ده‌ڤه‌ری برادۆست و سنووری كارگێڕیی شاره‌دێی سیده‌كان /144 كیلۆمه‌تر رۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر/، هاوسنووره له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وڵاتی توركیا و ئێران، كه‌چی خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه بێكارن، بۆیه داوا ده‌كه‌ن ده‌روازه‌ی بازرگانی له سنووره‌كه‌یان بكرێته‌وه و هه‌لی نوێی كار دروست بكرێت.
به‌هۆی هاوسنووری سیده‌كان له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا و نه‌بوونی ده‌روازه‌یه‌ك بۆ گواستنه‌وه‌ی شتومه‌ك و كاڵا، رۆژانه شوفێران له رێی قاچاخه‌وه خواردنه‌وه‌ی كحوولی بۆ سه‌ر سنووری ئێران ده‌گوازنه‌وه و به‌نرخێكی به‌رز ده‌یفرۆشنه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌ریتی ئاینی و عه‌شایه‌ری، خه‌ڵكی سیده‌كان به كه‌می به‌شداری له به‌قاچاخبردنی خواردنه‌وه‌دا ده‌كه‌ن و زیاتر خه‌ڵكی سۆران و كریستیانه‌كان سوود له‌م كاسبییه وه‌رده‌گرن.
عیسا لاوه دانیشتووی شاره‌دێی سیده‌كان، بۆ "وشه" گوتی، "له ده‌ڤه‌ری سیده‌كان خه‌ڵك زیاتر گرنگیی به كشتوكاڵ ده‌ده‌ن و ئه‌م پیشه‌یه‌ش ته‌نیا له هاویندا ده‌كرێت، له مانگه‌كانی تر ناوچه‌كه شاخاوی و سارده و هیچ كاسبییه‌كی لێ ناكرێت". گونده‌كان به‌هۆی بێ پلانیی حكوومه‌ت خه‌ریكه چۆڵ ده‌بن، مه‌ڕداری و ئاژه‌ڵداری له گونده‌كان زۆر كه‌م بووه‌ته‌وه و خه‌ڵك ڕووی له شار و شارۆكه‌كان ده‌كه‌ن .
ته‌ڵعه‌ت مه‌حموود شاره‌زای ئابووری له‌وباره‌یه‌وه به"وشه"ی گوت، "هه‌بوونی ده‌روازه‌ی فه‌رمیی نێوان دوو ده‌وڵه‌ت به كۆڵه‌كه‌یه‌كی ئابووریی زۆر به‌هێز داده‌نرێت و به یه‌كێك له سه‌رچاوه گرنگه‌كانی داهات هه‌ژمار ده‌كرێت و سوودی ئابووریی زۆری بۆ هه‌ردوو وڵات هه‌یه. بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی كێله‌شین له سنووری سیده‌كان له نێوان باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، خه‌ڵكی هه‌ردوولا سوودمه‌ند ده‌بن و هه‌زاران هه‌لی كاری نوێ دروست ده‌بێت، بۆیه پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌موو هه‌وڵی خۆی بخاته گه‌ڕ بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌روازه‌یه كه دواجار به‌هۆی گومرگه‌وه سوودی بۆ حكوومه‌تیش ده‌بێت".
مه‌هدی داود سه‌رۆكی سه‌نته‌ری رۆشنبیریی سیده‌كان، به"وشه"ی راگه‌یاند، "سیده‌كان یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین شاره‌دێكانی سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان كه له رووی رووبه‌ره‌وه هه‌زار و 616 كیلۆمه‌تری چوار گۆشه‌یه. له سنووری توركیا گوندی به‌رمیزه ده‌كه‌وێته سه‌ر سنووری باكور و باشووری كوردستان".
"سیده‌كان خاوه‌ن كوێستان و شوێنی زۆری گه‌شتیارییه، له كه‌م شوێنی كوردستاندا ناوچه‌ی وا خۆش و سازگار هه‌یه، به‌ڵام له‌و بواره‌شدا حكوومه‌ت پلانی نه‌بووه و نه‌یتوانیوه خه‌ڵكی ناوچه‌كه سوودمه‌ند بكات له كه‌رتی گه‌شتیاری، رێی كوێستان و گه‌شتیاران تا ئێسته‌شی له‌گه‌ڵ بێت خۆڵ و پڕ تاسه‌یه و هه‌موو جۆره ئۆتۆمبێلێك ناتوانن هاتوچۆی تێدا بكه‌ن، به‌و حاڵه‌یشه‌وه خه‌ڵكێكی زۆر له پارێزگاكانی كوردستان له هاوینان تامه‌زرۆی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ن و روو له (مێرگه‌میر، به‌ربزین، بێرمی دینداران، بێركم، سنین، سه‌قه‌ر و میرهكین) ده‌كه‌ن و كاتێكی خۆشی تێدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن". داود وای گوت.
له‌م بارودۆخه ناهه‌مواره‌ی هه‌رێمی كوردستانی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، هاووڵاتییان به گشتی تووشی داڕمانی دارایی بوونه و له‌وانیش گه‌نجان پشكی شێریان به‌ركه‌وتووه، چینی كاسبكار له ته‌واوی كوردستان باری ئابوورییان باش نییه، شوێنێكی وه‌ك سیده‌كان كه ناوچه‌یه‌كی شاخاوی و سنوورییه، كاری كه‌می لێ ده‌ست ده‌كه‌وێت و گه‌نجان و خه‌ڵكی كاسبكار له پایز و زستانان بێكارن.
ماوه‌ی دوو ساڵه، ئه‌و بابه‌ت و پێداویستی و خواردنانه‌ی له سنووری توركیا خواستی زۆری له‌سه‌ره، له كوردستانه‌وه به هێڵی سیده‌كان به رێی قاچاخ هه‌نارده ده‌كرێن، شتومهكهكانیش پێك هاتوون له "جگه‌ره، نێرگه‌له، قوماش، باوی" و چه‌ند بابه‌تێكی تر. شایانی باسه 40 بازرگان كاریان بۆ هاورده و هه‌نارده‌كرنی شتومه‌كه‌كان له كوردستانه‌وه بۆ توركیا ده‌كرد و نزیكه‌ی هه‌زار كه‌س له هه‌نارده‌كردنی ئه‌و بابه‌تانه له سنووری سیده‌كان و سۆران به شێوه‌یه‌كی گشتی سوودمه‌ند بوون و هه‌لی كاریان بۆ ره‌خسابوو، ئێسته بازاڕه‌كه به‌هۆی هاتنی سوپای توركیا و ئۆپراسیۆن دژی په‌كه‌كه له نزیك گوندی بهمیزه، له سنووری سیده‌كان، داخراوه.
نوژدار ئه‌سعه‌د له هاوینی رابردوو رۆژانه هه‌زاران تۆن و كارتۆن شتومه‌كی له سیده‌كانه‌وه ره‌وانه‌ی توركیا ده‌كرد، ئه‌و بارزگانه به"وشه"ی راگه‌یاند، به‌م كاره نزیكه‌ی 70%ی خه‌ڵكی سیده‌كان و رێژه‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵكی سۆران و شوێنه‌كانی تر سوودیان پێ ده‌گه‌یشت و مانگانه هه‌ر شوفێرێكی گواستنه‌وه دوو هه‌زار دۆلاریان هه‌بوو، شتومهكهكانیش له سنووری زاخۆ، دهۆك، هه‌ولێر، سلێمانییه‌وه ره‌وانه‌ی سۆران ده‌كران، دوای گومرگ وه‌رگرتن، له سۆران ره‌وانه‌ی سیده‌كان ده‌كران و ئێمه‌ش بۆ توركیا ره‌وانه‌مان ده‌كردن.
له شارۆكه‌ی سۆران ته‌واوی ئه‌و بارانه‌ی بۆ ئه‌و بازرگانه دێت، گومرگ ده‌كرێت و باج و رسووماتی لێ وه‌رده‌گیرێت و وه‌سڵی چوونه ده‌ره‌وه‌یان پێ ده‌درێت، وه‌ك له كاتی هاتنیشیان له زاخۆ باج وه‌رگیراوه. به گوته‌ی بازرگانه‌كه زیاتر له هه‌زار كه‌س له‌و بازاڕه سوودمه‌ند بوون و هیچ شتێكیش به نایاسایی هه‌نارده نه‌ده‌كرا، شوفێران له سیده‌كانه‌وه باری پاكه‌ت و باوی و قوماشیان بار ده‌كرد و له رێی خواكوڕكی سه‌ربه سیده‌كان ده‌یانبرد و له‌وێشه‌وه بازرگانه‌كانی توركیا باره‌كانیان وه‌رده‌گرت و به ئه‌سپ و ده‌واره‌كانیان به شێوه‌ی كۆڵبه‌ری ده‌یگوازنه‌وه بۆ گه‌ڤه‌ڕ و شه‌مزینان، دواتر بۆ ئیسته‌نبوڵ و به شاره‌كانی تری توركیا بڵاو ده‌كرانه‌وه. به‌ڵام به‌هۆی رێگریكردنی سوپای توركیا و دروستكردنی ئاسته‌نگ و قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ، هه‌نارده‌كردنی ئه‌و كاڵا و شتومه‌كانه راگیراوه .
به گوته‌ی ئه‌و بازرگانه "ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت بیه‌وێت ئابوورییه‌كی باشی هه‌بێت، پێویسته له‌گه‌ڵ توركیا له سنووری سیده‌كان ده‌روازه‌یه‌كی فه‌رمی بكاته‌وه، چونكه زۆر نزیكه و خه‌ڵكیش سوودی زۆر ده‌بینن".
حكوومه‌تی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران له كۆتای 2016 رێككه‌وتن له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی تری نێوده‌وڵه‌تی له سنووری شاره‌دێی سیده‌كانی سه‌ربه شارۆكه‌ی سۆران له پارێزگای هه‌ولێر، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته لیژنه‌یه‌ك له هه‌ردوولا پێكهات. ئیحسان چه‌له‌بی به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی سیده‌كان، به"وشه"ی راگه‌یاند كه هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافیای سیده‌كان به شێوه‌یه‌ك بووه به پێویستیان زانیوه ده‌روازه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له سنووره‌كه له‌گه‌ڵ ئێران‌دا بكرێته‌وه.
هه‌ڵكه‌وته‌ی شاره‌دێی سیده‌كان كه‌وتووه‌ته سێگۆشه‌ی سه‌رسنووری نێوان هه‌رێمی كوردستان، ئێران و توركیا، بۆیه به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێكه ده‌ڵێ "ده‌توانین وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سوود له‌و هه‌ڵكه‌وته جیۆگرافییه وه‌ربگرین به كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ كه بێگومان ده‌بێته هۆی دروستبوونی بازاڕێكی هاوبه‌شی گرنگ".
به‌گوته‌ی ئیحسان چه‌له‌بی به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی سیده‌كان، له ساڵی 2016 كونسوڵی ئێران سه‌ردانی سیده‌كانی كرد به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی كێله‌شین، به‌ڵام هێشتا هیچ هه‌نگاوێكی كرداری نه‌نراوه بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌كه.
له باره‌ی پلانی گه‌شتیاری و ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆ هاووڵاتییان و گه‌نجانی ده‌ڤه‌ره‌كه، چه‌له‌بی ئاشكرای ده‌كات، ته‌نگژه‌ی دارایی و بوونی په‌كه‌كه له ده‌ڤه‌ره‌كه، هۆكار و رێگرین له به‌رده‌م شاره‌دێی سیده‌كان تا وه‌ك ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری ده‌ربكه‌وێت و بناسرێت و پلانی گه‌شتیاریش به‌شێكی پێوه‌ندی به رێگه‌وبانه‌وه هه‌یه. سیده‌كان ناوچه‌یه‌كی شاخاوییه، سه‌ختیی رێگه‌وبان وای كردووه شوێنه گه‌شتیارییه‌كان ناسراو نه‌بن.
به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌دێی سیده‌كان، نزیكه‌ی 100 ده‌رچووی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان و به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه بێكارن، رێژه‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكه‌كه‌ی فه‌رمانبه‌ر و پێشمه‌رگه‌ن.
كرمانج عزه‌ت قایمقامی شارۆكه‌ی سۆران به "وشه"ی راگه‌یاند، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئێران ماوه‌ی سێ ساڵ به ڕژدی كاریان كردووه بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی فه‌رمی له سنووی شنۆ – سیده‌كان. ئێران كردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ی خستبووه پلانی بودجه‌ی ساڵی 2017ی وڵاته‌كه‌ی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ئاماده‌كاری كردبوو، به‌ڵام به‌هۆی ریفڕاندۆم له 25ی ئه‌یلوولی ساڵی 2017 ئێران ده‌روازه فهرمییهكانیشی له‌گه‌ڵ هه‌رێم داخست. ئه‌و هیواشی خواست ئه‌مساڵ ده‌روازه‌ی كێله‌شین – شنۆ بكرێته‌وه.
سیده‌كان، ساڵی 1932 بووه‌ته شاره‌دێ و له روو جیۆگرافییه‌وه گه‌وره‌ترین شاره‌دێیه له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق و به ده‌ڤه‌ری برادۆست ده‌ناسرێ، ئه‌و شاره‌دێیه له 250 گوند پێكهاتووه، ده‌كه‌وێته سێگۆشه‌ی سه‌رسنووری هه‌رێمی كوردستان، ئێران و توركیا، هه‌روه‌ها شاره‌دێی سیده‌كان سه‌ر به سۆرانه و به دووریی 144 كم له ئه‌وپه‌ڕی باكوری رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای هه‌ولێر هه‌ڵكه‌وتووه و كه‌وتووه‌ته رۆژئاوای شنۆ به دووریی 40 كم، زیاتر له 15 هه‌زار كه‌س له‌و شاره‌دێیه نیشته‌جێن.
له نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران هه‌ریه‌ك له ده‌روازه‌كانی په‌روێزخان، باشماخ، سه‌یرانبه‌ن و حاجی ئۆمه‌ران و شووشمێ هه‌ن و چه‌ندان ده‌روازه‌ی نیمچهڕهسمیش كراونه‌ته‌وه.
وشه/ سیده‌كان- مورشید برادۆستی