پێویستە بەغدا لە نێوان واشنتن و تاران یەكێكیان هەڵبژێرێت

:: PM:07:47:10/02/2018 ‌

هەڵبژاردنەكانی عێراق نزیك دەبنەوە و ركابەریی نێوان لیست و هاوپەیمانەكان توندتر دەبێت، بە تایبەتی لەناو ماڵی شیعەدا كە ركابەریی ئەوان لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقە بە پلە یەك و پۆستی باڵا و وەزارەتە سیادییەكانی تر، جیا لەوەیش چاوەڕوان دەكرێت ململانێی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە رێگەی لایەنگرانیان توندتر بێت و باڵ بەسەر تەواوی پڕۆسەكەدا بكێشێت كە لە 12ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت.

ئێران هەوڵ دەدات كە یەكێك لە كەسانی نزیك لەخۆی پۆستەكە وەربگرێتەوە كە پێشبینی دەكرێت نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو و ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوە یان هادی عامری ئەمینداری گشتیی بزاوی بەدر و سەركردەی دەسترۆیشتوو لەناو حەشدی شەعبی، كە هەردووكیان سەرۆكی لیستی هەڵبژاردنی (دەوڵەتی یاسا) و (فەتح) دەكەن كە ئەوەی دووەمیان بەرجەستەی نوێنەرایەتی زۆرینەی گرووپە چەكدارە كاریگەرەكانی ناو حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران دەكات. 

ئەوەیش لەو كاتەی ئەمەریكا هەوڵی مانەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پۆستەكەی دەدات كە سەرۆكایەتی لیستی هەڵبژاردنی (نەسڕ) دەكات و خاڵە بە هێزەكانی بریتین لە سەركەوتن بەسەر داعش و نەهێشتنی گەندەڵی و بوونی پێوەندی باش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە جگە لە ئێران و بەرجەستەكردنی باڵی میانڕەو و تەكنۆكراتی ناو ماڵی شیعە لە بەرانبەر عەرەبی سوننە و تارا دەیەكیش كورد.

بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی پێشووی عێراق لە 2005 و 2010 و 2014 كە رەنگە تا رادەیەك كۆكی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران تیایاندا لەبارەی كاندیدانی پۆستە باڵاكان هەبووبێت كە دوو گەورە هێزی باڵادەستن لە عێراق، بەڵام بۆ ئەو هەڵبژاردنە وەك دەگوترێت ئاماژەكانی بەو ئاراستەن كە ئەو دوو وڵاتە لە كێبەركێ و ململانێی بەهێزدان بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق. 

ناوەندی سیاسی عێراق كۆكن لەسەر ئەوەی كە واشنتن و تاران لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بەریەك دەكەون لەبەر دوو هۆكار ئەوانیش، یەكەمیان بوونی ئدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا كە ستراتیجیەتی خۆی راگەیاند بە رووبەڕووبوونەوەی فرەوانخوازی ئێران لە ناوچەكە و دووەم هۆكاریش خواستی ئێرانە بۆ كاندیدكردنی كەسایەتییەك لەناو هاوپەیمانی (فەتح) كە هادی عامرییە، لە پاڵ مانەوەی نووری مالیكیش وەك كاندیدێكی تری بەهێز بۆ پۆستەكە لەلایەن ئێرانەوە، كە هەردوو ناوەكە عامری و مالیكی، لەلایەن ئەمەریكاوە مایەی بەرهەڵستكارین بەهۆی لایەنگیریان بۆ ویلایەتی فەقێكانی ئێران.

لەو بارەوە سەركردەیەكی رەوتی حیكمەی نیشتیمانی بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم دەڵێت، ئەوان چاوەڕوانی بەریەكەوتننێكی بەهێزی ئەمەریكا و ئێران لە هەڵبژاردنەكانی عێراق و هاوپەیمانەكانی دوای پڕۆسەكەیش و هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێیش دەكەن، چونكە ترەمپ سەردەمێكی تری فەرمانڕەوایی ئەمەریكایە كە جیاوازە لە سەردەمی ئۆباما كە پاڵپشتی لە بوونی تەوافوقی بەهێز لەگەڵ ئێرانییەكان لە بارەی هەڵبژاردنەكان لە ساڵانی پێشوودا هەبوو.

زیاتر گوتی، هەر دۆڕانێكی هاوپەیمانی (نەسر) بە سەرۆكایەتی عەبادی لەو هەڵبژاردنە ململانمێی ئەمەریكا و ئێران گەرمتر دەكات، چونكە عەبادی تاكە كەسە كە واشنتن پێی رازییە لە نێوان ناوی كاندیدانی شیعە كە هەروەها مالیكی و عامری لەخۆ دەگرێت، هەروەها رەنگە باقر زوبێدی كە لە لیستی (فەتح)ەوە نزیكە و ئەو سێ ناوەیش كۆكن لەسەر دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە دوای سەركەوتنیان لە هەڵبژاردنەكان و پێكهێنانی حكوومەتدا.

لای خۆیەوە سەركردەیەكی هاوپەیمانی وەتەنییە بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی رای گەیاند دووپاتی كردەوە بژارەیەكی سەخت لەبەردەم هاوپەیمانیەتییەكانی شیعەدا هەیە لەوانەیش نەسری عەبادی بۆ قۆناغی داهاتوودا بۆ دوای هەڵبژاردنەكان بەتایبەتی لەبارەی بەڕێوەبردنی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا و ئێران. 

روونی كردەوە كە ئیدارەی ئەمەریكا قبووڵ ناكات كە هاوپەیمانی شیعە هاوسەنگیی پێوەندییەكان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران رابگیرێت وەك پێشوو كە لە سەردەمی نووری مالیكی لە ئێران نزیكتر بووە، بۆیە ئەوجارەیان ئەمەریكا ئەوە دەسەپێنێت كە پێویستە بەغدا یەكێكیان هەڵبژێرێت، ئەمەریكا یان ئێران نەوەك هەردووكیان، لەو بارەوەیش هەندێك لە بەرپرسانی ئەمەریكا دووپاتیان كردووەتەوە كە گرنگە حكوومەتی داهاتووی عێراق بڕیار بدات كە لەگەڵ ستراتیجیەتی ترەمپە بۆ سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی ئێران یان لە دژبەتی. 

ئەو ئاماژەی كرد كە پرسی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لەسەر سنوورەكانی عێراق لەناو خاكی سووریا و لە نیزك سوپای پاسداران و حەشدی شەعبییەوە دۆسیەیەكە و ئەگەری تەقینەوەی هەیە لە هەر كاتێكدا كە ناتوانرێت لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراق و سیەسەتەكانی حكوومەتی داهاتووی عێراق جیا بكرێنەوە.

سەرچاوە: وەتەن





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل