پلانی نوێی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی فورات چییە؟

:: PM:09:37:10/02/2018 ‌

ئێستە هەڵمەتێكی فرەوانی سەربازی سوپای توركیا و هاوپەیمانەكانی بۆ سەر شاری عەفرینی كوردنشین بەڕێوە دەچێت و هۆكاری سەرەكیی جەنگەكەیش ئەوەیە كە ئەو ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی شەڕەوانانی كوردە، ئەو پرسەی بۆ توركیا و ئەردۆغانی سەرۆكەكەی وەك سەرچاوەی هەڕەشەیەكی گەورە و تەحەدایەكی ستراتیجییە، هاوكات ئەمەریكا ناتوانێت دەستبەرداری كورد بێت وەك تاكە بژارەی لەسەر زەوی لە سووریا لە ناو ململانێیەك كە بە هاتنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا رێڕەوێكی تری وەرگرت بە رووبەرووبوونەوەی فرەوانخوازی ئێران و رووسیا لە سووریا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بەدوای لیستی كانیدان دەگەڕێت بۆ دیاریكردنی نێردەیەكی سەرۆكایەتی بۆ سووریا لە چوارچێوەی زنجیرەیەك گۆڕانكاری لە ئیدارەی ئەمەریكا بە مەبەستی جێبەجێكردنی ستراتیجیەتی نوێی ئەمەریكا بنیاتنراو لەسەر بنەمای مانەوەیەكی كراوە لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات و بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی لەوێوە بۆ كەمكردنەوەی باڵادەستیی ئێران لە ناوچەكە و دەستكردن بە وتوێژ لەگەڵ مۆسكۆ بۆ گەیشتن بە چارەسەریو گواستەوەی سیاسییانەی دەسەڵات لە دیمەشقدا.

بەپێی زانیارییەكان چەند گۆڕانكارییەك لە پێگەی بەرپرسانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا روویان داوە لەوانەیش دێڤید شنگەر، لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتەواكانی رۆژهەڵاتی نزیك لە شوێنی دێڤید ساتەرفیڵد، یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، لەپاڵ تاوتوێكردنی پرسی دانانی شوێنگرەوەیەك بۆ مایكل راتنی، یاریدەری كە نێردراوی پێشووی ئەمەریكایە بۆ سووریا و گۆڕانكاری زیاتر لە نووسینگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نووسینگەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، بەڵام دیارترین گۆڕانكاری بریتی دەبێت لە دیاریكردنی كەسێك وەك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سووریا كە بەرپرسی سەرەكی دەبێت لەو دۆسیەیە هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانی ناوچەكە و رووسیا لەبارەی سووریاوە لە دوای جێگیربوونی نووسراوی گفتوگۆكردنی سەرەكی پێوەست بە كۆنترۆڵكردنی رۆژهەڵاتی سووریا. 

لە ئایاری رابردوو هەرەیەك لە رووسیا و ئەمەریكا لەسەر ئەوە رێككەوتن كە رووباری فورات ببێتە هێڵی جیاكەرەوە لە نێوان سوپاكانی ئەوان و هاوپەیمانەكانیان لەسەر زەوی و خستنەكاری هێڵی نەهێشتنی بەریەككەوتن لە نێوان فڕۆكەكانی هەردوولا لەكاتی كردە سەربازییەكانی دژ بە داعش لەو ناوچانەدا، بەو پێیەشەوە ناوچەی رۆژهەڵاتی رووباری فورات و سەربازگەی تەنەف لە گۆشەی سنوورەكانی سووریا و عێراق و ئوردن و بەنداوی تەبەقە و شاری منبەج لە رۆژئاوای رووباری فورات كەوتنە ژێر دەسەڵاتی هاوپەیمانەكانی واشنتن، لە بەرانبەر وازهێنان لە ناوچەكانی تری رۆژئاوای فورات بۆ هاوپەیمانەكانی واشنتن.

لە دوای گفتوگۆیەكی زۆر لەناو ئیدارەی ئەمەریكا، بڕیار درا بە مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لەو ناوچانەی كە كۆنتڕۆڵیان دەكەن، بۆیە بەرپرسانی رۆژئاوا وای بۆ دەچن كە واشنتن بەو رێگەیەوە سێ ئامانج بپێكێت:

یەكەم: كەمكردنەوەی دەسەڵاتی ئێران و رێگرتن لە رێگەی زەوینی نێوان ئێران و عێراق و سووریا و پاڵەپەستۆ خستنە سەر مۆسكۆ و دیمەشق بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسییانە و جێبەجێكردنی بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش، لەپاڵ نەهێشتنی سەرهەڵدانەوەی داعش، بۆیە بەپێی دیپلۆماتكاران چەند دامەزراوەیەكی ئەمەریكایی دەستیان كردووە بە وەرگێڕانی ستراتیجیەتی نوێی ئەمەریكا بۆ هەنگاوی بەرجەستەكراو كە ئەوانە دەگرێتەوە:
*بەهێزكردنی هێزەكانی سووریای دیموكراتی كوردی و عەرەبی و پێكهێنانی هێزێكی نوێ كە ئەركی نوێی بی بسپێرێت لەوانە بەرگریكردن لەو ناوچانەی كەوتوونەتە ژێر كۆنترۆڵیان و زیادكردنی ژمارەی كارمەندانی پۆلیس تیایاندا بۆ ئەوەی ببن بە هاوشێوەی پاسەوانی سنوور كە وەك قەسان لەسەر كراوە ژمارەیان لە نێوان 25-30 هەزار كارمەندە.

*فرەوانكردن و پەرەپێدانی فرۆكەخانە و بنكەیسەربازییەكان كە ژمارەیان تا ئێستە پێنج بنكەیە، بەتایبەتی بنكەی سەربازی لە كۆبانی.

*پەلەكردن لە رێوشوێنەكانی لابردنی مین و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچە ئازادكراوەكان لە داعش وەك رەقە و گوند و شارەكانی تری رۆژهەڵاتی سووریا. 

*بەرگریكردنی سەربازییانە لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی سوپای سووریای دیموكرات و هێڵەكانی بەیەكگەیشتن كە لەگەڵ رووسیاوە رێككەوتنی لەبارەوە كراوە وەك ئەوەی بەر لە دوو رۆژ رووی دا ئەو كاتەی ئەمەریكا بۆردومانی لایەنگرانی حكوومەتی سووریای كرد ئەو كاتەی ویستیان هێرش بكەنە سەر رۆژهەڵاتی فورات.

*پاڵپشتیكردنی ئەنجوومەنەكانی ناوخۆیی كە ناوچە ئازادكراوەكان بەڕێوە دەبەن و دابینكردنی بودجە و یارمەتی تەكنیكی و كارگیڕی بۆیان.

*بڵاوكردنەوەی دیپلۆماتكاران و هاووڵاتییانی ئەمەریكا لەو ناوچانە كە بەشێوەیەكی كردەنی ژمارەیەكیان لە پاڵ دیپلۆماتكارانی فڕەنسایی گەیشتوونەتە شاری رەقە.

*پتەوكردنی تواناكانی ئابووری و سوودوەرگرتن لە سەرچاوەكانی نەوت و گاز و ئاو و كشتوكاڵ، بەتایبەتی كاتێك هاوپەیمانەكانی واشنتن بە كردەنی كۆنترۆڵی زۆرینەی بیرە نەوت و كارگەكانی غاز و نەوت لە رۆژهەڵاتی سووریا دەكەن و لە ئەگەری بەدەركردنی ئەو ناوچانە لەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر نەوتی سووریا.

*كردنەوە خاڵە سنوورییەكان لەگەڵ عێراق كە بە كردەنی واشنتن توانی قەناعەت بە حكوومەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بكات بۆ كردنەوەی دەروازی سنووری یەعروبییە بۆ گەیاندنی یارمەتییەكان بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی قورات بۆ پاڵەپەستۆ خستنە سەر مۆسكۆ و دیمەشق.

*ئەنجامدانی گۆڕانكاری بنەڕەتی لە سیاسەتەكانی ئەو ناوچانە و ئێستە قسە هەیە بە دامەزراندنی پارتێكی نوێی سیاسی بەناوی (سووریای دواڕۆژ) كە هێزە عەرەبییەكان و هۆزەكانی ناوچەكە لەخۆ بگرێت و بەو پێیەیش یەكێتی دیموكراتی كوردی یەكێك بێت لە پارتە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی فورات نەوەك پارتی سەرەكی تیایدا.

*دەست پێكردنی هەڵمەتێك بۆ كۆكردنەوەی پارە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكانی رۆژهەڵاتی سووریا بە تایبەتی رەقە وەك مۆڵگەی پێشووی داعش و بكرێتە سیمبولێك بۆ سووریای داهاتوو.

*رێگەدان بە بوونی كەسایەتی دیاری بەرهەڵستكاری سووریا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی سووریا بۆ پتەوكردنی ناسنامەی سووریا لەو ناوچانە و دوورخستنەوەی سیفاتی دابەشكرای و جیابوونەوەی ئەو ناوچانە. 

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت
 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل