لە 10 ساڵی داهاتوو زۆرینەی عێراقییەكان ئالوودەی هۆشبەر دەبن

:: AM:09:11:11/02/2018 ‌

سەرچاوە تەناهییەكان لە بەغدا ئاشكرایان كرد، زانیاریی وردیان بە دەست گەیشتووە كە مادەی قەدەغەكراو لە ناو ئۆتۆمبێلێك هەیە كە لە دەروازەكانی باشوورەوە دەیەوێ بچێتە ناو شاری بەغدا، بۆیە بازگەی كاتییان دانا و توانیویانە لە ناوچەی سەیدییەی بەرانبەر مزگەوتی "ئیمام عەلی" ئەو ئۆتۆمبێلە بدۆزنەوە و بیگرن و ڕێ بگرن لە چوونی بۆ بەغدا. كوڕی پارێزگای نەجەف هەڵگری ئەو مادە هۆشبەرانە بوو، لە ماوەی ڕابردوو ئەو بابەتە تەواوی میدیاكانی تەنییەوە، لەلایەكەوە بووە كەرەستەیەكی هەڵبژاردن، بەڵام لەلایەكی تر داتا و زانیاری ترسناكی لەسەر مادە هۆشبەرەكان لەدوای خۆی بڵاوكردنەوە.

بەگوێرەی ئامارێكی نووسینگەی مادە هۆشبەرەكان و تاوانەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ماوەی ساڵی 1970 تا 1990 تەنیا دوو حاڵەتی گرتنی بازرگانی مادەی هۆشبەر لە عێراق تۆمار كراون، بازرگانی و كێشانی هۆشبەرەكان تا بەر لە 2003 زۆر زۆر كەم بووە لە عێراق، بەڵام دوای 2003 تۆمارەكان زۆر بەخێرایی بەرز بوونەوە و بازرگانی و كێشانی هۆشبەرەكان بە لێشاو ڕووی لە زیادبوون كرد.

بەگوێرەی ئامارەكانی هەمان نووسینگە بۆ ساڵی 2014 لە ناو هەر 10 كەسی عێراقی كە تەمەنیان لە نێوان 18 تا 30 ساڵدایە، سێ كەسیان ئالوودەی هۆشبەرەكان بوون، بەگوێرەی لێكدانەوەكانیش لە 10 ساڵی داهاتوودا گەنجانی عێراق ڕێژەی زۆرینەیان ئالوودەی هۆشبەر دەبن و كۆمەڵگەی عێراقی بە تەواوی ڕوو لە هەڵوەشانەوە دەكات.

بەگوێرەی ئامارێكی نەخۆشخانەی ڕەشاد بۆ نەخۆشییە دەروونی و دەمارییەكان، ڕێژەی تووشبووان بە مادەی هۆشبەر و ئالوودەبووان تەنیا لە 2016 بە بڕی 70% بەرز بووەتەوە، زۆرینەی ڕەهای ئەوانەیشی تووشی ئەو مادە هۆشبەرانە دەبن گەنجانن و لە نێویاندا حاڵەتی هەرزەكاران و منداڵانیش تۆمار كراون، جۆرەها مادەی هۆشبەریش هاتوونەتە ناو عێراق و هەموو جۆرێك بۆ ئەوانە دەست دەكەوێ كە ئالوودەی هۆشبەرەكانن.

لیژنەی تەناهی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە و سەرۆكی لیژنەكە جەبار ساعدی ئامارێكی پارێزگاكەی ڕاگەیاند و ئاماژەی دا، لە یەكی كانوونی دووەم/یەنایەری 2017 تا 31ی تەمووز/یۆلیۆ تەنیا لە بەسرە 31 كەس خۆیان كوشتووە و سەرجەمیان بەهۆی ئالوودەبوونیان بووە بە مادەی هۆشبەر.

زیاتر گوتی، بەسرە دەروازەی تێپەڕینی سەرجەم جۆرەكانی مادەی هۆشبەر و ناوەندی سەرۆكی ئەوانەیشە كە ئالوودەی هۆشبەرەكانن، ئەمەیش كارێكی تەواو مەترسیدارە. لە دوای بەسرە پارێزگای میسان بە گەورەترین دەروازەی هێنانی هۆشبەر بۆ عێراق دادەنرێ، لە ئەنجامی نەتوانینی كۆنتڕۆڵكردنی سنووری نێوان پارێزگاكە لەگەڵ وڵاتی ئێران، بەردەوام بە لێشاو مادەی هۆشبەر دەڕژێنە ئەو پارێزگایە و لە ئێران و ئەفغانستان و پاكستانەوە هۆشبەرەكان دەگەیەنرێنە میسان، خەڵكیش بە تەواوی ئالوودەی بوون و گەنجان بەردەوام بەدوایدا دەگەڕێن، دیاردەكە بە تەواوی بەربڵاوە و هاوشێوەی كێشانی جگەرەیەكی ئاسایی لێ هاتووە.

راهی بەزوونی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان دەڵێ، ڕێژەی كێشانی هۆشبەرەكان لە ناو گەنجانی عێراق گەیشتووەتە 30%، ئەوانەیشی بەهۆی كێشانی هۆشبەرەكانەوە خۆكوژی دەكەن و كۆتا بە ژیانی خۆیان دێنن، تەمەنیان لە نێوان 15 تا 35 ساڵە.

بڕیارە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ ئەمساڵ پلانی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هۆشبەرەكان و چارەسەر بۆ ئالوودەبووان بەشێوەیەكی فرەوان دەست پێ بكات، سەعد معەن گوتەبێژی وەزارەتەكە دەڵێ، ڕێژەی كێشانی هۆشبەر و بازرگانیكردن بە جۆرەكانی و حەبی هۆشبەر بە تەواوی تەشەنەی كردووە، ئەمەیش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی عێراق.

بەگوێرەی یاسای هۆشبەرەكان و كاریگەرییەكانی سەر عەقڵ ژمارە 50ی ساڵی 2017، هەر كەسێك مادەی هۆشبەر بهێنی یان سەرچاوەی بڵاوكردنەوەی هۆشبەر و مادە كیمیایی و مادەكانی تر بێ كە كاریگەرییان لە عەقڵی مرۆڤ هەیە، ئەوا سزای بەندكردنی هەمیشەیی و لەسێدارەدانی بۆ دەردەكرێ.

زانیارییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، كە ناوەندەكانی مەساجكردن و قاوەخانەكان و شوێنەكانی ڕاهێنانی وەرزشی لە ناوچە جیاجیاكانی بەغدایش بوونەتە مۆڵگەی كێشانی هۆشبەرەكان، بۆ ئەو مەبەستەیش وەزارەتی ناوخۆی عێراق باس لەوە دەكات ڕێوشوێنی توندتر دەگرنەبەر و سەرجەم سەرپێچیكارانی یاسا سزا دەدەن.

پێشتر ڕاپۆرت و زانیارییە بڵاوكراوەكان لە میدیاكان ئاماژەیان بەوە داوە، كە بە بەرنامە ئێران و وڵاتانی ناوچەكە دەیانەوێ عێراقییەكان بێهۆش بكەن و تا هیچ كات گەلی عێراق بوێریی هەستانەوە و دروستكردنی هەڕەشەیان بۆ سەر ناوچەكە نەبێ و بەردەوام لە جیاتی فێربوون، بێ ئاگا و بێهۆش بن، لە خوێندن و زانین و زانست بە تەواوی دوور بكەونەوە و خەریكی مەستی و خەیاڵ و جیهانی هۆشبەرەكان بن، ئەمەیش بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر هەر نەتەوەیەك دادەنرێت.

سەرچاوە/ارفع صوتك.



وشە - باز ئه‌حمه‌د