یونسێف: چاره‌گى خه‌ڵكى عێراق به‌ كه‌متر له‌ دوو دۆلار ده‌ژین

:: PM:12:10:11/02/2018 ‌

 نوێنه‌رى یونسێف له‌ عێراق ئه‌مڕۆ رای گه‌یاندووه‌، چاره‌گى خه‌ڵك عێراق به‌ كه‌متر له‌ دوو دۆلار ده‌ژین، ده‌ڵێ "26 هه‌زار ماڵ له‌ شه‌ڕى داعش كاول بوون".

 پیته‌ر هۆكینز نوێنه‌رى رێكخراوى یونسێف له‌ عێراق له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، گرنگه‌ له‌ عێراق كار بۆ په‌ره‌پێدانى كه‌رتى تایبه‌ت بكرێت، له‌ لێدوانه‌كه‌یدا ده‌ڵێ "چاره‌گى خه‌ڵكى عێراق رۆژانه‌ به‌ كه‌متر له‌ دوو دۆلارى ئه‌مه‌ریكى ده‌ژین".

وه‌ك ئه‌و نوێنه‌ره‌ى یونسێف باسى كردووه‌، كێشه‌ى نێشته‌جێبوون یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى عێراق، چونكه‌ له‌ شه‌ڕى داعش %19ى كاولكارییه‌كان به‌ر شوێنه‌كانى نیشته‌جێبوون كه‌وتوون، له‌وانه‌ 26 هه‌زار خانوو وێران بوون كه‌ ته‌نیا 17 هه‌زاریان له‌ مووسڵن.

 ئه‌و به‌رپرسه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، له‌ كۆنگره‌ى كوێت كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هاوكاریكردنى عێراق له‌ ئاودانكردنه‌وه‌، گرنگه‌ هه‌وڵى راكێشانى كه‌رتى تایبه‌ت بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ى ببنه‌ هۆى بووژانه‌وه‌ى ئابووریى عێراق و كه‌مكردنه‌وه‌ى رێژه‌ی هه‌ژاریى.

 هه‌رچه‌نده‌ عێراق وڵاتێكه‌ له‌ ئاستى دنیا پێگه‌یه‌كى گرنگى ریزبه‌ندى وڵاتانى خاوه‌ن نه‌وت هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆى گه‌نده‌ڵیى سه‌رانى عێراق، هه‌میشه‌ بارودۆخى بژێوى عێراقییه‌كان روو له‌ داكشانه‌.

سه‌رچاوه‌ / به‌غداد توده‌ى 


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل