكەشی عێراق كرد، بەڵام لەناو جەماوەر لە هاوینی 2016 گوتی، دەمەوێ بزانم ئەو پارە زۆرانەی ئەمەریكا بۆ عێراق هاتنە ناردن چییان بەسەر هات.
بەگوێرەی زانیاری و ئامارە فەرمییەكان، لە دوای 2003ەوە ئەمەریكا بڕی 12 تا 14 ملیار دۆلاری بەشێوەیەكی كاش ڕەوانەی عێراق كردووە و بەیەك كاروان بڕی پێنج ملیۆن دۆلار لە ڕێی حەواڵەی ئەلیكترۆنییەوە خراوەتە سەر حیسابی عێراق، تەواوی ئەو پارەیە لە بانكەكانەوە لەلایەن بەرپرسانی عێراق ڕاكێشراوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك نازانرێ چۆن ئەو پارە زۆر خەرج كراوە و بۆچی خەرج كراوە و چیی بەسەر هاتووە، هەموو بەڵگەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، تەواوی ئەو پارەیەی ئەمەریكا بۆ عێراق نارد، لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە دزراوە و چووەتە گیرفانی گەندەڵكارانەوە.
ڕۆژنامەی لۆس ئەنجلس لە ساڵی 2009 بڵاوی كردەوە، كەمینەیەكی بچووك لە سەربازانی ئەمەریكا كە لە عێراق و ئەفغانستان بڵاو كراونەتەوە، بەشداربوون لە وەرگرتنی بەرتیل و دزینی كۆمەكەكان كە بۆ ئەو وڵاتانەوە هاتووەتە ناردن، بە ئامانجی دووبارە ئاوەدانكردنەوە، وەزارەتی دادی ئەمەریكا توانیویەتی 13 لەو دۆسیەیانەی تایبەت بە بەرتیل وەرگرتن و بەخشینەكانی ئەمەریكا بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو وڵاتانە یەكلا بكاتەوە.
بەرپرسێكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی عێراق "حاكمی مەدەنی ئەمەریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان" لە 2006 كە ماوەی نۆ مانگ خراوەتە گرتووخانە بە تۆمەتی سپیكردنەوەی پارە، ئەو بەرپرسە دەڵێ، كەسانی تر هەبوون، پارەی زۆر خەیاڵیان دەدزی، بە جۆرێك كە ترەمپ خاوەنی ئەوەندە پارەیە نەبووە و تا ئێستەیش نییەتی.
دەستەی دەستپاكی گشتیی ئەمەریكا لە ساڵی 2015 بڵاوی كردەوە، لە ساڵی 2005 توانراوە 115 كارمەند و سەربازی سوپای ئەمەریكا لە ئەفغانستان و عێراق بگیرێن، دوای ئەوەی تۆمەتی دزی و بەرتیل و تاوانی دارایی و گرێبەستی ساختەیان لەسەر یەكلا بووەتەوە، كە بڕەكەی دەگەیشتە 52 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی.
هاوكات دۆناڵد ترەمپ لەبارەی عێراقەوە گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو كرایەوە و دەڵێ، دوای بوونم بە سەرۆك دەچمە عێراق و سێ تریلیۆن دۆلاریان لێ دەستێنین، ئەو هەموو رووحەی ئەمەریكییەكانمان لەپێناوی چی بە كوشت دا؟ بۆچی ئێمە هیچمان دەست نەكەوت، ئەو قسانەی دۆناڵد ترەمپ ڕەخنە و ناڕەزایی زۆریان لێ كەوتەوە.
ئەو قسانەی دۆناڵد ترەمپ لە كاتێكدایە لە دوای بوونی بە سەرۆكی ئەمەریكا، شاندێكی عێراق بە سەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە مانگی ئادار/مارسی 2017 سەردانی كۆشكی سپییان كرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا كۆبوونەوە و باسیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و تیرۆر و باشتركردنی پێوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە.